گەمارۆکان ناتوانن ڕێگری لە بەرخۆدانی ژنان بکەن

ماوەی چوار ساڵە پەدەکە گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، بەڵام سەرەڕای ڕێگری و سەختی گەمارۆکان دانیشتوانی کامپەکە دەستبەرداری بەرخۆدان نەبوون.

بەرژین کارا

 

مەخموور- لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، لەلایەن پەدەکەوە گەمارۆیەکی بەهێز لەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور جێبەجێ دەکرێت، پەدەکە بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەکانیەوە هێرش دەکاتە سەر کامپەکە و بەربەست دروست دەکات لە هاتوچۆ بۆ کامپەکە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و پێداویستییەکانی ژیانی دانیشتووانی کامپەکە دەکات.

 

بەهۆی ئەو بەربەستانەی کە جێبەجێ دەکرێن، هاوڵاتیانی کامپەکە ناتوانن کارەکانیان جێبەجێ بکەن و پێداویستییەکانی ژیانیان لە زۆر ڕووەوە دابین بکەن و ڕووبەڕووی زەحمەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی بژێوی ژیانیان دەبنەوە.

 

لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، کردارە نامرۆڤایەتییەکانی پەدەکە، بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە، کامپی پەنابەران بە هەموو شێوەیەک بەرخۆدان دەکەن و هەوڵ دەدەن سەرەڕای هەموو بەربەستەکان بەردەوام بن لە ژیانیان، خەڵکی کامپەکە بەشدارن لە چەندین کار کە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن و منداڵەکانیان بەخێو دەکەن، بە تایبەتی، ژنان لە کامپەکەدا هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستن.

 

سەرەڕای هەموو سەختییەکان، ژنانی کامپەکە بە هەوڵێکی زۆرەوە بەردەوامن لە کارەکانیان، حەیات پیشکین یەکێکە لەو ژنانەی کاری درووینی جلوبەرگ دەکات و بژێوی ژیانی دابین دەکات، حەیات ئاماژەی بەوەکرد بۆ ماوەی ١٦ ساڵە کاری درووین دەکات و منداڵەکانی پەروەردە دەکات و بە خۆشەویستییەوە لە کارەکەی بەردەوامە.

 

"ژنان بەهۆی کارەکانیانەوە ناسراون"

حەیات پیشکین ئاماژەی بەوەکرد، ماوەیەکی زۆرە کار دەکات و لە دایکییەوە فێری دروومانی بووە، وتیشی: من بۆ ماوەی ١٦ ساڵە بە خۆشەویستییەوە خەریکی دروومانم، بە دڵ و ڕۆحی خۆم خەریکی دروومانی بووم، من جلی کوردی و جلوبەرگی دیکەم دەدرووی، دایکم دروومانی دەکرد و لەوەوە فێربووم، ئێمە لە ماڵەوە کار دەکەین، منداڵەکانمان گەورە دەکەین و بۆ خۆمان کار دەکەین، ژنێک کارێکی زۆر دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بێت، ژنان بە کارەکانیان ناسراون.

 

"ئێمە بەپێی ئەو دەرفەتانەی لە دەستماندان پێداویستییەکانمان دابین دەکەین"

حەیات پیشکین تیشکی خستەسەر کاریگەری گەمارۆکان و چۆن هەوڵدەدەن پێداویستییەکانیان دابین بکەن و وتی: ئامێرەکانمان خراپتر دەبن، سەرەڕای گەمارۆکان ئێمە هەوڵ دەدەین بەپێی دەرفەتەکانمان دروومانی بکەین، پێشتر کە ڕێگای هەولێر کراوەبوو، هەموو پێداویستییەکانمان لەوێوە دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو ڕێگایە داخراوە، ئێمە لە خوارەوە لە مەخموورەوە بەگوێرەی پێداویستییەکانی ئێستاو دەرفەتەکانمان دابینی دەکەین.

 

"منداڵەکانم دەیانەوێت خۆیان فێر بکەن"

حەیات پیشکین، کە منداڵەکانی فێری کارەکەی دەکات، باسی دڵخۆشی خۆی دەربارەی دوورینی جلوبەرگ کردو وتی: "کارێکی زۆر خۆشە، منداڵەکانم دەیانەوێت فێربن، ژنێک کە دەیەوێت بخوێنێت و پیشەیەکی هەبێت جیاوازە، ئەمەش پیشەیەکە بۆ ئێمە، پێویستمان بە کار هەیە لە کۆمەڵگەدا، ئێمە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کرێکارمان هەیە کە جلوبەرگی بەناوبانگ دروست دەکەن، ئەو جلوبەرگانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەبەری دەکەن، زۆر چێژ لەم کارە دەبینم.

 

"دەمەوێت هەموو ژنان فێری دروومانی ببن"

لە کۆتایی قسەکانیدا، حەیات پیشکین ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هەموو ژنێک کارێکی هەبێت و وتی: دەمەوێت هەموو ژنان بتوانن کار بکەن، خۆیان فێربکەن، بتوانن کارێک بۆ خۆیان ئەنجام بدەن، کاری دەستی بێت، دروومانی بێت، کاری ماڵ بێت، شەرم نەکەن لەو کرەی کە دەیکەن، ژنێک کە بتوانێت کار بکات دەتوانێت داهاتێکی ماددی خۆی هەبێت لە ژیانی ڕۆژانەدا، هەروەها دەستت بۆ پیاوێک پان ناکەیتەوەو  بڵێت من پێویستم بەوەیە و پێم بدە.