نیگارکێش مانور ڕەمەزانی کۆچی دوایی کرد

مانور ڕەمەزانی ناسراو بە "نەنێ حەسەن" کە خۆی فێری نیگارکێشانبووە و لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا دەستی بە وێنەکێشان کردووە، کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

مانور ڕەمەزانی ناسراو بە " نەنێ حەسەن " کە لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا دەستی بە وێنەکێشان کردووە و بەشێکی گرنگی ئەدەبی زارەکیی دەوروبەری خۆی بە وێنەکێشانی چیرۆک و بیروباوەڕ و شێوازی ژیانی خەڵکی گوندەکانی ئازەربایجان وێنا کردووە، کۆچی دوایی کرد.

 

مانور ڕەمەزانی ساڵی ١٩٣٧ لە شاری سوهرەوەرد لە زنجان لەدایکبووە و لە تەمەنی ٧٠ ساڵییەوە دەستی بە وێنەکێشان کردووە، حەسەن ڕەجەبی کوڕە بچووکەکەی مانور ڕەمەزانی کە هاوکات نیگارکێشە، هانی دایکی داوە و پاڵپشتی کرد بۆ دەستکردن بە وێنەکێشان.

 

نەنێ حەسەن تا تەمەنی ٧٠ ساڵی سەرقاڵی هونەری بونیادنانی فەرش و دیزاینکردنی فەرش بووە، ئەو ئەزموون و فێربوونانەی کە لە نەوە بە نەوە لە پێش خۆیەوە بۆی مابووەوە لە تابلۆکانی ئەم نیگارکێشەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت.

 

گێڕانەوە، ئەفسانە، چیرۆک، بیروباوەڕ، ئەفسانە و ڕێوڕەسمی دێرین لە هەموو تابلۆکانی نەنێ حەسەندا بە ڕوونی دیارە، ژیان و سروشت و مرۆڤ تایبەتمەندی گرنگ و هاوبەشی زۆربەی بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندەن.

 

یەکەم پێشانگای بەرهەمەکانی نەنێ حەسەن لە ماڵی هونەرمەندان بەڕێوەچوو و پێشوازییەکی زۆری لێکرا، دواتر لە لۆس ئەنجلۆس لە گەلەری سیهۆن پێشانگایەکی هەبوو، پاشان پێشانگایەکی دیکەی بەرهەمەکانی ئەم نیگارکێشە کە خۆی فێری کاری هونەری بووە لە گەلەری شیرین نمایشکرا.