ڕاژن: تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازاد لەسەر ڕێچکەی غوربەتەلی بەردەوام دەکەین

کۆردیناسیۆنی ڕاژن یەکێک لە پێشەنگەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی، غوربەتەلی ئەرسۆزی لە ٢٩یەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا یاد کردەوەو ڕایگەیاند، تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازادو گەڕانی ژنانی ڕۆژنامەنووس بەدوای ڕاستیدا لە چوارچێوەی میراسی غوربەتەلیدا بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی ڕاگەیاندنی ژنان "ڕاژن" غوربەتەلی ئەرسۆزی لە ٢٩یەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا یاد کردەوە، کە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا یەکەمین بەرپرسی وەشانی گشتی (سەرنووسەر)ی ژن بوو.

 

دەقی ڕاگەیاندراوی کۆوردیناسیۆنی ڕاژن بەم شێوەیەیە:

لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی و نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد، وەک یەکەمین بەڕێوەبەری وەشانی گشتیی ژن ناوی خۆی تۆمار کرد. ژیانی خۆی بەخشی بە تێکۆشان لە پێناو خوڵقاندنی جیهانێکی ئازاد و یەکسان.

 

لە پێشەنگەکانی نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد و شۆڕشگێڕی تەڤگەری ئازادیی ژنان، غوربەتەلی ئەرسۆز، لە ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی زیڤەری سەر بە ناوچەی پالۆی خارپێت لەدایکبوو. دوای ئەوەی کۆلێژی کیمیای لە زانکۆی چۆکۆرۆڤا تەواو کرد، بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێنا و وەک توێژەر کاری کرد.

 

دوای ساڵی ١٩٨٧ ڕووی لە تێکۆشانی چالاک کرد. ساڵی ١٩٨٩ دەستگیرکرا. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ لە زیندان ئازادکرا، بوو بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم. لەگەڵ دەیان خەباتکاری ڕۆژنامەکەدا دەستبەسەرکرا و لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆر بووەوە. دوای دووەمین دەستگیرکردن کە نزیکەی ٦ مانگی خایاند، لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی کۆنترا-گەریلا، لە ساڵی ١٩٩٥ەوە وەک گەریلایەک لە چیاکانی کوردستان درێژەی بە ژیانی شۆڕشگێڕیی خۆی دا.

 

لە ناو خەبات و کارەکانی (YAJK)دا بوو بە فەرماندە. تا ڕۆژی شەهیدبوونی، دڵی خۆی لەسەر چیاکان نەخشاند و هەموو ڕۆژەکانی ژیانی لەگەڵ تێکۆشاندا بەسەر برد. ئێمە لە کەسایەتیی غوربەتەلی ئەرسۆز (زەینەب)دا، کە لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ لە چیاکانی باشووری کوردستان لە ئەنجامی بۆسەیەکدا بە کاروانی شەهید بوو، سەرجەم شەهیدانی مانگی تشرینی یەکەم بە ڕێز و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە.

 

٢٩ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی گوربەتەلی ئەرسۆزدا تێپەڕیوە. ئەویش وەک هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانزانی خەون، خواست و ژیانی پڕ لە حەسرەتیان بە پەرجوو نایەتە دی بەڵکو بە تێکۆشان دەبێت و بەو شێوەیە ژیان؛ ئەمڕۆ لەو کەسانە نییە کە ون بووبێتن، بەڵکو لەو کەسانەیە کە ڕێگا نیشان دەدەن. لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ، سەرەڕای ئەوەی لە ژێر مەرجەکانی فاشیزمدا قوربانی قورس دراوە، ئەو کەسانەی کە ژیانی پڕ لە بەرخودان، دژواری و تێکۆشانیان هەڵبژاردووە، وەک هاوڕێمان غوربەتەلی، ئەو کەسانەن کە خاوەن هۆشیارییەکی قووڵ و دڵێکی ئازا بوون.

 

لە هەمانکاتدا، ئەم ڕۆژە کە بۆ یادکردنەوەی غوربەتەلی ئەرسۆز لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا وەک ڕۆژی ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد ڕاگەیەندراوە؛ لە سەرجەم تێکۆشەرانی ژنی بواری ڕاگەیاندن پیرۆز دەکەین، کە لە پێناو گەڕان بەدوای ڕاستی و تێکۆشان بۆی، باجیان داوە و میراتی هاوڕێکانی خۆیان وەرگرتووە.

