زیاتر لە ١٦٠ ئاوارە گەڕانەوە زێدی خۆیان
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ١٦٤ ئاوارە لە سنوری هەولێرەوە گەڕاونەتەوە بۆ نەینەوا و سەڵاحەدین، وەزارەتەکە بەردەوامە لە تۆمارکردنی ناوی ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە بۆ زیدی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ ١٦٤ ئاوارە لە كامپی بەحركە لە سنووری پارێزگای هەولێر گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە نەینەوا و سەڵاحەدین، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی چۆڵکردنی کامپەکانی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان لە ناوچەكانی بەعاج، موسڵ، گرمە، حەمدانییە و ترجلە لە سنووری نەینەوا و شارەدێی بەلەد لە سەڵاحەدین، هاوکات یارمەتی بەسەر ئەو ئاوارە گەڕاوانەدا دابەشكراوە و بەردەوامن لە تۆمارکردنی ناوی ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
جێی ئاماژەیە لە دوای ڕاگەیاندنی هەڵمەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و چۆڵکردنی کامپەکانی هەرێمی کوردستان، سەدان ئاوارەی ئێزدی و عەرەب گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە شەنگال، نەینەوا، سەڵاحەدین و شار و شارۆچکەکانی دیکەی خوارووی عێراق، کە بە هۆی هێرشەکانی داعش بۆ شەنگال و موسڵ لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە ئاوارەبوون.