٤٥٠ کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵات کوژران

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەڕاپۆرتی مافی مرۆڤی ئێرانەوە دەستکەوتووە، لە ١٦ی ئەیلولەوە تا ئێستا ٤٥٠ هاوڵاتی کە ٦٣ منداڵیان تێدایە لە لایەن سەربازان و پۆلیسی ڕژێمی ئێرانەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

لە تارانی پایتەختی ئێران ژینا ئەمینی کە خەڵکی سەقز بوو بە بیانوی ئەوەی کە لەچکی بە باشی نەکردبوو دەستگیرکراو دوای ئەشکەنجەدان لە ١٦ی ئەیلول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ماوەیەک بەر لە کوشتنی ژینا ئەمینی، شلێر ڕەسوڵی لەلایەن سیخوڕێکی ڕژێمی ئێرانەوە دەستدرێژی کرایە سەر و بە گومانەوە گیانی لەدەستدا،  کوشتنی ژینا بووە هۆی تووڕەیی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، وەڵامی ڕژێم بۆ خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵات تیرۆر و کوشتار بوو.

بەپێی ئامارێک کە لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێرانەوە دەستکەوتووە، لە ١٦ی ئەیلولەوە ٤٥٠ هاوڵاتی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، کە ٦٣ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیان تێدایە.

زیاتر لە دەیان هەزار هاووڵاتی لە چالاکییە جەماوەریەکاندا دەستبەسەرکراون و ١٨ هەزار و ١٧٣ کەسیش دەستگیرکراون، تەنیا ناسنامەی سێ هەزار و ٣٣٢ کەس لەهاوڵاتیانی دەستگیرکراو ناسێنراون ڕژێمی ئێران تا ئێستا بە شێوەیەکی یاسایی خێزانەکانی ئاگادار نەکردووەتەوەو تیرۆرو ڕفاندن بەردەوامە.

بە گشتی ١٥٦ شارو شارۆچکەی ئێران و ڕۆژهەڵات بەشدارییان لەڕاپەڕینەکەدا کرد لە شارەکانی ڕۆژهەڵات چالاکی مانگرتنی گشتی چەند ڕۆژێکە بەردەوامە.

١٤٣ زانکۆ بە مانگرتن و بایکۆت و ڕاگرتنی خوێندنی فەرمی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد،  بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست گەیشتووە، ٥٦٦ خوێندکاری زانکۆ دەستگیرکراون هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان و مامۆستایان و پزیشکانی زانکۆ دەستگیرکراون.