سلێمانی
پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ، هاوکار لەگەڵ ٢١ی ئەیلول ڕۆژی ئاشتی جیهانی، دایکانی ئاشتی چوار پارچەی کوردستان لە هۆڵی کورتەباڵاکان لە شاری سلێمانی بە دروشمی "پێکەوە بەدیهێنانی ئاشتیی مسۆگەر دەکەین" کۆبوونەوە و گفتوگۆیان دەربارەی بەدیهاتنی ئاشتی و ئارامی و هێرشە داگیرکارییەکانی سەر کوردستان و گرنگیی هەوڵدان بۆ یەکڕیزیی و چەسپاندنی سەقامگیریی بۆ کوردستان کرد.
لە سەرەتادا دایکان خولەکێک بۆ گیانی پاکی پاکڕەوان وەستان، پاشان فەوزیە عەبدولکەریم، سەرپەرشتیاری دایکانی ئاشتی، وتاری دەستپێکی پانێڵەکەی پێشکەشکرد و باسی لەوەکرد وەک دایکان پێویستە هەوڵبدەین تا شەڕ بووەستێت و نەهامەتی و شەهید بوونی ڕۆڵەکانمان کۆتایی پێبێت و ئاشتی و سەقامگیری بێتەدی.
پاشان سنور کەریم، مامۆستا و چالاکوان لە باشوری کوردستان، وتارێکی دەربارەی "ڕۆڵی دایکان لە پەروەردەدا" پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە دایکان یەکەم قوتابخانەی منداڵن و پەروەردەکاری یەکەمن، بەڵام لە ئێستادا هەوڵ دەدەرێت کە جەوهەر و ڕۆڵی دایک لەناوببرێت، ئەمەش سیاسەتێکە بەڕێوە دەبرێت تا پیرۆزی دایک نەهێڵن هەروەها وتیشی: "نیشتمان وەک دایک پێناسە دەکرێت، چونکە نیشتمان خاوەن قوربانییە و دایکانیش رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن بە پێشکەشکردنی ڕۆڵەکانیان بۆ پارێزگاری لە خاک و نیشتمان".
مامۆستا سنور وتیشی: دایکان، ئێوە لێرەن و بەشێکتان رۆڵەکانتان شەهید بوون و بەشێکی دیکەشتان ڕۆڵەکانتان لە بەرخۆدانی دایە، ئەوانەی بەرخۆدانی دەکەن رۆڵەی هەموومانن، بەڵام بە دەستی داگیرکاری کە لەناو ماڵ بە ماڵمانەوەیە رۆڵەکانتان شەهید دەکرێت، هێرش دەکرێت و خاک، زمان و کلتورمان داگیر دەکرێت.
پاکستان محەمەد، دانیشتووی کامپی مەخمور، وتارێکی دەربارەی "داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان" پێشکەشکرد و باسی لەوەکرد: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر شەنگال، مەخمور، باشوری کوردستان و چوار پارچەش لە بنەرەتدا ئامانجی داگیرکردنی کوردستانە بە بیانووی هەبوونی پەکەکە لە ناوچەکەدا، سەرەتای ئەم داگیرکارییەش بۆ سەد ساڵ پێش ئێستا و پەیمانی لۆزان دەگەڕێتەوە کە کوردستانی تێدا کرایە چوارپارچە، ساڵی ٢٠٢٣ پەیماننامەی لۆزان کۆتایی دێت بە چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کۆبانێ، عەفرین، تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان و چوار پارچە، سەرەڕای ئەوەی خاکی کوردانە، بەڵام دەیانەوێت دووبارە بۆ سەد ساڵی داهاتوو خاکی کوردستان دابەش بکەن.
پاکستان وتیشی هێزە زلهێزەکان لە دژی گەلی کورد دەبنە یەک و هەموو ناکۆکییەکان وەلادەنێن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە سوتاندنی دارستان، گۆرینی دیمۆگرافیا و بۆردومانکردن هێرش دەکەنە سەر کوردستان، هەموو چەکە پێشکەوتووەکانیشیان لەسەر گەلی کورد تاقی دەکەنەوە دوور لە هەموو یاسا نێودەوڵەتی و ئەخلاقییەکان.
هەروەها باسی لەوەشکرد کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، بە بیانووی پێشمەرگە و گەریلا و پەکەکە هێرش دەکات و پێویستە ئێمە وەکو ژنان هۆشیاربین و ڕێگە نەدەین پلانی چەند ساڵەی دەوڵەتانی داگیرکەر جێبەجێ بکرێن.
بێریڤان محەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی کۆنگرە ستاری ڕۆژئاوای کوردستان، دەربارەی "داگیرکارییەکان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان" وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە شەڕی ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی ژنە: وتیشی: شەڕی ڕۆژئاوای کوردستان تەنها شەڕێک نەبوو بەرامبەر ڕژێمی بەعس و داعش، بەڵکو شەڕ بوو بەرامبەر هەموو ئەو سیستمانەی کە دەیانویست کورد بسڕنەوە، تورکیاش دەیویست بە هێرشەکانی بۆ ڕۆژئاوا، دەستەکەوتەکان لەناوببەن، بەڵام نەیانتوانی بگەنە ئامانجەکانیان.
دایە ئامینە، دایکی شەهید و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی قڕکردنی گەلی کورد لەلایەن داگیرکەرانەوە وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا وەک دایکێکی شەهید ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەم کە تێیدا گەلی کورد قڕ دەکرێت، داواشی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد کە رێگری بکەن، وتیشی پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەکبگرن و یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن تا چیدیکە دەوڵەتانی داگیرکەر کۆمەڵکوژی نەکات و ڕێگری بکەین لە ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان.
لە کۆتایی پانێڵەکەشدا دایکانی ئامادەبوو پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو، پانێڵەکەش بە گفتوگۆ لە بارەی هێرشەکانی سەر کوردستان و ڕۆڵی دایکان لە بەدیهێنانی ئاشتیی لە کوردستاندا کۆتاییهات.
ت.پ



