بە دروشمی "لەچکە سپیەکانمان بەرامبەر شەڕ دەکەین بە چەک" دایکانی لەچک سپی هاتنە دەنگ

لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دایکانی لەچک سپی بە پێویستی دەزانن دەنگیان هەبێت و ئیدانەی هێرشەکان بکەن، بۆ ئەوەی چیتر ڕۆڵەی کورد لەناونەچێت.

بە دروشمی "لەچکە سپیەکانمان بەرامبەر شەڕ دەکەین بە چەک" دایکانی لەچک سپی هاتنە دەنگ

سلێمانی

 

دایکانی لەچک سپی لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان بە دروشمی "لەچکە سپیەکانمان بەرامبەر شەڕ دەکەین بە چەک" ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کرد و یاداشتێکیان پێشکەشکرد.

 

دەوڵەتی تورکیا لە ١٧ی نیساندا هێرشی داگیرکاری بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکرد، ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی باشور و کوردانی لە چوار پارچەی کوردستان لێکەوتەوە، دایکانی لەچک سپیش کە پێکدێن لە دایکانی بەتەمەن و دایکی شەهیدان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ناڕەزایەتییان دەربڕێ و داوا دەکەن چیتر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نەبن و خاکی کوردستان نەدەنە دەستی دوژمنان.

 

فەوزییە عەبدولکەریم، وەک نوێنەر بەیاننامەی دایکانی لەچک سپی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، "ئەگەرچی ڕۆژ بە ڕۆژ نیازی داگیرکاری و ئەقڵیەتی فاشیستی دەوڵەتی تورک بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و ئازادبوونی کوردستان مسۆگەر دەبێت، بەڵام ئەم دەوڵەتە، وەک دواڕۆژەکانی خۆی کوردستان تاڵان و وێران دەکات، بە سیاسەتی داگیرکاری، پاکتاوکردن، بڕینی دارەکان، چەکی کیمیای و بۆمب، لە ئەنجامدانی هەموو جۆرە کردەوە و تاوانێکی بەدەر لە مرۆڤایەتی، هەموو ڕۆژێک خوێنی ڕۆڵەکانمان دەڕێژێت، کە ئەو ئازارە، هێزمان پێدەبەخشێت و وامان لێدەکات لە مەیداندا بین".

 

"وەک دایکان دەنگی ئاشتیخوازانەمان بەرز دەکەینەوە"

هەروەها ئاماژە بەوەدەدەن کە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کوردە بەرگریکار و داکۆکیکاری پرسی خاک و وڵاتەکەی بێت، "هەڵوێستی دایکان هەڵوێستێکی مانادار و بەشکۆ و گرنگە، ئێمە وەک دایکان هەموو جۆرە پیلانگێڕیەک ئیدانە دەکەین، وەک دایکانی باشوری کوردستان هەوڵی کۆتایهێنانی داگیرکاری دەدەین و دەنگی ئاشتیخوازانەمان بەرز دەکەینەوە و دەڵێین 'ئێمە چیتر نامانەوێت ڕۆڵەکانمان لەدەست بدەین'".

 

بە چەند خاڵێک داواکاری خۆیان ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کرد:

١- داوا لە هێزە نێودەوڵەتی و جیهان و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە بانگەشەی ئازادی دەکەن هەڵوێستی بە پەلەیان هەبێت.

٢- داوا لە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین، ئەم بێدەنگییە بشکێنن و نەهێڵن ڕۆڵەکانمان شەهید ببن.

٣- ڕێگە بە هیچ هێزێکی ناوخۆیی نادەین ببێتە جەلادی ڕۆڵەکانمان، بەڵکو دەبێت بێتە بەرەی گەل و لەسەر دادپەروەری بێنە دەنگ.

٤- دەبێت گەلی کورد لە هەموو بارودۆخێکدا ڕۆڵی زامنکردنی خاک و گەلی خۆی هەبێت.

٥-وەک دایکانی لەچک سپی داوا لە هەموو دایکانی لەچک سپی کوردستان دەکەین لەچکەکانیان پێکەوە گرێبدەن و بیکەنە قەڵغانی ئاشتی و ئازادی.