فیلم بە گێڕانەوەی چیرۆکەکان تێکەڵ بە هەستی بینەرەکانی دەبێت

ژنێکی گەنج دەرچووی بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانییە، لە منداڵییەوە خولیای سەیرکردنی فیلمی هەیە و ئێستا دەرهێنەری چەندین فیلمی سینەماییە، کاردەکات بۆ پێشخستنی فیلم لە کوردستان.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- بواری فیلمسازی بریتییە لە سیناریۆ نووسین، هەڵبژاردنی ئەکتەر، وێنەگرتن، مۆنتاژ، هەڵبژاردنی بریکاری پشت پەردە و پیشاندانی بەرهەمی کۆتایی بۆ بینەر، بە گشتی فیلمسازی پێویستی بە هاوکاری زۆر کەس هەیە، تەکنەلۆژیا و تەکنیکە سینەماییە جۆراوجۆرەکان بەکاردەهێنێت کە ڕەنگە لە چەند مانگێکەوە تا چەند ساڵێک بخایەنێت.

 

ئەژین کاوە، دەرچووی بەشی کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی سینەمایە، ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە لە بواری دەرهێنانی فیلم کاردەکات، تا ئێستا سێ کورتەفیلمی بەرهەمهێناوە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.

 

ئەژین کاوە، خولیای کاری فیلمسازی و حەزی بۆ فیلم گەڕاندەوە بۆ تەمەنی منداڵی و وتی: "لە خێزانێکدا گەورەبووم کە حەزیان لە بواری فیلمسازی بووە، لە منداڵییەوە بەردەوام سەیری فیلمم دەکرد و بووە خولیایەک تیامدا تا ئێستاش چێژ لە سەیرکردنی فیلم دەبینم".

 

ئەژین سەرەتا بە کاری فۆتۆگرافی دەستی پێکردووە، دواتر کە چووەتە بەشی سینەما دەستی بە گێڕانەوەی چیرۆک کردووە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە

ئەژین باسی لەوەکرد بوون بە دەرهێنەر کارێکی ئاسان نییە، بەڵام حەزی لەو بوارەیە و لە بەرهەمهێنانی فیلمەکاندا دەیەوێت لەگەڵ دەستکردن بە کارەکان لەگەڵیدا بێت تا تەواو دەبێت و بینینێکی تایبەت بە خۆی دروستبکات و بە فیلمەکەی ببەخشێت.

 

ئەژین تا ئێستا کاری دەرهێنانی بۆ سێ کورتەفیلم کردووە، یەکێک لە فیلمەکان خەڵاتی ڕوانگەی بەدەستهێناوە، "یەکەم کورتەفیلم بە ناوی یاری ژیان بوو، باس لە کۆمەڵێک گەنج دەکات کە ئالوودەی کحول و یاری قومارکردن بوون و زیانەکانی کە بە خێزانەکانیان دەیگەیەنن، فیلمی دووەم ناوی یەک لە شەش بوو، باس لە گەنجێک دەکات لە پێناو ڕزگارکردنی خێزانەکەی ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە".

 

ئەژین لە ئێستاشدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی کورتەفیلمێکی دیکەیە بە ناوی "ڕێگاکان" لە سەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستەقینەی خێزانێک کە لەدەستی داعش ڕادەکەن و لە فیستیڤاڵەکانی داهاتوو لە مانگی کانوونی یەکەم بڵاودەکرێتەوە.

 

فیلم، چیرۆکە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە دەگێڕێتەوە

سینەما هونەری حەوتەمە، واتە هەموو هونەرەکانی دیکەی وەک میوزیک، شێوەکاری و نواندنی تیادا کۆبووەتەوە، زۆر بە خێرای دەچێتە ناو خەڵکەوە و بینەرانی دەتوانن لێی تێبگەن و شیکاری خۆیانی بۆ بکەن و دەتوانن هەست بە فیلمەکە بکەن وەک ئەوەی بەشێک بن لە چیرۆکەکانی ناو فیلمەکە، خۆیان لە ڕۆڵی کارەکتەرکاندا ببینەوە.

