ژنان ئاستی ئابووری کۆمپانیاکان بەرز دەکەنەوە

بەپێی تۆمارەکان، ئەو ژنانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا بازرگانییەکان دەکەن، داهاتی کۆمپانیاکە بەرز دەکەنەوە و لە ئاستی باڵادا کۆمپانیاکان بەڕێوەدەبەن، بەڵام ڕێژەی ئەو ژنانە کەمە لە کۆتای ٥٠٠ کۆمپانیا تەنها ٧٤یان بەڕێوەبەری ژنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دامەزراندنی دادپەروەرانە لە پلە باڵاکانی جیهانی بازرگانیدا لە زیادبووندایە، چونکە ژمارەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژن بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک بەرزبووەتەوە، ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمارکرا، بەو پێیەی لە کۆی ٥٠٠ کۆمپانیای بەرزترین داهاتی ئەمریکیی، ٧٤یان ژن بۆ بەڕێوەبەرایەتییان هەڵبژێردران.

 

بەپێی داتاکان لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە نێوان ٥٠٠ کۆمپانیای داهات بەرزی ئەمریکیدا، تەنها ٧ بەڕێوەبەری جێبەجێکار ژن بوو، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١دا تۆمارەکە بەرز بووەوە بۆ ٤١ ژنی بەڕێوەبەری جێبەجێکار، ئەمەش بەشێکە لەو دەستکەوتانەی ژن کە بە لێهاتووی خۆیان لە بواری ئابووریدا بەدەستیان هێناوە.

 

کارین لینچ لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١دا پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیای CVSی تەندروستی وەرگرت، کە کۆمپانیاکە بووە گەورەترین کۆمپانیا لە مێژووی " Fortune 500" کە تا ئێستا لەلایەن ژنێکەوە سەرکردایەتی کراوە، داهاتی ساڵی ٢٠٢١ زنجیرەی دەرمانخانە و چاودێری تەندروستی کۆمپانیاکە وەک چوارەم گەورەترین بزنسی گشتی لە ئەمریکا دادەنرێت، کە ٢٦٨.٧ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە.

 

ژنان داهاتی کۆمپانیاکان زیاد دەکەن

لە ساڵی ٢٠١٩دا زۆرترین داهاتی کۆمپانیا کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژن بووبێت، کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز بوو، لەلایەن ماری بارا بەڕێوەدەبرا، کە ئەوکاتە کۆمپانیاکە لە پلەی ١٣دا بوو، لە ئێستاشدا سێیەم گەورەترین کۆمپانیای " Fortune 500"یە بە سەرۆکایەتی ژن و ٢٢هەمین گەورەترین کۆمپانیایە بە گشتی.

 

جین فرایزەر کە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢١دا پۆستی کۆمپانیای سیتی-CITI وەرگرت، یەکەم بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژن بوو لە بانکێکی گەورەی ئەمریکیدا، کۆمپانیا دیارەکانی دیکەی فۆڕچۆن ٥٠٠ کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتی کران، بریتین لە UPS، Best Buy، Progressive، Oracle ، Northrop Grumman.

 

بەرزبوونەوەی تۆمارەکە لە ساڵی ٢٠٠٢دا کە ٧ ژنەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە ٧٤ ژنە بەڕێوەبەری جێبەجێکارە ٥٠٠ کۆمپانیای زۆرترین داهاتی ئەمریکادا، کە دەکاتە ٪١٥ی کۆی گشتی بەڕێوەبەران، دەستکەوتێکی ژنانە لەو ماوەیەدا بەدەستیان هێناوە، بەڵام لە بەرامبەردا زۆر ئاستەنگی و جیاکاری ڕەگەزی لە بەردەم ژناندا هەیە، کە بێ ئەو بەربەستانە ژنان دەیانتوانی باشتر پێشەنگایەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا بکەن.