کەنەکە و دەستەی مافی مرۆڤ جەخت لە ڕێگری لە پێشێلکارییەکان دەکەنەوە

شاندێکی کەنەکە بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و لەبارەی پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٦ی ئاب لە شاری هەولێر شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هاوسەرۆکایەتی زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان کرد و لەلایەن مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەکە پێشوازی لێکرا.

 

لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی  خراپیی ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئەو پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر مافی هاوڵاتییان کرا، کەنەکە و دەستەی مافی مرۆڤ جەختیان لەوەکردەوە کە هەرچی زووە ڕێگری لە پێشێلکارییەکان بکرێت کە دەکرێتە سەر ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

 

کەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "کەنەکە پشتیوانیی لە هەر هەوڵێک دەکات، کە بە ئاڕاستەی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بنرێت".