ساڵانێک کۆمەڵگە بە نامۆیی دەیڕوانیە ئەندازیاری بۆ ژنان، بەڵام ژنێک دەگاتە لوتکە

ساڵانێک کەمتر دەرفەتی خوێندن بە کچان دەدرا و کۆمەڵگە بە نامۆییەوە دەیڕوانیە ئەندازیاری بۆ ژنان، شادان مەدحەت بەهۆی حەز و خولیایەوە بۆ ئەندازیاری چەندین دەستکەوت تۆمار دەکات و دەبێتە یەکەم ئەندازیاری  ژنی کورد لە بەغدا بە تواناکانی خۆی دەسەلمێنێت.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- شادان مەدحەت، ساڵی ١٩٤٢ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و تا قۆناغی زانکۆ خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، وەک یەکەم کچ لە شاری سلێمانی داواکاری خوێندن لە کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی بەغدا پێشکەشدەکات و بەوەش دەبێتە یەکەم کچی کورد لە بەغدا، کە لە کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی دەست بە خوێندن بکات.

 

شادان لە بواری ئەندازیاری خاوەنی چەندین دەستکەوتی زانستی، بڕوانامە و خەڵاتی ڕێزلێنانە کە بە تواناکانی سەلماندوویەتی ژنان دەتوانن سەرکەوتن بە دەستبهێنن لە هەر بوارێک کە کۆمەڵگە بۆ ژنان بە نامۆیی لێی بڕوانێت، وە بتوانن شانازی بۆ خۆیان، خێزانەکەیان و وڵاتەکەیان تۆماربکەن.

 

شادان مەدحەت لە یەکەمین ئەندازیارەکانی عێراق بووە کە ٧ مانگ ڕاهێنانی کردووە لەسەر بەکارهێنانی کۆمپیتەر بۆ دیزاین و لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بیانی و ئەندازیاری دەرەوە کاری کردووە،  سەردانی وڵاتانی چین، یابان، ئەڵمانیا و تورکیای کردووە، دواتریش وەک ڕاوێژکار کاری لەسەر پێگەیاندنی ئەندازیارە گەنجەکان کردووە.

 

"کۆمەڵگە بە نامۆیی دەیان ڕوانیە بواری ئەندازیاری بۆ ژنان "

لە دیمانەیەکدا شادان مەدحەت باسی لە ساڵانێک کرد، کە کچان کەمتر دەرفەتی خوێندنیان پێدەدرا و باسی هەڵبژاردنی کۆلێژی ئەندازیاری کرد، "لە بەشی زانستی خوێندنگاکە تەنها ٧ کچ بووین کە دەمانخوێند و بە پلەی دووهەم قۆناغی ئامادەییم تەواوکرد و هاوپۆلەکانم ئەو کات بەشە پزیشکییەکانیان هەڵبژارد، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو باوەڕییەی لەو کاتەدا باو بوو، کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی بەغدام هەڵبژارد چونکە حەز و خولیایەکی زۆرم بۆی هەبوو، تەنها کچ بووم لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی بەغدا لەگەڵ ١٥٠ کوڕی هاوپۆلم بخوێنم، بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا هیچ کچێکی دیکە لە کۆلێژە ئەندازیارییەکان نەیدەخوێند، ناچاربووم لەگەڵ خوێندکارانی کۆلێژە ئەدەبییەکان بەشی ناوخۆیی هەڵبژێرم".

 

شادان لەگەڵ ئەوەی تەنها کچ بووە لە کۆلێژی ئەندازیاری لە هەمان کاتدا بەهۆی ئەوەی کورد بووە و لە شاری سلێمانی ژیاوە، زمانی عەرەبی نەزانیووە ئەمانەش بەیەکەوە ئاستەنگی بۆ دروستکردووە، بەڵام بەو باوەڕییەی بە خەونەکەی هەیبووە، نەیهێشتووە ئەو ئاستەنگییانە ساردی بکاتەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی.

