زەینەب خان، ڕووناکبیر و هۆنەرەکەی کورد

 

زەینەب خان، ژنە هۆنەر و ڕووناکبیر، لە ٢١ ئادار ساڵی ١٩٠٠ لە گەڕەکی بەفری قەندی شاری کۆیە لەدایکبووە، لە بنەماڵەی خادم ئەلسوجادە بوو، کە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و نیشتیمان پەروەر بوون و ملیان بۆ داگیرکەری ئەو کاتە، کە ئینگلیز بوو، شۆڕ نەکردووە، بۆیە تووشی ئاوارەیی و سەختی دەبنەوە.

 

زەینەب خان ١ خوشک و ٦ برای هەبووە، لە تەمەنی ٦ ساڵیدا باوکی دەیباتە شاری بەغدا بە مەبەستی خوێندن و بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە ماڵی خاڵی دەمێنێتەوە تا قۆناغی سەرەتایی تەواو دەکات، پاشان لە شاری کۆیە دەست بە خوێندنی ئاینی دەکات.

 

زەینەب خان ئارەزووی فێربوونی زمانە بیانییەکانی هەبووە، زمانی دایکی کوردی بووە و لە بەغدا فێری عەرەبی بووە، لە خوێندنی ئاینیشدا فێری زمانی فارسی بووە، شیعرەکانی حافز و سەعدی شیرازی و کەریمی هەمەدانی کاریگەری لەسەر دادەنێن.

 

پاش ئەوەی هاوسەرگیری دەکات لە شاری هەولێر نیشتەجێ دەبێت و لە خێزانی هاوژینەکەیەوە فێری زمانی تورکی دەبێت، بەهۆی جووەکانی دراوسێیانەوە لە شاری کۆیە فێری زمانی عیبریش دەبێت، ئەمانەش بەیەکەوە لایەنی ڕۆشنبیری زەینەب خانیان بەرەوپێش بردووە.

 

زۆربەی ئامۆژگارییەکانی دایک و باوکی بە هۆنراوە نووسیووە، زەینەب خان هۆنراوەی کردبووە پەیامێک بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی و ژنانی تر، هەر شتێک کاری لێبکردایە ئەوکاتە دەیکردە هۆنراوە.

 

هۆنراوەکانی زەینەب خان تایبەت نییە بە تەنها بابەتێکی دیاریکراو، بەڵکو کێشە و ململانێکانیش لە هۆنراوەکانیدا بەدیدەکرێت، ئازادی ژنان و نیشتیمان، سروشت، بەهار و نەورۆز هەوێنی هۆنراوەکانی بووە.

 

زەینەب خان ژنی کردووەتە ڕۆڵپێدەری سەرەکی هۆنراوەکانی و باوەڕی بە تێکۆشانی ژنان هەبووە، پێیوایە جەنگ و بەرگری کردن لە خاک و نیشتیمان تەنها کاری پیاوان نییە، بەڵکو بانگی لە ژنان کردووە کە چەک هەڵبگرن و بەرگری لە خاک و نیشتیمانەکەیان بکەن.

 

بۆ ئەو سەردەمە وەک پێشڕەوێکی ژنان بە هۆنراوەکانی ژنانی ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە دەستبکەن بە هەنگاونان بۆ مافی خۆیان و نیشتمانەکەیان، باوەڕیشی بە یەکسانی ژنان و پیاوان هەبووە.

 

زەینەب خان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە ساڵی ١٩٦٣ گیان لەدەستدەدات و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.