تاران... هەڕەشە و نائەمنی ئازاری فرۆشیارانی سەر شەقامەکان زیاتر دەکات

کارکردن لە بواری ئابووریدا بەشێوەی نافەرمی لە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەمەش بە هۆی زیادبوونی ژمارەی فرۆشیارانی سەر شەقامەکان و ئەو کێشە و سەختییە زۆرانەی کە لە تارانی پایتەخت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

پەرژین حەکیم

 

تاران- بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری ئێران، ژمارەی فرۆشیارانی سەر شەقامەکان لە سەرتاسەری وڵات و بە تایبەت ژنان لەپێناو دابینکردنی بژێوی بنەماڵەکانیان یان دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی خۆیان، زیادی کردووە.

 

فرۆشیارانی تاران بەدەست نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ نمایشکردنی کەلوپەلەکانیان و نەبوونی ئەمنیەتی و مامەڵەی توند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بازگەکان و هەروەها شارەوانییەوە دەناڵێنن، بۆیە بەشێکی زۆریان لە شەقامەکان یان میترۆکاندا ناتوانن بە ئاسوودەی بژێوی خۆیان دابین بکەن، هەرچەندە فرۆشیارەکان لە ئاماری کاردا وەک کرێکار نافەرمی جێگیرکراون، بەڵام بیمەی تەندروستی و خانەنشینی نایانگرێتەوە.

 

زۆرێک لە فرۆشیارانی سەر شەقامەکان لە گۆڕەپانی هەفت تیر لە تاران کۆدەبنەوە، هەندێکیان خواردنی جۆراوجۆر دەفرۆشن و هەندێکیشیان سەوزە دەفرۆشن، یەکێک لەو فرۆشیارانەی سەر شەقام کە لە کۆشکێکی بچووکدا خواردن دەفرۆشێت، باس لەوە دەکات کە ماوەی دە ساڵە خەریکی ئامادەکردن و فرۆشتنی خواردنە بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەی.

 

مریەم ئا. ژنێکی ٤٥ ساڵە و جلوبەرگ و جانتا دەفرۆشێت، بۆ بەدەستهێنانی بژیوی خۆی و دایکی، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆمپانیایەکدا وەکو ژمێریار کاری دەکرد و لەگەڵ زۆرێک لە کارمەندەکانی دیکەدا دەرکران، وتیشی: ڕازیم لێرە کار بکەم، گرنگ ئەوەیە کاتی کارەکەم بە دەست خۆمە و بە ئاسانی دەتوانم چەندین ئەرک ئەنجام بدەم، لەوانە چوون بۆ هۆڵی وەرزش و ئاگاداربوون لە دایکم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرنگی بە پلانی ڕێکخستنی فرۆشیارانی سەر شەقامەکان و تەرخانکردنی بازاڕێک بۆیان نادات، کە ساڵانێک لەمەوبەر شارەوانی بەڵێنی پێدابوون، ئەوەی گرنگە بۆی کۆشکێکی بچوک بگرێت و فرۆشیاری تێدا بکات.

 

ئەفسەرانی ناوچەکە پارەمان لێ وەردەگرن

لە یەکێک لە قەرەباڵغترین گۆڕەپانەکانی تاران، ژنێک بە ناوی مەهایا.م جلوبەرگ لە شوێنی کەسێکی دیکە بە کرێ دەفرۆشێت، وتی: خوشکەکەم هەموو کەلوپەلەکانم بۆ دەنێرێت لە ئەرمینیاوە، کوالێتی باشیان هەیە،چێژ لە فرۆشتنی جلوبەرگی کوالێتی بەرز بۆ ژنان و کچان وەردەگرم، ئەفسەرانی ناوچەکە مانگانە بڕە پارەیەکمان لێ وەرگرن بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە کارکردن، ئێمە لەژێر هەڕەشەداین، ئاسایشی بازگەکان دەست بەسەر کەلوپەلەکانماندا دەگرن ئەگەر بڕی پێویستیان پێنەدەین.

 

لای خۆیەوە ژنێکی تەمەن حەفتا ساڵان سەوزەی تازە ڕێکدەخات و سەوزەی وشککراوە دەخاتە ناو دەفرەوە، دەڵێت ماوەی ٢٠ ساڵە و دوای کۆچی دوایی هاوژینەکەی وەکو فرۆشیاری سەر شەقامەکان کاردەکات، تا بژیوی خۆی و خێزانەکەی دابین بکات.