گۆرانی ئەمڕۆ: فرمێسک

فرمێسک حافز نوێترین بەرهەمی بە ناوی فرمێسک، لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە.

 

فرمێسک

ھەر ئێوارەی گۆرانیەک

ئەمباتەوە بۆ نیشتیمان

 کێ ناڵێ فرمێسکی منە

 لەوێ ڕا ئەبێ بە باران

 

پێمبڵێن بیری کێ ناکەم

پێم بڵێن بیری چی ناکەی !

ھەردوو دوانەن کورد و ئازار

خودایە ئەم دەردە تاکەی

 

خۆم ئەدەمە دەم ئاوازێ

لەگەڵ دەردی دڵ بسازێ

ئەیدەم بە شنە ھەناسەم

بۆمی بباتەوە ڕازێ

 

ھەموو کونجێکی نیشتیمان

بۆ دڵی من سابڵاخێکە

ئازاری ھەربیستێ خاکم

لە سینەی مندا ئاخێکە

 

چی کۆشک و سەرای دنیایە

چی باخە لە سەرە ڕێما

ھیچیان نابن بەو کووچەیەی

کە منداڵیمی تیا جێما

 

حەز ئەکەم ھێندە ھاوارکەم

دەنگم بگا بە چوار چرا

بیرتان ئەکەم خوشکی شیرین

بیرتان ئەکەم کاکی برا

 

دەفتەرێکی بیرەوەریم

بەدەم ڕەشەبای شارەوە

تکا ئەکەم یادگەی بەژان

وەتەنم لێ مەشارەوە

 

بڕۆمەوە وەک ماڵۆچکە

ئاوەدانی ئەکەمەوە

ھەموو ئەوەی لێیان بردووم

بۆ جێی خۆیان ئەبەمەوە

 

فرمێسکم و فرمێسکی من

 جا بەسەر کوێدا نەتکاوە

بەم سەنگی سەختی ڕۆژگارە

لە کوێدا دڵم نەشکاوە