 

ئەژین باسی لەوەکرد زۆر گرنگە لە کاتی ئێستادا کە فیلمسازی بەرەو پێشکەوتن دەچێت هەوڵبدرێت ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردی نیشانبدرێت، چیرۆکاکان بتوانن کاریگەری لەسەر بینەرەکانی دابنێت نەک شتێکی خەیاڵی بێت، دەشڵێت: ئەو فیلمەی کە بڕیاری وایە لە داهاتوودا بڵاوی بکەینەوە، بیرۆکەی فیلمەکە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی چیرۆکێکی ڕاستەقەینەیە، باس لە خێزانێکی ڕزگاربووی دەستی داعش دەکات و باسە لەو بڕیارە گرنگانەی کە خەڵکی لە کاتە سەختەکاندا ناچار دەبن بۆ ڕزگارکردنی خێزانەکانیان بیدەن".

 

داهاتی دۆبلاژکردنی فیلمە بیانییەکان، لە فیلمی ناوخۆدا بەکاربهێندرێت سودی زیاترە

دەربارەی زیانەکانی پشتبەستن بە فیلمی دۆبلاژکراوی وڵاتانی دیکە و گرنگی بەرهەمهێنانی فیلمی ناوخۆ، ئەژین وەک دەرهێنەرێک وتی: هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتان دۆبلاژکردنی فیلم هەیە، بەڵام شتێکی باش نییە و لە ئێستادا کەناڵەکان زۆربەی دراما دۆبلاژکراوەکان نیشاندەدەن کە بڕێکی زۆر پارەی بۆ خەرجدەکرێت، بەڵام بەو پارە دەتوانن چەندین فیلمی کوردی زۆر باش بەرهەمبهێندرێت، چونکە ئەگەر بەردەوام سەرقاڵی کاری دۆبلاژ بین هونەری خۆمان پێشناکەوێت".

 

گرنگیدان بە کۆلێژی فیلمسازی دەبێتە پاڵنەری گەنجان بۆ چوونە ناو بواری سینەما

ئەژین کاوە، وەک دەرهێنەرێکی فیلم باسی لەوەکرد سەرباری کەموکورتی و ئاستەنگییەکان لە خوێندنی زانکۆییدا، بەڵام سودی هەبووە کە بووەتە دەرچەیەک بۆ چوونە ناو بواری سینەما،"من لە ڕووی تیۆرییەوە سودم لە خوێندنی زانکۆ بینی کە زانیاریم لەسەر بواری فیلمسازی دەستبکەوێت، بەڵام لە ڕووی پراکتییەوە بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست نەمانتوانی سودی لێببیینین."

 

ئەژین باسی لەوەشکرد کە گرنگیدان بە بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی دەتوانێت هاوکارێکی باش بێت بۆ ئەو خوێندکارانەی خولیای ئەوەیان هەیە بچنە ناو بواری فیلمسازییەوە.

 

فیلمسازانی ژن دەتوانن لە ڕێگەی فیلمەوە چیرۆکەکانی ژنان بگێڕنەوە

ئەژین کاوە باس لە بەشداری زیاتری ژنان دەکات بۆ ناو بواری فیلمسازی و دەڵێت: لە ئێستادا ژنانی زۆر باشمان هەیە لە بواری فیلمسازییدا کاردەکەن، چونکە ژنان بەوە ناسراون زۆر وردتر و بە سەلیقەترن لە کارکردندا بە تایبەتی لە گێڕانەوەی چیرۆک و نووسینی سیناریۆی فیلمدا.

 

هەروەها وتی: گرنگە ئیش بکرێت لەسەر چیرۆکی ژنان بە گشتی، چونکە سەرەڕای هەبوونی چیرۆکی تراژیدیا و ئازاربەخشی ژنان، بەڵام ناکرێت هەر بە چاوی ژێر دەستەییەوە سەیریان بکرێت، بەڵکو پێویستە چیرۆکی سەرکەوتنی ژنان کە توانیویانە بگەنە پلەی زۆر باش و سەرکەوتن بگێڕدرێتەوە و دەتوانرێت جوانی و سەرکەوتنەکانی ژنانی کورد لە ڕێگەی فیلمەوە نیشانی تەواوی جیهان بدرێت".