خۆشەویستی حەیات جومعە بۆ ئاژەڵداری ٤٥ ساڵ بەردەوامە

حەیات جومعە، لە شاری قامیشلۆ ماوەی ٤٥ ساڵە کاری ئاژەڵداری دەکات، خۆشەویستییەکی زۆری بۆ کارەکەی هەیە و لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەشی دابین دەکات.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- حەیات جومعەی ٦٥ ساڵان خەڵکی گوندی تل مەعروفە و ئێستا دانیشتووی شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، نزیکەی ٤٥ ساڵە سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵە و شیر و پەنیر و نڤیشک دروست دەکات و دەیفرۆشێت و منداڵەکانی بە کاری دەستی خۆی پەروەردە کردووە، خۆشەویستی ئەو بۆ ئاژەڵداری ڕێگە نادات سەرەڕای تەمەنە زۆرەکەی، واز لە کارەکەی بهێنێت.

 

کارکردن و بیرەوەرییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو

حەیات جومعە بە پەرۆشییەوە فرمێسکی ڕشت و باسی لە هەوڵ و بیرەوەرییەکانی پێشوو کرد و وتی: من خەڵکی گوندی تل مەعروفم، دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر گوندەکەمان ناچاربووین بۆ قامیشلۆ کۆچ بکەین، گوندەکەمان زۆر جوان بوو، زۆر کارم تێداکرد، بەڵام بەداخەوە چەتەکانی داعش گوندەکەمانیان وێران کرد، لەو کاتەوەی منداڵ بووم، سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووم، هەمیشە یارمەتی دایکمم دەدا، بە مەشکە دۆمان دەژەند و نڤیشکمان لێدروست دەکرد، ئێستا تەمەنم زیادی کردووە و هێزم بەس نییە، بۆیە کچەکەم یارمەتیم دەدات بۆ چاودێری ئاژەڵەکان.

 

ئەوان نزیکەی ١٠٠ مەڕ و مانگایەک و چەند مریشکێکیشیان هەیە، حەیات بەرهەمە شیرەمەنیەکانیان وەک پەنیر، کەرە، ماست و زۆر خواردنی جیاوازتر دروستدەکات و دەیانفرۆشێت، وتیشی: بەرهەمەکان ڕێژەیەکی دیاریکراویان نییە و هەر ڕۆژ بە شێوەیەکە، زۆر ئاسانە ماست دروستبکرێت، سەرەتا لەسەر ئاگر دادەندرێت تا دەکوڵێت، پاشان دەیانخەمە ناو قوتوە فافۆنەکانەوە، بە باشی دەیانبەستمەوە، هەوێنیان دەکەمە ناو و پاشان دەیانخەمە ناو ساردکەرەوە تا چەند کاتژمێرێک، بە دڵنیاییەوە، سوودەکانی بەرهەمە سروشتیەکان لە ماڵەوە زیاترە لەوەی کە لە دەرەوەیە، ئێمە لە قەیرانێکی ئابووریدا دەژین، بەڵام ئەو بەرهەمانەی لەم ئاژەڵانە دەریدەهێنین هەرزانترە لە بەرهەمی ئاژەڵانی دەرەوە.

 

ژنان کاری گەورە دەکەن لە بەخێوکردنی ئاژەڵاندا

حەیات جومعە باسی لە چاودێری و پاراستنی مەڕوماڵات کرد و وتی" ژنان کارێکی زۆریان هەبوو لە بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە ڕابردوودا، ئەگەر کاری ژنان نەبوایە ئەمڕۆ کەس ئاگای لەو ئاژەڵانە نەدەبوو و خەڵک لە سوودی سروشتی بێبەش دەبوون، ژنان زۆر ماندوون لە ژیان و کاری بەڕێوەبردنی ژیانی خێزانیان هەمووی لەسەرشانە لەگەڵ ئەوەشدا کاری دەرەوە دەکەن، من بژێوی ژیانی خێزانەکەم دابین دەکەم، خۆشەویستیم بۆ ئاژەڵداری ڕێگە نادات وازیان لێ بهێنم، من زۆر گرنگیان پێدەدەم بەتایبەتی بۆ خواردن و خواردنەوە و چارەسەرکردنیان لە کاتی نەخۆشیدا.