ڕاپۆرتێک: ڕێژەی هەڵاوسانی خۆراک لە ئێران بەرزترین ئاستی تۆمار کرد

خەڵک لە ئێران بەدەست کێشەی ژیانەوە دەناڵێنن، بەو پێیەی ڕێژەی هەڵاوسانی خۆراک گەیشتووەتە نزیکەی .

هیما ڕاد

 

سنە- بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و پێداویستی هاوڵاتیان ڕۆژانە لە بەرزبوونەوە دایە و دۆخی هاوڵاتیانی دژوار کردووە، هیچ کۆنتڕۆڵ و پشکنینێکیش بۆ نرخەکان ناکرێت.

 

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەی هەڵاوسانی خۆراک بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٪٦٨ زیادی کردووە، نرخی نان و دانەوێڵە بە ڕێژەی زیاتر لە ٪٧٤ و گۆشتی سوور بە ڕێژەی ٪٦٤ و شیر و پەنیر و هێلکە بە ڕێژەی زیاتر لە ٪٨١ زیادی کردووە.

 

بەشێک لە ژیانی مرۆڤەکان بەرەو خراپی دەروات و نائومێدی دروستبووە، هەروەها کڕینی خۆراکە سەرەتاییە پێویستەکانی وەک پیاز بووەتە ئەستەم، چونکە هەر کیلۆیەک بووەتە نزیکەی چل هەزار تمەن، ئەمەش وایکرد خەڵک ژەمەکانیان کەمبکەنەوە.

 

ئەو کەسانەی داهاتیان سنووردار و لاوازە ناتوانن پرۆتین و ڤیتامینە پێویستەکان بۆ لەش لە میوە و بەرهەمە شیرەمەنیەکان و گۆشت و مریشک و هتد بەدەستبهێنن، ئەوان تەنها برسێتی خۆیان تێر دەکەن و بەدوای چێژوەرگرتن لەو نیعمەتانەدا ناگەڕێن، چونکە بەردەست نین بۆیان.

 

هەرچەندە بەردەوامی سەپاندنی سزاکان و بەرزبوونەوەی نرخی دراو و زێڕ کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی کاڵاکان هەیە، بەڵام پێش بەرزبوونەوەی گەمارۆکان و دەستپێکردنی ڕاپەڕین لە وڵاتدا، هیچ یاسایەک نەبووە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لە بازاڕدا.

 

خەڵک هەموو ڕۆژێک بە خەمی گرانبوونی نرخەوە دەخەون و لە خەو هەڵدەستن و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕاپەڕینی خەڵک دەبێت بە هەمان شێوە بگۆڕێت بۆ شۆڕشێکی ئابووری، هاوڵاتیان دڵتەنگن و توانای ژیانێکی شایستەیان نییە.

 

ئەم دۆخە لە تارانی پایتەختی ئێران کەمتر دیارە و هەر بەم هۆیەشەوە ناڕەزایەتییەکانی پایتەخت زۆر جیاوازن لەگەڵ پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باشووری ئێران، ناڕەزایەتییەکانیان زیاتر ڕەمزییە، وەک "دابەشکردنی شوکولاتە و دروشم لە پشت پەنجەرەکانەوە"، واتە هەست بە دڵتەنگی ناکەن.

 

وەک بینیمان زۆربەی بەشداربووانی مانگرتنە گشتییەکان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاشان پارێزگای سیستان- بەلووچستانن، بەڵام تاران بە قەبارەیەکی بەرفراوان بەشداری مانگرتنەکانی نەکرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هیچ ئازارێکی هاوبەش لە نێوان ئەو پارێزگایانەدا نییە و دانیشتوانی پایتەخت و شارەکانی دیکە، هەرچەندە هەموو بەشەکانی ئێران دەیانەوێت حکومەت بڕوخێنرێت، بەڵام کاردانەوەکان جیاوازن و داواکاری ناڕەزایەتییەکانیش جیاوازن.

 

بوونی خۆپیشاندان لە شەقامەکان، ژمارەی کوژراوان، ژمارەی زیندانییەکان، گرانیی کەرەستە و شتی دیکە زیاتر ئامانجیان باشوور و ڕۆژئاوای وڵات بوو، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و نزیکبوونەوەی خێرای بۆ پەنجا هەزار تمەن و ڕەنگە زیاتریش، دوای ئەگەری کاردانەوەی تاران دێت.