پەنابەرانی باکووری کوردستان: یوئێن بێ هەڵوێستە و نامانپارێزێت
پەنابەرانی سیاسی باکووری کوردستان چوونە بەردەم بارەگای یوئێن لە شاری سلێمانی و دەستیان بە چالاکی کرد.
ناوەندی هەواڵ
دوای تیرۆرکردنی زەکی محەمەد چەلەبی، پەنابەری سیاسی باکووری کوردستان لە باشووری کوردستان، لە شەوی ١٧ی ئایاردا، پەنابەرانی سیاسی باس لەوەدەکەن کە لەلایەن میتی تورکەوە ژیانیان لە مەترسیدایە و داوا دەکەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان بیانپارێزێت.
ئەمڕۆ هاوژینی زەکی چەلەبی و هاوڕێیانی لەگەڵ پەنابەرانی سیاسی باکووری کوردستان چوونە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی و ناڕەزایەتییان نیشاندا و چالاکی دانیشتنیان کرد، داواشیان کرد تاوانبارانی تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی ئاشکرا بکرێن.
پەنابەرانی سیاسی باکووری کوردستان ڕەخنەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت بەوەی چەندین جارە داوا دەکەن بەرامبەر هێرشەکانی میتی تورکیا بیانپارێزن، بەڵام بێ هەڵوێستن و تەنها بینەری هێرش و تیرۆرەکانی دەوڵەتی تورکیان.