پێشەنگایەکی هونەری بە ناوی "نا بۆ کوشتن لە ڕێگەی شەرەفدا" کرایەوە

١٥ خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی پێشانگایەکی هونەرییان بە ناوی "نا بۆ کوشتن لەڕێگەی شەرەفدا" کردەوە و تێیدا تابلۆکانیان نمایشکرد کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە توندوتیژی دژی ژنان.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی، پێشانگایەکی هونەری بە ناوی  "نا بۆ کوشتن لەڕێگەی شەرەفدا" لەلایەن ١٥ خوێندکاری قۆناغەکانی یەک تا پێنجەمی بەشی پزیشکی زانکۆی سلێمانی و ڕێکخراوی IFMSAی کوردستانەوە کرایەوە.

 

لە پێشەنگاکەدا ٤٠ تابلۆی خوێندکاران نمایشکرا کە واتای توندوتیژی سەر ژنان، گوشارەکان و هێز و جوانی ژنانیان دەدا.

 

"ئامانجی پێشانگاکە ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان"

ڕۆژە عەباس، شێوەکار و خوێنکارێکی قۆناغی سێی کۆلێژی پزیشکی گشتییە، لەبارەی پێشانگاکە و ئامانجەکەی بۆ نوژنها دوا و وتی: توندوتیژییەکان لە ئێستادا زیادیان کردووە، ژنان بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە، بۆیە بە پێویستمان زانیی پێشانگایەکی تایبەت بەو توندوتیژیانە بکەینەوە وەک هەوڵێک بێت بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی.

 

ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەدا تابلۆکان زۆرینەیان باس لە کێشە و گرفتەکانی ژنان دەکەن لە کۆمەڵگای کوردیدا، هەروەها ئەو قورسیانەی ژنان بە درێژایی ژیانیان پیایدا تێپەڕدەبن، لەو بارەیەوە دەڵێت: "هەموو ژنێک کاتێک توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت دەبێتە ترسێک بۆ ژنانی دیکە، بە جۆرێک هەموومان لە چاوەڕوانی ئەوەداین ڕۆژێک وەک ژنێک توندوتیژیمان بەرامبەر بکرێت، چونکە لە کۆمەڵگادا دیاردەکە بڵاوبووەتەوە".

 

لە کۆتایدا ڕۆژە عەباس وتی: بۆیە بە پێویستیان زانییوە ئەم پێشانگایە و چەندین چالاکی دیکە ڕێکبخەین لەپێناو هۆشیارکردنەوەی تاک و ڕێگریکردن لەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، داواش دەکات کۆمەڵگا و ژنان هۆشیار ببنەوە و بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لە تاوانباران نەکرێت.