دایکێک لە گوندی بەرمیزە: ئەو هەموو بارەگایە ناهێڵن زامی دڵم ساڕێژ ببێت

دایکێک لە گوندی بەرمیزە باس لە ژیان لەدەستدانی کوڕەکەی دەکات کە چوار ساڵ بەر لە ئێستا دەکرێتە ئامانجی فرۆکەیەکی جەنگی سوپای تورکیا، سی پی تی چیرۆکی ئەو دایکە و ژیان لە گوندی بەرمیزە دەگوازێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووناک حەمە غەریب، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکیدا کە لە گوندی بەرمیزە لەگەڵ جەواهیرە و عوسمانی دایک و باوکی هیمداد عوسمانی ٢٢ ساڵ، کە پێش چوار ساڵ لە ١٣ی تشرینی دووەم دەکرێتە ئامانجی فرۆکەیەکی جەنگی دەوڵەتی تورکیا و ژیان لەدەستدەدات، ئامادەی کردووە، باس لەوە دەکات کە گوندنشینان بەهۆی سەربازانی تورکەوە گوندەکەیان چۆڵکردووە.

 

ماڵەکەی جەواهیرە و عوسمان کۆتا ماڵە لە گوندەکە، کە حەوشەکەی بەسەر زۆربەی ماڵەکانی گوندەکەو مزگەوتی بەرمیزەدا دەروانێت، جەواهیرە کە بەر لە چوار ساڵ کوڕەکەی لەدەستدەدات، وەها باسی ئەو ڕۆژەی کرد، "ئەو ڕۆژە تا کاتژمێر٢ی دوانیوەڕو پێکەوە بووین کاتێک کە رۆیشت دڵم کەوتە هەڵڵا کردن. قەرارم لێبڕا بوو. تەلەفونم بۆکرد و پێم گوت نەمگوت نەڕۆی دایە. وتی وا دەگەڕێمەوە دادێ خەمت نەبێت".

 

ڕووناک حەمە ‌غەریب وەها درێژە بە نووسینەکەی دەدات:

جەواهیرە وتی: "کە دەنگی تەقینەوە هات بەندی دڵم پسا، هاوارم کرد ماڵم وێران بوو." سەیرم دەکات و دەڵێت، "کچم ڕووناک، ژیان بۆ من لەو ڕۆژەدا چەقیوە، وەرز و ساڵ دێت و دەچێت و هەستی پێناکەم. بەخۆم دەڵێم ئێستا دەرگا دەکاتەوە دێتە ژوورێ. بانگم دەکاتەوە دادێ و پێی دەڵێم گیانی دادێ."

 

ئاخێک هەڵدەکێشێت و دەڵێت، "کە خەم تەنگم پێ هەڵدەچنێت دەچمە دەرەوە بەڵام ئەو هەموو بارەگایە ناهێڵن زامی دڵم ساڕێژ ببێت. چاوم بە بارەگاکانیان هەڵنایەت و خێرا دێمەوە ژوورێ. هەموو پێنجشەممەیەکیش دەچمە سەر گۆڕەکەی. بەدەم لاواندنەوەی هیمدادەوە ئاوی ئەو گوڵانە دەدەم کە لەسەر گۆڕەکەی چاندوومە. چیم دەسەڵاتە! ئەوە بووەتە تاکە سەرقاڵی من لەم ڕۆژانەدا."

 

سەربازانی تورک تەقە لە گوندنشینان دەکەن

لە درێژەی سەردانەکەی ئەندامانی سی پی تی ئەمریکیدا، پرسیاری گوزەرانی خەڵک لە عوسمان، باوکی هیمداد دەکەن، لە وەڵامدا دەڵێت: سەربازانی تورک چواردەورەیان تەنیوین و بە تەواوەتی دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و ئێستا نزیکەی ١٥-١٦ بارەگایان لە دەوری بەرمیزەدا هەیە. هەتا دێت بارەگاکانیان گەورەتر دەبێت و جادەی زیاتریان بۆ ڕادەکێشن." ئاماژەیان بەوەشدا کە گوزەرانی خەڵکی گوندەکە باش نییە و زۆربەی خەڵکی گوندەکە ماڵ و خانووی خۆیان بە جێهێشتووەو بەرەو سۆران یان هەولێر ڕۆیشتوون، چونکە خەڵکی گوندەکە یان ئاژەڵدارن یان چەڵتووک چین، ناشوێرن مەڕوماڵات ببەنە لەوەڕگاکان یان لە کێڵگەکانیاندا کشتووکاڵ بکەن. چونکە سەربازانی تورک خێرا تەقەیان لێدەکەن.

 

ڕوناک حەمە غەریب لە کۆتاییدا دەنووسێت: "هەموومان بەرەو گۆڕستان دەڕۆین. گۆڕەکەی هیمداد گوڵڕێژ کراوەو و داوێژ کراوە کە دەستێکی دایکانە چاودێریان بووە بۆ ئەوەی نەژاکێن. وەکوو سیمبۆلێک بۆ زیندوو مانەوەی یادی هیمدادی شەهید و هەروەها گرنگی خۆڕاگری دژی داگیرکاری و ستەم، دارێکی زەیتون لەسەر گۆڕەکەی هیمداد دەچێنین. بە هیوای ئەوەی کە هیچ دەسەڵاتێک بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆمب و مووشەک بەسەر خەڵکێکدا نەبارێنێت کە هیچ تاوانێکیان لە ململانێی وڵاتاندا نییە. جگە لەوەی کە کاشانەیان کەوتوەتە چەقی پێکدادان و ئاژاوەی نێوان هێزە چەکدارەکان."

 

جواهیرە تاکە دایکێک نییە کە شەڕ سێبەری خستوەتە سەر ژیانی و بەداخەوە کۆتا دایکیش نابێت.

 

سەرچاوە: سایتی فەرمی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی