چالاکوانێکی برادۆست: بێدەنگبوون دەستی داگیرکاری درێژتر دەکات

هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بەردەوامە، ناوچە سنورییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و چالاکوانێکی دەڤەری برادۆست باس لەوەدەکات هاوڵاتیان داوای وەستاندنی هێرشەکان دەکەن و دژی داگیرکارین.

مریەم ئەحمەد

 

هەولێر- بە هۆی بۆردومانەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیا بە بیانووی داگیرکردنی باشوری کوردستان رۆژانە چەندین گوند لە سنوری شارەدێی سیدەكان بۆردومان دەكرێن، گوندەکان زیانیان بەردەکەوێت و چۆڵدەبن، هاوڵاتیانیش ناڕازین لەو دۆخە و داوای ڕیگری کردن لە هێرشەکان دەکەن.

 

ئاواز شێرزاد، چالاكوانێکی دەڤەری برادۆستی سەر بە شارەدێی سیدەکان لە پارێزگای هەولێرە، باس لە دۆخی ئەو دەڤەرە دەكات کە چەندین ساڵە بە هۆی بوونی سوپای دەوڵەتی توركیا و سوپای پاسدارانی ئێرانە و هێرشە بەردەوامەكانیانەوە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان کردووە، "لە ڕووی گوزەرانەوە زیانێكی زۆر بەر ئابووری خێزانەكان كەوتووە كە خێزان هەبووە چەندین مەڕ و مالاتی لە دەستداوە و زیان بەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەوتووە بەهۆی بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیاوە، هەروەها چەندین گوند چۆڵكراون".

 

هاوڵاتیان داواکارن ڕێگری لە هێرشەکان بکرێت

ئەو چالاکوانە ژیانی هاوڵاتیان باس دەکات لەناو بۆردومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا کە لە وەرزی بەهاردا ناتوانن بچنە شاخەکان و گیا بەهارییەکان کۆبکەنەوە، دەشڵێت: "هاوڵاتیان ناڕازین لە دۆخی ناوچە سنورییەکان و بەردەوام داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن سنور بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبنێت و بە بیانووی جیاواز هێرش نەکرێتە سەر هاوڵاتیان".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا سنوری دەڤەری برادۆست کە ناوچەیەکی گەشتیارییە بەڵام بەهۆی بۆردومانەوە ناتوانرێت سەردانی بکرێت و وەک کەرتی گەشتیاری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لە کۆتایشدا جەختی لەوەکردەوە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە هێرش و بۆردومان نەکات شوێنی نیشتەجێبوونی ناوچە سنورییەکان چۆڵ دەبن و دەستی داگیرکاری درێژتر دەبێت بۆ سەر ناوچەکە.

 

برادۆست ناوچەیەکی دڵگیرە و جێی ئامانجی دەوڵەتی تورکیایە

جێی ئاماژەیە دەڤەری برادۆست یەکێکە لە ناوچە دڵڕفێنەکانی باشوری کوردستان، ناوچەیەکی گەشتیارییە و خاوەن چیای سەرکەشە، بەڵام بەهۆی لەشکرکێشییە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچەکە گوندنشینان ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، لە سەرەتای مانگی نیساندا، زیاتر لە ١٠٠ سەربازی دەوڵەتی تورکیا دەچنە گوندەکانی خەلیفان، لێلکان، هەڵکێڵا و کونەڵە، هەڕەشە و داوای کاری هەواڵگرییان لە خەڵکی گوندەکە کردووە بەڵام ڕەتکراوەتەوە، دوابەدوای ئەوە لە ١٥ی نیساندا سوپای تورکیا دەچێتە گوندەکانی دیلا ـ مالماڵۆک ـ میدان لە سنوری دەڤەری برادۆست و ١٥ گەنجیان لێ دەستگیر دەکات و ئەشکەنجەیان دەدەن.