بەرەی هاوپەیمانی ۱۸۸ کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەتدەکاتەوە

بە بەشداری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرەی هاوپەیمانی ۱۸۸ی ڕێکخستنی کوردستان، دژی دانانی خوێندنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقی لە کارنامەی پەرلەماندا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

دوێنێ لە هۆتێل ڕۆتانا لە شاری سلێمانی، بە بەشداری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و نوێنەرایەتی حزبە سیاسیەکان، بەرەی هاوپەیمانی ۱۸۸ی ڕێکخستنی کوردستان، دانانی کاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق یاسای ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹، لە کارنامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و کارنامەکەیان ڕەتکردەوە.

 

بڕیاربوو لە ۳ی ئەیلوولدا، پەڕلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسای خۆی ئەنجام بدات و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی بکرێت، بەڵام بە هۆکاری تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایەوە خوێندنەوەی دووەم سەرکەوتوو نەبوو، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ڕایانگەیاند، ئەم هەموارە دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

بەیاننامەی بەشداربووان لەلایەن ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی عێراق، خوێندرایەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی تەنها لەلایەن مەزهەبەکانی عێراقەوە پابەندیان دەردەبڕن، دەشڵێت: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم خولەی ئێستای خۆیدا لە ئاستی ئەو ئاڵەنگاریانەی بەردەم وڵاتەکەمان نەبوو، زۆرێک لە ئەرکەکانی پێی سپێردرابوو نەیتوانی هەزمی بکات و نەیتوانی سەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت، ئەندامەکان بەگوێرەی پێویست بەدواداچوون بۆ بابەتە گەندەڵیەکان ناکەن، بەڵام بۆ سەرقاڵکردنی هاوڵاتیان و کۆمەڵگە یاسایەک هەموار دەکاتەوە کەمینە دەنگی پێدەدەن، ئەمەش بۆ نانەوەی پشێوی و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە خێزانەکاندایە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەموارە دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زۆرێک لە مادەکانی دەستوور پێشێل دەکات و ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری هەڵدەوەشێنێتەوە و دامەزراوەی جێبەجێکردن دەتوانێت دەستوەردان بکات لە کارەکانیدا، هەروەها پێشێلی ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتیانەی مافی مرۆڤ دەکات کە واژۆی کردووە.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: هەموو لایەنەکان و ئەندامەکانی پەرلەمان ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویانەیان لە ئەستۆدایە، دەبێت هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی بدەن، جەخت بکەینەوە لەسەر کشانەوەی یاساکە، ئەگەر تاکلایەنانە هەمواری یاساکان بکرێت، ئێمە لەڕێگەی ئاشتیانە و دەستوور و یاساوە تەواوی ڕێکاریەکان دەگرینە بەر.