١٠ ڕۆژە ٢ ڕۆژنامەنووسی ئەوروپی لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکراون
ماوەی ١٠ ڕۆژە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی مارلین فۆرستەر و ماتیج کاڤیچ، لەلایەن سوپای عێراقەوە لە شەنگال دەستگیرکرا و دەوترێت کە مارلین فۆرستەر ماوەی ٣ ڕۆژە مانگی لە خواردن گرتووە.
ناوەندی هەواڵ
٢٠ی نیسان هاوکات لەگەڵ هێرشکردنە سەر شەنگال لەلایەن سوپای عیراقەوە، دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی مارلین فۆرستەری ئەڵمانی و ماتیچ کاڤیچی سلۆڤیی لەلایەن سوپای عێراقەوە لە خاڵێکی پشکنین دەستگیرکراون و دەوترێت کە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی هەواڵگری لە بەغدا، ئەمەش لەکاتێکدا بووە ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بۆ چاودێریکردنی دۆخی شەنگال لە هەرێمەکە بوون و لە ئاهەنگی سەری ساڵ، چوارشەممە سور گەڕاونەتەوە.
ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ماوەی ١٠ ڕۆژە زیندانیکراون، بەپێی زانیارییەکان مارلین فۆرستەر ماوەی ٣ ڕۆژە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، هەروەها لیدیا فۆرستەر، دایکی مارلین، لە لێدوانێکیدا بۆ چرا تیڤی ئاماژەی بەوەداوە کە لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق و لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە وەڵامی دراوەتەوە کە مارلینی کچی لە زیندانی هەواڵگرییە لە بەغدا.
لیدیا فۆرستەر ڕاشیگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە مارلین ماوەی ٣ ڕۆژە بەهۆی فشارەکانی حکومەتی عێراقەوە مانی لە خواردن گرتووە، هەردوو ڕۆژنامەنووسەکەش لە زیندانی تاکەکەسیدان.