 

لەم قۆناغەدا کە دەوڵەتان لە ڕێگەی دەستبەسەرکردن، زیندانیکردن، لێکۆڵینەوە، هەڕەشەی جەستەیی یان ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردنی هەواڵ، هەروەها بە توندوتیژیی زارەکی و دەستدرێژیی ڕەگەزی، ڕۆژنامەگەری وەک تاوان دەبینن، هیچ گومانێک لە واتا و بەهای ئەو ڕەنج و ماندووبوونەی دراوە نییە.

 

سیاسەتەکانی سەرکوتکردن هەم لە ڕووی ژمارەییەوە و هەم لە بوارە جیاوازەکاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەردەوامە. هەژمارە دیجیتاڵییەکانی ڕۆژنامەنووسان، ماڵپەڕەکانی هەواڵ و هەژمارەکانی بڵاوکردنەوە، یان بە تەواوی دادەخرێن یان لەگەڵ ڕێگریکردندا، سانسۆری دیجیتاڵییان بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

لە بەرامبەر فشار، سەرکوتکاری و سیاسەتەکانی ڕێگریکردن لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس کە لەسەر ڕێچکەی غوربەتەلی بە ئەرکی پێشەنگایەتیکردنی نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد هەڵدەستین، دەست لەم کارەی خۆمان هەڵناگرین.

 

ئێمە دەزانین کە جیهان لە ئەنجامی عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە ڕووی لە شەڕ، ململانێ، کۆمەڵکوژیی ژنان، هەژاری و تاڵانکردنی سروشت کردووە. دەبینین کە هەوڵێکی ڕێکخراو هەیە بۆ شاردنەوەی تێکۆشانی ئازادیی ژنان، گەڕان بەدوای مافەکانیاندا و سەرکەوتنەکانیان.

 

لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەو هۆشیارییەی کە کێشەکانی ژنان کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگایە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە لە دژی عەقڵیەتی باڵادەستی ڕەگەزپەرست، زمان و نزیکایەتییەکانیان تێدەکۆشین و دەبینە دەنگ و بیرەوەریی ژنان و تەواوی توێژە بندەستەکان، لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان دەکەین، دەیانخەینە ڕوو و ئاشکرایان دەکەین.

 

یاد و بیرەوەرییەکانی شەڤین بینگۆل، شیلان ئاراس، دەنیز فرات، نوژیان ئەرهان، دلیشان، دلۆڤان، ئەمینە دەمیر، گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین، جیهان بیلگین، شەرڤانی ڕاستی و زانستی ژینۆلۆژی ناگیهان ئەکارسەل و تەواوی شەهیدانی ترمان کە میراتی غوربەتەلییان هەڵگرتووە و گەیاندنی بە بەرزترین ئاستەکان بە ئەرکی خۆیان زانیوە؛ تێکۆشانمان ڕووناک دەکەنەوە و ڕێگامان نیشان دەدەن.

 

ڕێبەر ئاپۆ لەو پەیامەیدا کە بۆ مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی ژنانی ڕۆژنامەنووسی غوربەتەلی ئەرسۆز ناردبووی، کە ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەمجار بەڕێوەچوو، وتبووی: زیندوو ڕاگرتنی یادەوەرییەکانی غوربەتەلی، گواستنەوەی فیکر و تێکۆشانەکانی بۆ نەوەکانی نوێ، ئەرکی هەموومانە.

 

وەک ڕاژین، ئێمە ڕێکخستنبوونی خۆمان گەورەتر دەکەین، کە هێزەکەمان لە چاند و نەریتی تێکۆشانمان و میراتی شەهیدانمانەوە وەرگرتووە. لەگەڵ ئەو باوەڕەی کە سەرکەوتنی ڕێگای بەخشینی ژیانی خۆت؛ جیهان جوان و ئازاد دەکات، و بەپشتبەستن بە پارادایمی خۆمان کە دیموکراسی، دۆستی ژینگە (ئیکۆلۆژی) و ئازادیی ژنان بە بنەما دەگرێت، تێکۆشانمان گەورە دەکەین و دەیگەیەننە کۆمەڵگای سۆسیالیستی دیموکراتیک.