بەهۆی پشتگیریکردنی لە ڕاپەڕین مامۆستایەک لە وانەوتنەوە دوورخرایەوە

مامۆستا شەهربانۆ ئەسەدی لە لایەن دەستەی هەڵبژاردن لە شاری گیلانی ئێران لە وانەوتنەوە دوورخرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ دووشەممە ٢٨ی ئایار، ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی یەکێتی مامۆستایانی ئێران، دوورخستنەوەی شەهربانو ئەسەدی، مامۆستا لە شاری گیلان، لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنی سەر بە وەزارەتی پەروەردەوە ڕاگەیاند.

 

ئەنجوومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی مامۆستایانی ئێران، دەستوەردانی ئەنجومەنی هەڵبژاردنی شاری گیلان لەم دۆسیەیەدا بە نایاسایی ناوبردو ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر شەهربانۆ ئەسەدی بە بڕیاری ئەنجومەنی پێشێلکارییە ئیداریەکان بە هۆی چەند بابەتێکەوە بۆ ماوەی سێ مانگ لە کارەکەی ڕاگیرابوو.

 

 لە ناو ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ شەهربانۆ ئەسەدی، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی "ئیستفزازی" لە پەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ئەم دواییە.

 

لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئەم دواییەدا کە لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێمەوە دەستی پێکرد، زۆرێک لە چالاکانی سەندیکای مامۆستایان لە وانەوتنەوە دوورخرانەوە یان ڕووبەڕووی خانەنشینی زۆرەملێ بوونەتەوە، هەروەها فەرمانگەی سەرپێچی کارگێڕی و هەڵبژاردن و پاراستن لە وەزارەتی پەروەردە بوو بە قۆڵی جێبەجێکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان.