خواست بۆ بازاڕی کەلوپەلە کۆنەکان زیادیکردووە

قەیرانی ئابووری تورکیا لە زیادبووندایە و خەڵک و سەندیکاکانیش ناچاری کەلوپەلی کۆنن، ئەوانەی دێن بۆ بازاڕی کەلوپەلە کۆنەکان دەڵێن، چیتر ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لەگەڵ زیادبوونی قەیرانی ئابووری لە تورکیادا، کەس ناتوانێت هیچ شتێک بکڕێت و سنووری برسیەتیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بە نزیکەیی هەموو ڕۆژێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانەوە دەستپێدەکات، هاوڵاتیان بە هۆی تێچوونی بەرهەمەوە ناچاردەبن بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کۆن و بەکارهێنانی کەلوپەلە کۆنەکان، لەگەڵ ئەو قەیرانەی کە لە بازاڕەکاندا هەیە، ژمارەی ئەو بازاڕکەرانەی کە کەلوپەلی کۆن دەفرۆشن، زیادیان کردووە.

 

خەڵکێکی زۆر دەچنە ئەو بازاڕەی کە شتی کۆنی تێدا دەفرۆشرێت

لە ئامەد بازاڕی کەلوپەلی کۆن هەموو یەکشەممەیەک لە گەڕەکی شەهیتلیک لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە دەکرێتەوە، جلوبەرگ و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و چێشتخانە و خانووی دەستی دووەم دەفرۆشرێت، فرۆشیارەکان کاتژمێر٥:٠٠ی بەیانی دەچنە بازاڕ و دوکانەکانیان دەکەنەوە، هەموو پێداویستییە کۆنەکان دەفرۆشن، سەندیکاکانی بازرگانی بازاڕ ئاماژەیان بەوەکرد، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەگەڵ زیادبوونی قەیرانەکە ژمارەی کڕیارەکان و سەندیکاکانی بازرگانی زیادی کردووە.

 

ئێمە دەمانەوێت پێویستمان بە کەس نەبێت

سوڵتان یەشیل، یەکێک لە فرۆشیارەکان و ئاماژەی بەوەکرد چەند ساڵێکە لەو بازاڕەدا کاردەکات کە جلی کۆنی تێدا دەفرۆشرێت، لە وەرزی هاوینیشدا وەک کرێکارێکی وەرزی لە کێڵگەکاندا کار دەکات، وتی: بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستم و کەلوپەلەکانم کۆ دەکەمەوە و دێمە بازاڕ و شوێنێک دەگرم بۆ فرۆشتن، من جلی کۆن لێرە دەفرۆشم، ئێمە ژیانمان لەگەڵ ئەو شتانەی لێرە دەیفرۆشین دروست دەکەین، ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی پێویستیمان بە کەسی دیکە نەبێت.

 

"ئەمە شوێنی هەژارانە"

سوڵتان یەشیل، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هەفتەیەک ڕۆژێک دێت بۆ بازاڕ و وتی: بازاڕەکە هەموو ساڵێک دەچێتە شوێنە جیاوازەکانەوە لە ساڵانی یەکەمدا، بازاڕەکەمان لە سور بوو، پاشان لە کۆشیۆلو و بەم دواییانە لە باتیکەنت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە ڕایانگەیاند کە بێزار بوون، ئێمە لەو شوێنانە ڕێگەمان پێنەدرا شت بفرۆشین، ئێستا لە شەهیتلیک کاردەکەین و بەیانیان لەگەڵ ژنان دێین، هاتووین بۆ ئێرە ئاگر دەکەینەوە و شت دەفرۆشین، ئەمە شوێنی خەڵکی هەژارە، خەڵک دێن بۆ ئێرە و هەرچی پێویست بێت دەیکڕن، ئەمە هەرزانترە لە فرۆشگاکانی دەرەوە و لە شوێنێکی تر.

 

زستانان کار کەمە

هالیسە کایا، ئاماژەی بەوەکرد کە نزیکەی ٦ مانگە بەهۆی ئەو قەیرانەوە لە بازاڕدا کاردەکات و وتی: من ئێوارە ئامادەکاری دەکەم و هاتووم بۆ ئێرە جلی کۆن و نوێ دەفرۆشم، هاتووم بۆ ئێرە بۆ کارکردن چونکە ناتوانم بژێوی خۆم دابین بکەم، خەڵک چی بکەن ئەگەر پارەیان نەبێت، ناتوانن هیچ شتێک دابین بکەن؟ هەندێ جار لێرە کار دەکەین و جاری وایە نایەین، بەیانی زوو دێین و نان و قاپێک ماست دێنین دەیخۆین، زستان کار زۆر نییە، بەڵام بەهاران و هاوینان کار زۆرە، بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی تر، بەرهەمەکان لێرە هەرزانترن، هیچ کەسێک لێرە بەرهەمی گرانبەها نافرۆشێت. کاتێک کە تا ڕادەیەک گرانە، خەڵک کاردانەوەیان هەیە.

 

"قەیرانەکە خەڵکی هەژار کردووە"

فەریدا ئاڵتین، کە وەک کڕیارێک سەردانی بازاڕی کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی بە هەرزانتر بکڕێت، بازاڕی کەلوپەلە کۆنەکانی پێباشترە و تیشکیشی خستە سەر ئەوەی، کە چۆن قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە و وتی: لە هەموو شوێنێک قەیران هەیە، خەڵک چیتر ناتوانن هیچ شتێک دابین بکەن، ناتوانیت لە دەرەوە پارچە جلێک بکڕیت، دەوڵەمەندەکان نایەنە ئێرە، بێگومان جلی نوێ دەکڕن، ئەو کەسانەی کە لە بارودۆخێکی خراپدان دێن بۆ ئێرە و شتومەک دەکڕن، قەیران هەیە و خەڵکی ئێستا هەژارن.