"خواستی خەڵک لەسەر خواردنە کۆنە کوردەوارییەکانە"

لاولاو مستەفا، سەرپەرشتیاری کارگەیەکی نان و کولێرەی بەهێ خانە، لەگەڵ ٩ ژنی تردا بە شێوازی کۆن خواردنەکان دروست دەکەن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کولتووری کۆنی کوردەواری بکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- پارێزگاریکردن لە کولتووری نەتەوە گرێدراوە بە مانەوەی ڕاستینەی، زۆرجار ئەو پارێزگاری ردنە لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت بە ڕەنج و تێکۆشان و بەهرەکانی خۆیان، لاولاو مستەفا، یەکێکە لەو ژنانەی سەرپەرشتیاری کارگەی نانی بەهێ خان دەکات، کە بە هۆی دانانی ئەم کارگەیە و کردنەوەی خواردنگەیەک، هەلیکاری بۆ ٩ ژنی دیکە ڕەخساندووە و توانیویەتی پارێزگاری لە کولتووری کوردی بکات، بە دروستکردنی خواردن و نانی کوردەواری و وایکردووە خەڵکی لە شارەکانی ترەوە ڕووبکەنە خواردنگەکەی لاولاو.

 

کاتژمێر ٢ ی شەو لاولاو دەچێتە سەر کار

لاولاو مستەفا ماوەی دوو ساڵە سەرپەرشتیارە لە کارگەی "نانی بەهێ خان" و ڕۆژانە لەگەڵ ژنانیتردا خەریکی کارکردن دەبن، خۆی کاتژمێر ٢ی شەو دەڕواتە سەر کار و خەریکی شێلانی هەویرەکە دەبێت و ڕەشکە و کونجی دەکاتە ناو کولێرە و نانەکە، بۆ ئەوەی تاموبۆنی خۆش بێت، هەروەها خواردنەکانی بەیانیان ئامادە دەکات و تەندور دادەخات تا ژنەکانی تر دێنە سەر کار، دواتر ئەو شلانەی کە لە کوردەواریدا باوە لە ژوورەوە بە هاوکاری ژنەکانی تر دروستی دەکات، لاولاو یەکەم جاری نیە ئەم ئیشە بکات، پێش ئەوەی کارگەکە بکاتەوە ماوەی دوو ساڵ لە بەختیاری کاری دروستکردنی کولێرە و نانی کردووە.

 

"زۆر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم لە کارەکەمدا"

لاولاو مستەفا لە کاتی کارکردندا زۆر هیلاک دەبێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت زۆر هەست بە ئاسودەیی دەکات لە کارەکەیدا. لە خواردنگەکەی لاولاودا کاتژمێر ٦ی بەیانی هەموو خواردنەکان ئامادە دەبێت و کولێرەکەش کاتژمێر ٥ی بەیانی ئامادەیە، ژنان بۆ دەستپێکردنی کولێرە تەندورەکە پاک دەکەنەوە و دایدەخەن و دار دەکەنە ناوی بۆ ئاگرکردنەوە تا گەرم دەبێت، لاولاو و ژنەکانی هاوکاری کولێرە و کەلانە و ناوەشکێنە دروست دەکەن، هەروەها سێ جۆر نان دەکەن وەک، نانی تیری، نانی سپی، نانی جۆ و نانی گەنم، وتیشی: موشتەرییەکان زیاتر حەز بە کولێرە و نانی بۆر دەکەن و دەڵین با کولێرەکە پەنجەکێش بێ وەکو زەمانی کۆن، حەزدەکەن زیاتر ببرژێت و زۆر حەزیان بە خواردنەکانی لاولاو هەیە.

 

"ژنان گیانی هاوکارییان زیاترە"

لاولاو مستەفا کە خۆی سەرپەرشتیاری شوێنەکە دەکات هەلی کاری بۆ ٩ ژنی دیکە ڕەخساندووە، کە سێ ژنیان لە بەشی خواردنگە کار دەکەن و ٤ ژنیان نان دروستدەکەن، خۆی و دوو ژنی تر خەریکی دروستکردنی کولێرە دەبن، گیانی هاوکاری زۆرە لە نێوان لاولاو و ژنەکانی تردا، جگە لەوەی کە بۆ کار دەڕۆن لە هەموو ڕوویەکەوە یارمەتی یەکتر دەدەن، چونکە ژنان گیانی هاوکاریان زیاترە و لە یەکتر تێدەگەن، ئەو ژنانەی لەگەڵ لاولاودا کار دەکەن دوای تەواوبوونی کاتی کارکردنی خۆیان زۆرجار دەمێننەوە بۆ یارمەتیدانی لاولاو.

 

لە کارگەی نانی بەهێ خان ماستی کوردی، کەلانە بە ڕۆنی کوردی و پەنیری کوردی و چەندین بەرهەمی کوردەواری هەیە، ئەوەی ئەم کارگە و خواردنگەیە جیا دەکاتەوە لە شوێنەکانی تر ئەوەیە، خواردنە کوردەوارییەکان بە شێوازی کۆن دروست دەکرێت و خەڵکی زۆر ڕووی لێ دەکات، زۆربەی موشتەرییەکان کە دێن بۆ کڕینی کولێرە پرسیاری ئەوە لە لاولاو دەکەن، کە چی بەکاردەهێنێت لە کولێرەکانیدا، چونکە تاموچێژی کولێرەی کارگەی بەهێ خان تایبەتە.

 

خواردنگەکە بۆ پاراستنی کولتووری کوردییە

لاولاو مستەفا خۆی ئاماژەی بەوەکرد، "کردنەوەی شوێنی لەم جۆرە پێویستە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کولتووری کوردی بکەین، خەڵک لە شارەکانی ترەوە دێن بۆ کڕینی ئەم کولێرە و کەلانەیە، چونکە لێرە بە شێوازی کوردەواری دروست دەکرێت، ئێمە ئەم کارەمان لە دایک و داپیرمانەوە بۆ ماوەتەوە و وەک دەبینین توانای ژنانی کورد لەم بوارەدا زیاترە، ئێمەش دەبێت ئەم کولتوورە بپارێزین و ببینە یارمەتیدەر بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن ئەم بەرهەمانە دروستبکەن لەبەر هەبوونی کار و دەوام".

 

هەبوونی ڕێگریەکان تواناکانی هێرۆی نەوەستاندوە

هێرۆ بەهادین، یەکێکە لەو ژنانەی لە کارگەی نانی بەهێ خان خەریکی دروستکردنی کەلانە دەبێت، لەبەر قورسی باری ژیان ماوەی مانگێکە دەستیکردووە بەو کارە بۆ یارمەتیدانی هاوژین و منداڵەکانی، بەیانیان کاتژمێر ٦ی بەیانی دەڕواتە دەرەوە بۆ سەر کار و پیازی کەلانە ورد دەکات، کاتژمێر ٤ی ئێوارە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، هێرۆ یەکەم جاریەتی ئەم ئیشە بکات لە دەرەوە، چونکە بۆ کارکردن ڕێگری زۆر هاتووەتە بەردەمی، بەڵام لە هەوڵەکانی نەوەستاوە.

 

ئەو کەلانەی هێرۆ دروستیدەکات خواستێکی زۆری لەسەرە لە زستاندا بە تایبەت ڕۆژانی هەینی، کەلانەکە تا کاتژمێر ٤ی ئێوارە هیچی نامێنێتەوە، هێرۆ وەک خۆی دەڵێت: ژنان پێویستە پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و گوێ بە قسە و ڕێگرییەکان نەدەن، هەروەها بە کردنی ئەم کارانە کولتووری کوردی بپارێزن.