زەکی چەلەبی لەسەر شانی ژنان ماڵئاوایی لێکرا

بە ڕێپێوانێک تەرمی محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری تیرۆرکراوی باکووری کوردستان، بەرەو مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی برا و دواتر تەرمەکەی ڕەوانەی شاری وان لە باکووری کوردستان کرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ بە مەراسیمێک دوای وەرگرتنەوەی تەرمی محەمەد زەكی چەلەبی، پەنابەری سیاسی باکووری کوردستان، کە لە درەنگانی شەوی ١٧ی ئایار لە شاری سلێمانی لەلایەن دوو کەسەوە تیرۆرکرا، لە پزیشكی دادی سلێمانی، برایە بەردەم شوێنی تیرۆركردنەکەی لە شەقامی بەختیاری، دواتر بە ڕێپێوان و لەسەر شانی ژنان بەرەو مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی گوازرایەوە.

 

مەراسیمی ماڵئاوایی لە زەکی چەلەبی بە بەشداری هاوڵاتیانی باشووری کوردستان و پەنابەرانی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان بەڕێوەچوو، ژنان بە شان ئەو پەنابەرەی باکوری کوردستانیان بەڕێکرد تا مزگەوت، دوای تەواوکردنی مەراسیمە ئاینییەکان، زەکی چەلەبی بەرەو شاری وان لە باکوری کوردستان بەڕێکرا.

 

"تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی لە تێکۆشان نامانوەستێنێت"

سەرەتای ڕێپێوانەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، موسلیم کاپڵان، ئەندامی هەدەپە و سەرۆکی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، "گەلی کورد بە هەڵوێست و داخوازییەکانت سەربەرزە، ئامانجی زەکی چەلەبی لەناوبردنی دووژمن بوو، بەڵام بەدەستی ئەو کەسانەی کە تەنها بە ڕووکەش بانگەشەی کوردایەتی دەکەن و لە بەرەی دوژمناندان تیرۆرکرا"، جەختی لەوەش کردەوە وەک ئەندامانی هەدەپە هەتا دوا دڵۆپی خوێنیان لەسەر هەمان ڕێگا بەردەوام دەبن، بە کوشتن و پاکتاوکردن، داگیرکەران ئیرادەی گەلی کورد ناشکێنن.

 

 مەلا نادر عەلی، مامۆستای ئاینی، لەسەر تەرمی زەکی چەلەبی وتی: داوا لە بنەماڵەکەی دەکەم ئەرک و کارەکەی بەردەوام بکەن و شوێنی کارکردنی بەئاوەدانی بهێڵنەوە، هەروەها بۆ شاری سلێمانی زۆر شەرمە کاتێک کەسانێک دەڕژێنە سەر شەقام بۆ داواکردنی مافی خۆیان دەیان سەیارە و پۆستاڵ لە پێ پەلاماری گیانی هاوڵاتیان دەدات، بەڵام کاتێک لە شەقامێکی ئاوەداندا کەسێک تیرۆر دەکرێت نایدۆزنەوە و تاوانکاران بە ئازادی دەسوڕێنەوە و فڕۆکەی دوژمنان بەسەر خاکی کوردستاندا دەسوڕێتەوە و هیچ کەس و لایەنێک ئاوڕ ناداتەوە.

 

ژنان بەشدارێکی سەرەکی ڕێپێوانەکە بوون

لەسەر داگیرکاری و هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان و تیرۆرکردنی محەمەد زەکی چەلەبی، تابان عومەر، خوشکی شەهید بڵێسە، باسی لەوەکرد، دۆخی باشووری کوردستان بە هۆی لایەنە سیاسییەکان و ناکۆکییەکانیان ناجێگیرە، بە جۆرێک بارودۆخی خەڵکی باشووری کوردستانی تێکداوە، چونکە خۆفرۆشان دەستیان خستووەتە ناو خاکەکەمانەوە و ڕۆژانە چەندەها گەنج تیرۆر دەکرێن.

 

تابان عومەر وتیشی: پێویستە گەلی باشووری کوردستان دەنگی هەبێت و چیتر لەسەر مافی کورد بێدەنگ نەبن، پێویستە ئەو تیرۆرکردنانە و خۆفرۆشتنانە قبوڵ نەکرێت، هەروەها دەبێت ژنان بێ هەڵویێست نەبن، چونکە ئەوەی شەهید دەبێت خوشک و برای هەموومانن.