دایکێک داوا دەکات چیتر شەڕی کورد بە کورد نەکرێت

دایکان پێیان وایە ئەو هەوڵەی چەندین ساڵ نەتەوەی کورد لە پێناو دەستکەوتنی ئازادی داویەتی لەسایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی پەدەکە بەرەو لەناوچوون دەچێت، دەڵێن هەرچەند کورد هەوڵی داگیرکردنی بدرێت، لەناو ناچێت، چونکە خاوەن ئیرادەیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- فەتحی عەلی یەکێکە لەو دایکانەی خاوەن شەهیدە، دایکێکی ئاشتیخوازە، لە خەمی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان دایە، بۆیە سەرجەمی ئەو هێرش و داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر کورد و خاکی کوردستان ئیدانە دەکات و دێتە دەنگ و ڕوودەکاتە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان کە چیتر خاکی کوردستان نەفرۆشن و ڕێگە بە داگیرکاران نەدەن سنورەکان تێبپەڕێنن.

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، دایکە فەتحی عەلی ئاماژەی بەوەدا کوردستان ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە، دوژمنان چاویان بڕیوەتە خاکەکەی، هەمیشەش خۆفرۆشانێک هەبوون دوژمن کەڵکی لێوەرگرتوون بۆ ئەوەی سنورەکان ببەزێنن.

 

"دایکان لە ترسی دووبارەبوونەوەی مێژووی کورددا دەژین"

فەتحیە عەلی، باسی لەوەکرد هێشتا لە مانگی نیسانداین کە مانگێکە چەندین کارەساتی یەک لە دوا یەکی وەک ئەنفال و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و بەرزانی تێدایە بەڵام لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەدا دەژین، چونکە هێرش و داگیرکارییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر و زیاتر دەبن، وتی "ئێمە خوێن لە جەستەمان دەتکێت ئەوکاتەی دەبینین دووبارە هەوڵ بۆ وێرانکردنی خاک و نەتەوەکەمان دەدرێت، چەندین شەهید و شۆڕشمان کرد تا گەیشتووین بەم کەمە ئازادییە بەڵا لە سایەی پارتی دیموکراتی کوردستان دووبارە هەڕەشە لەسەر ئازادییەکەمانە".

 

بۆیە وەک دایکێک ئیدانەی تەواوی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات، پەدەکە و پشتیوانیانی داگیرکەران شەرمەزار دەکات دەڵێت "نەک تەنها پەدەکە پێویستە هۆشیار ببێتەوە بەڵکو حیزب و لایەنەکانی دیکەش پێویستە هەڵوێست وەربگرن لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئێستای باشوری کوردستان".

 

"پێویستە شەرمەزاری ئەو گەریلایانە بین کە لە سەنگەردا دەجەنگن"

دایکە فەتحی ئاماژەی بەوەدا بە سەدان گەریلا هاوڵاتی باشوری کوردستانن، لە بوونی هەر مەترسی و شەڕێک مەترسی لەسەر گیانی ئەوان دروستدەبێت بۆیە بە پێویستی دەزانێت بۆ ئیدانەکردنی دەسەڵاتداران و هاوڵاتیان هەڵوێست وەربگرن، "هەرچەندە بە درێژایی مێژوو داگیرکەران و ناحەزانی کورد هەوڵی داگیرکردن و لەناوبردنی نەتەوەی کوردیان داوە بەڵام کورد هەرگیز لەناو ناچێت چونکە خاوەن ئیرادەیە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستای باشوری کوردستان لە سایەی بوونی دەسەڵاتێکی بەرژەوەندچی و لایەنگری داگیرکەر گەنجان برسیکراون و ئینتیمای نیشتیمانیان کەم بووەتەوە، چونکە ژیانیان نەهێشتووە لە هەرێمی کوردستان."

 

"با ڕێگری بکەین لە شەڕی پێشمەرگە و گەریلا"

لەوکاتەی داعش هێرشی کردە سەر ناوچەی کەرکوک، پێشمەرگە و گەریلا لەیەک ڕیزدا شانبەشانی یەک دەجەنگان، وەک دایکی شەهیدێک وەتی: "بەڵام ئێستا لەسایەی بوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم و سیستمی پەدەکە پێشمەرگەکان دەدەنە شەڕ دژی گەریلا، داوا لە پێشمەرگەکان دەکەم لە دژی گەریلا شەڕ نەکەن و فریو نەخۆن، لە بری گولە گوڵ بکەنە لولەی تفەنگەکانیان، بەڵکو پشتی یەکبگرن و لە دژی داگیرکەر بجەنگن".

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە سەرۆک هۆزەکانی وڵاتانی دیکە هاتوونەتە دەنگ لەسەر پرسی داگیرکاری بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی حکومەت بێدەنگ و هەڵوێستن، بۆیە دووبارە ڕوولە دایک و گەنجان و ژنان دەکات پشتیوانی گەریلاکان بکەن، چونکە ئەوانن لە پێناو نەتەوەی کورد و کوردستان دەجەنگن.

 

"بەرژەوەندی دوژمن شەڕی براکوژییە"

فەتحی عەلی دەڵێت کە پەدەکە پێویستە ئاگاداربێت لەوەی هەرکات گەریلا لە شاخ نەمێنێت ئەردۆغان پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو دەبات، چونکە دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی گەریلا هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان بەڵام ئامانجی گەریلا نییە بەڵکو تەواوی خاکی کوردستان و نەتەوەی کوردە، بە پێویستی دەزانێتر پەدەکە ڕێگا بە شەڕی کورد بە کورد نەدات، چونکە ئەردۆغان داگیرکەری تەواوەتییە.

 

دەربارەی بێدەنگی خەڵکی باشوری کوردستان وتی" خەڵکی بێدەنگ نییە بەڵکو بێدەنگیان کردوون، ناهێڵن ناڕەزای دەرببڕن، دەڵێن حکومەت هەڵوێستی نەبێت ئێمە چیمان لەدەست یەت، بەلام گرنگە بزانن دەنگی نەتەوە هۆکارە بۆ لەناوبردنی دووژمن، حکومەتیش و دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و بێ هەڵوێستن، بۆیە خۆیان ماتداوە و بوونەتە ڕێگە خۆشکەرێک بۆ نەمانی سنورەکان، حکومەت بەس هاوکاری دەڵوتی تورکیا نەکات ئەگەر بێهەڵوێستیش بێت داگیرکەر ناتوانێت سەربکەوێت."

 

ژنان ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە کپکردنی شەڕ و داگیرکاری

چەندین نمونەی بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنان هەن وەک باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ژنان بێدەنگ کراون، دایکە فەتحیش دەڵێت: "هەریەک لە دایکانی ڕۆژئاوا و باکوور ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پشتیوانیکردن لە ژنان و خاکی باشور، بۆیە پێویستە ژنان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و سودمەند بن لە تێکۆشانی ئەو ژنە تێکۆشەرانە و بە ڕووی داگیرکاراندا بووەستنەوە، چونکە ئەردۆغان ناوەستێت لە داگیرکاری و هەوڵی کەرکوک و موسڵیش دەدات، بۆیە دەنگی ژنان و گەنجان و دایکان بێنە سەر شەقام و هەڵوێست وەربگرن و داهاتوویەک بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، نەک دایک لە ڕۆڵەی خۆی بێبەش بێت و منداڵ بێکە و دەربەدەر بێت".