ڕانیە، کارگەیەکی شیرینی چەندین ژنی ڕەنجکێش کۆدەکاتەوە

لە شاری ڕانیە کارگەیەکی شیرینی چەندین ژن کۆدەکاتەوە و بەشێکیان بۆ بژێوی ژیان و بەشێکی دیکەیان وەک حەزی خۆیان کاری تێدا دەکەن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- کارگەی شیرینی "خانمان" لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین کراوەتەوە و چەندین ژن کاری تێدا دەکەن، بەشێک لەو ژنانە بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان دەستیان بە کارکردووە و بەشێکی دیکەیان وەک حەز و خولیای خۆیان دەستیان بە شیرینی دروستکردن و بەرهەمهێنان کردووە.

 

شادی بابەکر، دەرچووی ئەندازیاری میکانیکە، خاوەنی شیرینی "خانمان"ە، باسی لە کارکردنی ژنان کرد لە شاری ڕانیە و وتی: ڕانیە لەچاو ئەوەی شارێکی بچوکە، بەڵام تا ئاستێکی باش ژنان دەتوانن کاری تێدا بکەن و ببن بە خاوەنکاری خۆیان و پڕۆژە و دوکان و ناوەندی جیاوازیان بنیاد ناوە و کاری تێدا دەکەن.

 

"من وەکو خولیایەک کاردەکە دەکەم"

شادی کە خۆی خولیای کارکردنی لە بواری شیرینی هەیە، باسی لەوەکرد کە، مەرج نییە کاکردنی ژنان تەنها بۆ بژێوی بێت، بەڵکو هەندێکیان خولیایان هەیە، وتیشی: کارکردنی من لە شیرینیدا خەونی من بووە، خۆم ئەندازیاریم تەواو کردووە، بەڵام حەزم لە کارکردن بوو لە بواری شیرینیدا، زۆر کەسی دیکە بەوشێوەیەیە، حەزیان لە کارەکە هەیە و دەیەوێت لەو بوارەدا بگاتە ئامانجی گەورەتر، یان ئامانجێکی ترت هەیە چەند کەسێکی تر بخەیتە سەر ئیش لەگەڵ خۆتدا و کاربکات..

 

شادی بابەکر باسی لە دەستکردن بە کار کرد و وتی: هەر کارێکی حەزت لێبێت، هەر خەونێکت هەبێی، شێوازی دەستپێکردنەکەی دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن پلان دادەنێیت، چۆن ئامانجەکەت ڕێکدەخەی، بۆ نمونە ئەم کارگەی شیرینییە لە چییەوە دەستپێدەکەی، دەگەیتە کوێ و چیت دەوێت دەبێ پلانی بۆ دابنێی، هەموو کەسێک بیەوێت کارێکی گەورە بکات و بگاتە قۆناغێکی باش و ئەو شتەی خۆی دەیەوێت ئەنجامی بدات، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی دەبێتەوە، بەڵام ئازایەتی خۆت دەوردەبینێت، چۆن خۆت دەگونجێنیت لەگەڵ کێشەکاندا و چۆن ئیشەکەت گەورە دەکەی.

 

"دەبێت ژنان خاوەن بژێوی خۆیان بن"

خەندە عومەر، ژنێکی دانیشتووی ڕانیەیە و لە کارگەی شیرینی خانمان دەستی بەکارکردووە، باسی لە کارەکانیان کرد و وتی: لێرە ستافەکەمان هەشت کارمەندین، لە ڕووی خێزانییەوە ڕێگریمان نییە و لە دەرەوەش پێویستە هەموو ژنێک خاوەنکاری خۆی بێت و بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی دابینبکات.