لە هایتی لەماوەی ساڵێکدا ٦٥٢ ژن دەستدرێژییان کراوەتەسەر

لە هایتی گرژیی و ئاڵۆزییەکان ڕێژەی تاوانەکانی زیاد کردووەو لەماوەی ساڵێکدا ٦٥٢ ژن دەستدرێژییان کراوەتەسەر، هەروەها یونسێف ئاماژە بەوەدەکات، ١٠٠ هەزار منداڵ خەریکە لە برسان دەمرن.

 

 

 

ناوەندی هەواڵ

 

ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە هایتی پێویستی بە پشتیوانییەکی بەپەلە هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ڕاگرتنی ئازاری ئەو کەسانەی کە بە دەستی چەتە توندوتیژەکان کوژراون و بە هەڕەمەکی تەقەیان لە خەڵک کردووە و بە زیندوویی دەیانسووتێنن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، چەتەکان نیشانەشکێن بەکاردەهێنن لەسەر سەربانەکان بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی تەقە لەو کەسانە بکەن کە چالاکییەکانی ڕۆژانەیان ئەنجام دەدەن، لە هەندێک حاڵەتدا ئەندامانی چەتەکان چوونە ناو گەڕەکەکان بۆ کوشتن، خەڵکیان بە زیندوویی لەناو ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتیدا سووتاند و هەموو ئەو کەسانەیان لە سێدارە دا کە پێیان وابوو دژی چەتەکە بوون.

 

هەروەها ڕاشگەیەندراوە دۆکیومێنتی بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی کراوە، لەوانە دەستدرێژی سێکسی بەکۆمەڵ، "بۆ تیرۆرکردن و ئازاردان" بەسەر دانیشتوانی ژێر کۆنترۆڵی چەتە ڕکابەرەکاندا، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ناوخۆیی لانیکەم ٦٥٢ ژن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ بوونەتەوە.

 

رۆژی ١١ی ئایار، سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف"  لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تووندوتیژیی چەکداری ژمارەی ئەو منداڵانەی زیادکردووە کە بەدەست بەدخۆراکیی سەختەوە دەناڵێنن، ئێستا چواریەکی منداڵانی هایتی بەدخۆراکن.

 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستی بە ١٧ ملیۆن دۆلارە بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی بەدخۆراک و کڕینی خۆراک و دەرمان، ئەگەر بەدەستی نەگات لە ماوەیەکی کەمدا ١٠٠ هەزار منداڵ لە برسا دەمرن.