دەفەگە: لە نووسینی حەقیقەت بەردەوامین
دەفەگە لە بەرانبەر سزادانی شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن بەسەر حەوت ڕۆژنامەنووسدا ناڕەزایەتی نیشان دا و وتی: سەرەڕای ئەو سزایانە، ڕۆژنامەنووسان ڕاستییەکان دەنووسن.
					ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات "دەفەگە" لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی لە "X" سەبارەت بە بڕیاری دادگای دادی هەرێمی ئەنقەرە لەو دۆسیەیەی کە تێیدا ١١ ڕۆژنامەنووس دادگایی کراون و سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی دیرەن یورتسەڤەر، سەلمان گوزەلیوز، هاکان یاڵچن، ئەمروڵا ئاجار و زەمۆ ئاگۆز، پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئۆزنور دەگەر، بەڕێوبەری هەواڵی ژننیوزو ڕۆژنامەنووس دەنیز نازلیم پەسەندکرا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەفەگە لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا پەسەندکردنی ئەو بڕیارە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییە لە دژی ئازادی ڕاگەیاندن و گوتی: "چوارەمین دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە، بە تۆمەتی 'ئەندامێتی لە ڕێکخستن' شەش ساڵ و سێ مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەر پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا "MA" دیرەن یورتسەڤەر، سەلمان گوزەلیوز، عەمروڵا ئاجار، زەمۆ ئاگۆز، بەڕێوەبەری ژن نیوز ئۆزنور دەگەر و ڕۆژنامەنووسان دەنیز نازلیم و هاکان یالچین سەپاند. ئەم سزایە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە جێبەجێکراوە. هەروەها سزای ڕۆژنامەنووس بێریڤان ئاڵتان کە لە هەمان دۆسیەدا سزای بەسەردا سەپێندرا، هەڵوەشێنرایەوە.
جێبەجێکردنی ئەو سزایانە هەم هێرشە بۆ سەر ئازادی ڕاگەیاندن و هەم کودەتایەک لە دژی کەشی دیموکراتیزەکردنی تورکیا کە لە ئێستادا لە کارنامەدایە. ئەم بڕیارە پێچەوانەی ڕۆحی پرۆسەکەیە، دەبێت لەلایەن حکومەتی ئاکەپەوە ڕوون بکرێتەوە.
هاوپیشەکانمان کە سزاکانیان جێبەجێکراوە، سەرەڕای هەموو فشارەکان لە ڕۆژنامەگەری بەردەوامن. ئەم سزا نایاساییانە قبوڵ ناکەین، تێکۆشانی یاسایی هاوپیشەکانمان دەبەینە دادگایەکی باڵاتر. سەرەڕای سزاکان لە نووسینی ڕاستییەکان بەردەوامین."