ژنانی گەنج: دەبێت گەنجان دژی داگیرکاری هەڵوێستیان هەبێت

دەسەڵات بە سیاسەتی نەبوونی کار و دامەزراندن بۆ گەنجان و سەرقاڵ کردنیان بە پەیداکردنی پارویەک نانەوە، ئینتیمای گەنج بۆ نیشتمان و ئاگاداربوونیان لە داگیرکارییەکانیان نەهێشتووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکان بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بەردوامە، دوێنێ لە دوو هێرشی جیاوازدا لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور و گوندی تووتوقەڵی چەمچەماڵ فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ٦ کەس ژیانیان لەدەستدا، کە ناسنامەی سیانیان دەرکەوتووە.

 

هاوڵاتیان تا ڕادەیەک ئاگاداری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان کە ئەردۆغان بە مەبەستی لەناوبردنی نەتەوەی کورد ئەنجامی دەدات، گەنج سیمبولی تێکۆشان و شۆڕشن، بەڵام گەنج لە باشوری کوردستان هێندە بە بابەتی دیکەی وەک نەبوونی کار، نەبوونی دامەزراندن، بێهیوابوون لە داهاتوویەک، بێهیوابوون لە دەسەڵاتی حکومەتی هێرێمی کوردستان، بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانەوە سەرقاڵکراون دەرفەتیان نادرێت لە خەمی نیشتیمان و پرسە سیاسییەکاندا بن، بۆیە بەشی زۆرینەیان ئاگاداری ئەو داگیرکارییانە نین کە دەکرێتە سەر خاکی باشوری کوردستان، لە بەرامبەردا بەشێکیان ئاگاداری پرسە نیشتیمانییەکانن، نەک بوونەتە چاودێرێکی ڕۆژانە، بەڵکو داوا لە گەنجانی دیکەش دەکەن لەپێناو خاک و نەتەوە دەنگ و هەڵوێستیان هەبێت.

 

"گەنجان ئاگاداری پرسە نیشتیمانییەکان نین"

شۆخان عەبدولڕەحمان، وەک گەنجێک ئاماژەی بەوەدا گەنجانی هەرێمی کوردستان چونکە بێ کار و پارەن، بەشی زۆریان داهاتێکیان نییە و سەرقاڵی کار کراون بە جۆرێک ئاگاداری پرسە نیشتیمانییەکان نین، وتی: "ئەگەر حکومەت و دەسەڵات وەک ڕێبەری گەلێک مامەڵە نەکات و پێداویستییەکانی گەل دابین نەکات گەنج چی لە نیشتیمان بکات، گەنجەکانمان بەهۆی نەبوونیەوە لە نیشتیمان سارد بوونەتەوە".

 

"بەڵام سەرەڕای نەبوونی ستستمێکی بەڕێوەبردن و حکومەتێکی خاوەن پلان، گەنج پێویستە لە بەرامبەر نیشتیماندا تێکۆشان بکات و خەباتێک بە جێبهێنێت، ئەمەش کەوتووەتەوە سەر هۆشیاری هەر تاکێک کە لەم هەرێمەدا دەژی".

 

ئەو ژنە گەنجە دەڵێت: "ئەو داگیرکارییانەی ئێستا بوونیان هەیە پێویستە وا لە گەنجان بکات چیتر بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن، بۆ ئەوەی خاکمان داگیر نەکرێت"، هەروەها داوا لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەکات لە ئاست هێرش و داگیرکارییەکاندا هەڵوێستیان هەبێت، چیتر سنورەکان بۆ داگیرکاران بەجێنەهێڵێت.

 

"گەنجان دەتوانن سود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ببینین"

پروشە هیدایەت، ئاماژەی بەوەدا بەشی زۆری گەنجان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵن، لەگەڵ ئەوەی سەرقاڵیشن بە شتانێکی سودبەخشەوە نییە، بەڵکو بە سەیرکردنی کۆمەڵێک بابەتی بێسود و تیکتۆکە، ئەگەرنا دەتوانن تۆڕە کۆمەلایەتییەکانیش بەکاربهێنن بۆ سود وەرگرتن.

 

دەربارەی پرسە نیشتیمانییەکان و دۆخی ئێستای باشوری کوردستان وتی: "گەنج بۆ ژیانی خۆشی ئێستا هۆشیار نییە، بۆیە دەربارەی بابەتێکی وەک دۆخی ئێستای باشوری کوردستان بێگومان بەشی زۆریان ئاگادار نین"، هۆکاری ئەم بێ ئاگاییەی گەڕاندەوە بۆ بێکاری و نەبوونی موچە و هەلی کار بۆ گەنجان، چونکە هێندەی لە خەمی نەهێشتنی برسێتیدان ئەوەندە لە خەمی نەتەوەدا نین چونکە برسین.

 

وەک ژنێکی گەنج ڕوودەکاتە گەنجان و پێیان دەڵێت کە پێویستە وەک گەنج یەکگرتوو بن و دەنگیان هەبێت و دژی هێرشە داگیرکارییەکان بووەستنەوە.

 

"گەلی کورد پێویستە یەکگرتوو بن"

سۆلین بەختیار، ژنێکی دیکەی گەنجە و دەربارەی دۆخێ ئێستای باشوری کوردستان ڕوونیکردەوە، خاک و نەتەوەمان لە ژێر هەڕەشەی داگیرکردندایە پێویستە وەک گەنجان و بەتایبەت ژنان هەڵوێستمان هەبێت و ئیدانەی تەواوی داگیرکارییەکان بکەین، "تەواوی گەلی کورد و گەنجان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی داگیرکەران بکەن".