ژنانی ئامەد ناوەندێکی هاوکاری بۆ کارەکانی ژنان دەکەنەوە

یەکێک لە ئەندامانی ناوەندەکە باس لەوەدەکات کە، هەوڵ دەدەن هاوکارییەکانی ژنان، کە لە ٦ ژنەوە دەستیان پێکردووە، زیاد بکەن و بانگهێشتی ژنانی دەستڕەنگین دەکەن کە بەرهەمەکانیان بخەنەڕوو.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ناوەندی هاوکاری ژنانی شیمەل لەلایەن ٦ ژنەوە لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان بە مەبەستی تیشک خستنەسەر کارەکانی ژنان لە بواری بەرهەمهێناندا، دامەزرا و دوو مانگ دەبێت دەست بەکاربووە، لە ناوەندەکەدا بەرهەمی خۆراکی ئەو ژنانە دەفرۆشرێت کە دەستڕەنگینن.

 

شیمەل بەگیک، یەکێک لە ئەندامانی ناوەندەکە، وتی: ئەو ژنانەی خۆراک ئامادە دەکەن، لە ناوەندەکەدا کەرەستەی پێویست لە ژنانی بەرهەمهێنەر دەکڕن، ئەم ناوەندە بەمەبەستی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنانی بێکار کراوەتەوە، ئەم هەنگاوەم بە ژنانی دەوروبەرم دەستپێکرد، لە ڕاستیدا بڕیار بوو لە کاتی بوومەلەرزەکەدا بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دوامانخست و ماوەی دوو مانگە دەستمان بە کار کردووە.

 

شیمەل ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان زۆرترین هەوڵ و تێکۆشان دەدەن لە شوێنی کار یان تەنانەت لە ماڵەوە، بەڵام کار و هەوڵی ژنان لەم بوارەدا هەمیشە پشتگوێ دەخرێن، بۆیە ناوەندەکە ئامانجییەتی هەوڵ و ماندووبوونی ژنان ببینرێت، وتیشی: زۆرێک لە ژنان لە هەموو بوارێکدا متمانەیان بەخۆیان هەیە، بەڵام ناتوانن کار بکەن چونکە هاندانیان نییە، لەم قۆناغەشدا بیرمان لەوە کردەوە کە پێشەنگ بین بۆ ژنان، ویستمان لەگەڵ ئەو ژنانەدا کۆببینەوە کە لە ماڵەوە بەرهەمدەهێنن و لە دەرەوەی ماڵەوە لە ناوەندێک بکەینەوە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان، بەم شێوەیە کاری ژنان لە سەرتاسەری جیهان بڵاو دەکەینەوە، کە هەموو ئەو بەرهەمانەی نانی بەیانی لێرە پێشکەش دەکرێن لەلایەن ژنانەوە دروستکراون.

 

شیمەل بەگیک ئاماژەی بە قەیرانی ئابووری کرد، کە زیاتر لە هەموو کەس کاریگەری لە ژنان کردووە، وتیشی: دەمانەوێت هەلی کار بۆ ئەو ژنانە بڕەخسێنین، کە توانایان نییە بەرهەمەکانیان بفرۆشن، قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر هەموو لایەک دروستکردووە، بەڵام کاریگەری زیاتری لەسەر ژنان هەبوو، تا ژنان زیاتر سەربەخۆیی ئابووری بەدەستبهێنن، زیاتر بەشداری بەرهەمهێنان دەکەن و قازانج دەکەن و ئەمەش گەرەنتی زیادبوونی متمانە بەخۆبوونی ژنان دەکات بە چوونە ناو ژیانی بازرگانییەوە، ئامانجمان هەڵسەنگاندنی بەرهەمهێنانی ژنانە لەم ناوەندەدا تا بوارێکی بازاڕکردنیان بۆ دابمەزرێنین، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت.