نایەکسانی و هەراسانکردن... پێشێلکارییەک ڕووبەڕووی کرێکاران دەبێتەوە لە ئێران

ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی پەراوێزخراو لە ئێران بە شێوەیەکی وەرزی، سەرەڕای نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە کرێیەکی کەم بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان کار دەکەن.

لارا گەوهەری

 

مەهاباد- لە نەبوونی دەرفەتی یەکسان و جیاکاری، ژنانی پەراوێزخراو لە ئێران کە لە خوێندن وەرنەگیراون، پەنا بۆ کاری وەرزی دەبەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

 

کاری وەرزی واتە ئەنجامدانی کارێکی کاتی پەیوەست بە وەرزێکی دیاریکراوی ساڵ، ئەم جۆرە کارە بە زۆری لە بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکان و هەندێک جار لە کەرتی خزمەتگوزاری و گەشتیاریدا هەیە، ژنان دەتوانن لە وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمە جۆراوجۆرەکاندا کار بکەن، وەک کۆکردنەوەی ترێ، هەنار، سێو، هتد، ئامادەکردنی زەیتوون، پاککردنەوەی میوە و سەوزە، لە کەرتی خزمەتگوزاری و گەشتیاریدا، ژنان دەتوانن وەک کرێکاری وەرزی لە کاتی گەشتیاردا کار لە هۆتێل و چێشتخانەکان و دوکانەکان و شوێنە جۆراوجۆرەکانی کاتبەسەربردندا بکەن.

 

سەحەر و کچەکەی بژێوی ژیانی خیزانەکەیان دابین دەکەن

سەحەر قادری و سارا محەمەدیی کچی هەموو ڕۆژێک کاتژمێر سێی بەیانی لەخەو هەڵدەستن و لە سەردەشتەوە بەرەو بۆکان دەڕۆن بۆ کۆکردنەوەی گوێز و هەنگوین و ئێوارە دەگەڕێنەوە، سەحەر قادری بەم دواییانە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، بۆیە چاودێری کچەکەی و دوو کوڕە بچووکەکەی دەکات و کچەکەی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ کار بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکات و کرێی ئەو خانووە بدات کە تێیدا دەژین، سەرەڕای ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەوڵدەدات داهاتوویەکی باش بۆ منداڵەکانی مسۆگەر بکات.

 

سەبارەت بە بارودۆخی ژیان و کارە وەرزییەکانی، سەحەر قادری وتی: لە ئێستادا ئێمە بە درێژایی ڕۆژ کاردەکەین بۆ کۆکردنەوەی گوێز بە کرێی ڕۆژانەی ٥٠٠ هەزار تمەن، ئەم کرێیە پێداویستییەکانی خێزانەکەم دابین ناکات و تەنها پێداویستییە پێویستەکان دابین دەکەین، وتیشی: تەمەنم ٣٥  ساڵە، تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندوومە و خۆم فێری زمانی کوردی کردووە، من بژێوی خۆم لە کارە وەرزییەکان دەست دەکەوێت، هەرچەندە ئەوە ماندووکەر و سەختە، بەڵام لە بێکاری باشترە.

 

ئاسایشی کۆمەڵایەتی نییە

یەکێک لەو کێشانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کاتی کارە وەرزییەکانیاندا جیاکاری، نایەکسانی مووچە و هەلومەرجی کارکردنی نەگونجاوە، هەندێکیان پێویستیان بە کارکردن هەیە لە کەشوهەوایەکی سەختدا و چێژ لە بارودۆخی گونجاوی ژیان وەرناگرن، جگە لە نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کە لەوانەیە ژنان لە سوودەکانی دوای خانەنشینی بێبەش بکات و کێشەی دارایی دروست دەکات.

 

ژنان مافەکانیان لە شوێنی کاردا پێشێل دەکرێت، وەک پابەندنەبوون بە ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی، نەبوونی پێڕاگەشتن بە چاودێری منداڵان و مۆڵەتی مووچەخۆر، هەروەها جیاکاری و هەراسانکردنی زایەندی هەیە، ئەم کێشانە تەنها هەندێک لەو ئاستەنگانەن کە لەوانەیە ڕووبەڕووی ببنەوە لە کارە وەرزییەکاندا، هەرچەندە هەوڵ درا بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان، بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە بۆ نەهێشتنی جیاکاری و دروستکردنی دەرفەتی یەکسان لە کاری وەرزیدا.