هەدیە بە کارەکەی ئابووری سەربەخۆی خۆی دابین کردووە

لە شارەدێی سەرکەپکان سەر بە هەرێمی ڕاپەڕین ژنان و کار دەکەن و پشت بە خۆیان دەبەستن بۆ ئەوەی بژێوی خۆیان دابین بکەن، هەدیەش یەکێکە لەو ژنانە و دەیەوێت ژنانی دیکەش بخاتە سەر کار.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- هەدیە محەمەد، دایکی منداڵێکە و خاوەنی بەرگدرووی "هیلال"ە لە سەرکەپکان لە هەرێمی ڕاپەڕین، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە دەستی بە کاری دروومان کردووە و دوای ئەوەی درک بە گرنگی فراوانکردنی کارەکەی دەکات، ماوەی ساڵێکە نەخشی کۆمپیتەریی داناوە، لەو بارەیەوە دەڵێت: وا هەستم کرد لە سەرکەپکان دووکانێکی لەو شێوەی پێویستە بۆیە بیرۆکەی ئەو ئیشەم بۆ هات، ماوەی ساڵێکە ئیشی چنین و نەخشی کۆمپیتەر دەکەم، ژنانی ئێستا بەهۆی نەگونجانی کار، یاخود ڕێگری خێزان و کۆمەڵگەوە ناتوانن کار بکەن، بەڵام بۆ من هەر خۆم حەز و خولیای ئەو ئیشەم هەبوو و خێزانەکەشم پاڵپشتیان دەکردم.

 

هەدیە باس لە ژنانی سەرکەپکان دەکات و دەڵێت: لە سەرکەپکان زۆر ژنی دەست ڕەنگین هەیە کە خاوەنی کاری خۆیانن، بەڵام بەشێکیان لە ماڵەوەن و دەرناکەون، زۆربەی دوکانەکانی ئێرە ژن بەڕێوەی دەبات، بۆ نمونە ئەو ژنانەی ئێرە نانی تیریان هەیە، خاوەن کارەکانیان ژنن، من وەکو ژنێک هەمیشە حەزم کردووە ئابووری سەربەخۆم هەبێت، ئیشبکەم و حەزم لە ئیشە، دڵنیاشم هەموو ژنەکان وان، بەڵام لەوانەیە هەندێک جار ڕێگری هەبێت.

 

هەدیە محەمەد هیواخوازە هەموو ژنێکی کورد خاوەنی ئیشی خۆی بێت، چونکە ژنی کورد بەهرەیان تێدایە و ناشاردرێتەوە، بەڵکو لە کات و ساتێکی گونجاودا بەهرەکانیان پیشان دەدەن، هەروەها وتیشی: ژنی سەرکەپکان خاوەنی ئیشی خۆیانن و خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیانن، پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە هیچ کاتێک بۆ هەر ئیشێک درەنگ نییە، هەوڵبدەن، بە هەوڵدان و بەردەوامی لە ئیشەکانیان دەگەنە سەرکەوتن، دەگەنە ئامانجەکانیان، من ئیشەکەی خۆم زۆر خۆشدەوێت، پاڵپشتی خەڵکیش دەورێکی زۆر باشی هەیە، خەڵکی سەرکەپکان پێشوازیەکی زۆر جوانیان لە ئیشەکەم کردووە و زۆر پاڵپشتن .