 

ئەندازیار شادان باسی لەوەکرد، لەو ساڵانەدا دید و تێڕوانین بۆ ژنان جیاواز و نامۆ بووە، کاتێک لە وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەم مامۆستاکە پێی وتووە بچێتەوە ماڵەوە باشترە، زۆر نیگەران بووە بەهۆی ئەو قسەیەوە، تا دواتر لە مەبەستی مامۆستاکەی تێگەشتووە، لە یادەوەرییەکی دیکەیدا باسی لەوەکرد، کاتێک دامەزراوە بەڕێوەبەرەکەی چووە بۆ زانکۆی بەغدا و وتویەتی کێشەی هەیە، چونکە ئەو ئەندازیارەی بۆیان داناوە کچە، بەڵام مامۆستای زانکۆکەی دڵنیابووە لە تواناکانی و دڵنیایی داوە کە دەتوانێت کارەکانی بە باشی ئەنجامبدات.

 

"توانیم خۆم بسەلمێنم و هەمیشە وەک ژنە ئەندازیارێکی بە توانا بە ناو دەکرام  "

شادان مەدحەت ئاماژەی بەوەدا کۆلێژی ئەندازیاری بۆ کوڕانیش قورسییەکی هەیە، بەڵام کاتێک بیر لە چوونە سەر پڕۆژە و سەرپەرشتیکردن دەکرێتەوە، لەبەرئەوەی هەمووی پیاوە، بۆیە بۆ کچان بەلایانەوە زەحمەت و نامۆیە، لەگەڵ ئەوەی بواری ئەندازیاری فراوانە و ژنان دەتوانن تیایدا بگەنە لوتکە، "تووشی قورسی و زەحمەتی زۆر بوومەوە، بەڵام توانیم خۆم بسەلمێنم، بۆیەکەمجار لە زانکۆی بەغدا دەستم بە کارکردن کرد و ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بووم، دواتر خۆمم گواستەوە بۆ بەشی دیزاین لە بەڕێوەبەرایەتی نیشتەجێبوون."

 

"چەندین دەستکەوت و نازناوی زانستیم بەدەستهێنا "

لە چەندین بواری ئەندازیاری شارستانی شادان توانیویەتی بە دەستکەوتەکانی خۆی بسەلمێنێت، " لە نوسینگەی ڕاوێژکاری ئەندازیاری دەستم بە کاری دیزاین کرد و چەندین بینا و باڵەخانەی دیارم دیزاینکرد، لەوانە: نەخۆشخانەی سامەڕا، کازمییە، کۆلێژی یاسا و دواتر بووم بە لێپرسراوی بەشی شارستانی و کارمان لەسەر نۆژەنکردنەوەی چەندین بینا و باڵەخانەی دیاری شارەکە کرد، لە شارەکانی دیکەی عێراقیش کاری دیزاین و نۆژەنکردنەوە و توێژینەوەی زانستیم ئەنجامداوە."

 

لە ساڵی ٢٠٠٢ شادان مەدحەت هاتوەتەوە شاری سلێمانی، نەخۆشخانەی چاوەکەی لە شاری سلێمانی دیزاین کردووە، لە پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی کاری کردووە، دواتریش لە خوێندنی باڵا دامەزراوە، پاش خانەنشینبوونیشی جارێکی دیکە لە بەشی دیزاینی پارێزگاری سلێمانی هاوکاری گەنجانی کردووە بۆ کاری دیزاین تا بتوانن سوود لە ئەزموونی ڕاوێژکارە بە ئەزموونەکان وەربگرن.

 

شادان مەدحەت وەک پەیامی کۆتای بۆ ژنان ئەوەی دووپاتکردەوە، کە گرنگترین شت ئەوەیە ژنان بچنە بوارێکەوە کە حەز و خولیایان بۆی هەیە، تا بتوانن سەرکەوتووبن، "ئەگەر من لە بوارێکی تر بمخوێندایە، کە حەزم لێی نییە، ئەوا نەمدەتوانی وەک ئێستا سەرکەوتوو بم، بۆیە گرنگە ژنان بە ویستی خۆیان هەڵبژاردنەکانی ژیانیان بکەن و خۆیان بسەلمێنن بە هەوڵ و تواناکانیان، لەسەر ڕێگایەکی ڕاست بن تا سەرکەوتووبن."