بە کاری چایچیەتی بژێوی خۆی و ٧ منداڵی دیکە دابین دەکات

سەمیرە محەمەد یەکێکە لەو ژنانەی، سەرەڕای ڕێگرییەکانی کۆمەڵگە و دابونەریت، وەک ژنێکی خاوەن ئیرادە وازی لە تواناکانی خۆی نەهێناوە و ئێستا کاری چایچیەتی دەکات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- قەیرانی دارایی و نەبوونی ئابوورییەکی باش دۆخی ژیانی سەختتر کردووە و هەلی کاری کەم کردووەتەوە، لە لایەکی ترەوە ڕێگریەکانی کۆمەڵگە و دابونەریت، کە هەندێک کاری تایبەت کردووە بە پیاوان، وایکردووە بەشێک لە ژنان سڵ بکەنەوە لەو کارانەی ڕەنگی پیاوانیان پێوە دیارە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ژنانی خاوەن ئیرادە کاری خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆیان بوەستن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن.

 

سەمیرە محەمەد، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانیە و نزیکەی ٣ ساڵە دەستی کردووە بە ئیشی چایچیەتی لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، بەهۆی ئەم کارەیەوە منداڵەکانی خۆی و  ٧ منداڵی دیکە بەخێو دەکات.

 

"من تەنها بە شەو دەتوانم کار بکەم"

سەمیرە محەمەد پێشتر لە دارە سووتاوەکە خواردنی دەفرۆشت، بەڵام دوای ئەوەی هاوژینەکەی کۆچی دواییکرد، نزیکەی ٣ ساڵە دەستیکردووە بە کاری چایچیەتی لە بەردەم مزگەوتی گەورە، وەک خۆی دەڵیت "من بە ڕۆژ ناتوانم کاری چایچییەتیەکەم بکەم، ئێوارانیش لەبەر ئەوەی پۆلیس ڕێگەمان نادات ناتوانم زووتر بێمە سەر ئیشەکەم"، بۆیە سەمیرە شەوانە نزیکەی ١٠ کاتژمێر کار دەکات، کاتژمێر ٥ی ئێوارە دێتە سەر کار و کاتژمێر ٣ی شەو دەگەڕێتەوە ماڵەوە، هەرچەندە فەرمانبەریشە، بەڵام لەبەرئەوەی بژێوی ژیان قورس بووە، بۆیە دەستیکردووە بەم کارە و دەتوانێت بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دابین بکات.

 

 

جگە لە منداڵی خۆی منداڵی دیکەش بەخێو دەکات

سەمیرە محەمەد بڕیاریدا کە ئەو منداڵی بێسەرپەرشت بەخێو بکات و جیاوازی لە نێوان منداڵەکانی خۆی و ئەو منداڵانەی تردا نەکات، بۆیە ٧ منداڵی دیکەدەگرێتە خۆی و لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا بژێویان دابین دەکات، لە ئێستادا بەشێک لە منداڵەکانی گەڕاونەتەوە لای باوکیان و تەنها ٣ منداڵیان ماوە کە بەخێویان دەکات.

 

لە وەرزی زستاندا ئیش و کارەکان قورستر دەبن

ئیشەکان کە بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت، لە وەرزی زستاندا ئیشەکان زۆر قورسترە، سەمیرە محەمەدیش لەبەر سەرما و باران بارین بۆ ئەوەی منداڵەکانی سەرمایان نەبێت، ناتوانێت زۆر بمێنمەوە لەو شوێنەدا، دەشڵێت: "وەرزی هاوین بۆ ئێمە باشترە، هاوین ماڵی هەژارانە و دەتوانین چەندمان بوێت بەو شێوەیە ئیش بکەین، چونکە لە وەرزی هاویندا تا کاتژمێر ٧ و نیوی بەیانی دەمێنمەوە و هیچ کێشەیەکم بۆ دروست نابێت"، سەمیرە ئیشەکەی بەو جۆرەیە، کە ئەگەر چایخانەکانی نزیک ئەو کراوە بن، خەڵکی کەمتر دێن بۆ لای، بەڵام ئەگەر چایخانەکان دابخرێن یان نەیکەنەوە خەڵکی زۆر ڕوو لە چاییەکەی سەمیرە دەکەن و لای قەرەباڵغ دەبێت و خەڵکیش زۆر ڕازین لە تامی چاییەکەی.

 

 سەمیرە ئەو خواردنەوانە ئامادە دەکات کە لە زستاندا دەخورێنەوە  

سەمیرە محەمەد لەسەر عارەبانەکەی ئەو خواردنەوانە ئامادە دەکات کە لە وەرزی زستاندا زیاتر دەخورێنەوە، وەک چا و نیسکافە و شیر، ئەو کە لەو شوێنە کار دەکات، شوێنەکەی پێ گونجاوە و پێیوایە هەر کەسێکیش بیەوێت کار بکات بە دەست خۆی کەوتووە، نابێت هیچ شتێک بکات بە ڕێگر لە بەردەمی خۆیدا.

 

سەمیرە محەمەد کە خۆشەویستییەکی زۆری هەیە بۆ کارەکەی، دەڵێت: "کە هەر کارێک بکەی دەبێت کارەکەتت زۆر خۆشبوێت، من کارەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت، ئەگەر ئەو حەز و خولیا و خۆشەویستیەم نەبوایە بۆ کارەکەم، نەمدەتوانی تا ئێستا بەردەوام بم"، لە پلانیدا هەیە کە خواردەمەنیش دابنێت لە پاڵ ئەم کارەیدا، چونکە هەر کارێک ئەگەر ژنان بیکەن باشترە، چونکە ژنان زیاتر گرنگی بە تامی خورادن و پاکوخاوێنی دەدەن.

 

 

"نابێت کولتوور بکەینە ڕێگر لە بەردەم کارکردندا"

 سەمیرە محەمەد لە کۆتایدا بە ئێمەی وت: من وەک ژنێکی خاوەنکار کە گوێم بە هیچ ڕێگرییەک نەداوە و کاری خۆم دەکەم، هیوادارم کە ژنانی تریش دەستبکەن بە کاری خۆیان و لەسەر پێی خۆیان بوەستن و پشت بە خۆیان ببەستن، چاویان لە دەستی کەس نەبێت و بە ڕەنج و ماندوبوونی خۆیان کار بکەن، هەرچەندە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە هۆی دابونەریت و کولتوورەوە هەندێک کار تایبەت کراوە بە پیاوان، یەکێک لەوانەش کاری چایچیەتییە، بەڵام کارکردن هیچ جیاوازی نییە لە نێوان ژن و پیاودا و ئەگەر کەسێک مەبەستی بێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنکاری خۆی، ڕاستە هەندێک ئیش قورسە، بەڵام نابێت کۆڵ بدەین و دەبێت هەوڵ بدەین.