لە پێشەنگایەکدا کارە دەستییەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمایشکرا

ژنان لە ڕیزی پێشەوەی بەشداری پێشەنگای نێودەوڵەتی کاری دەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، باس لەوەدەکەن کە ئەم پێشەنگایانە هۆکارێکە تا بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن و کلتوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنن.

 میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە پارکی شاری یاری شاری هەڵەبجە، یەکەمین پێشەنگای نێودەوڵەتی کاری دەستی پێشەوەرانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ پیشەوەر له ‌پارێزگاكانى سنه‌، كرماشان، ئیلام، هه‌مه‌دان و ئورمیه کرایەوە.

 

لە پێشەنگاکەدا کاری دەستی و کەلوپەلی دەستکردنی کلتوری و کەلەپووری نمایشکران، ژنان لە ڕیزی پێشەوەی بەشداربوواندا بوون و لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە شاری هەڵەبجە و کارە دەستییە هونەرییەکانیان بە بازاڕ دەکەن، جگە لەو ژنانەی خۆیان ڕاستەوخۆ بەشداری پێشەنگاکە بوون، بەرهەمی دەستیی ئەو ژنانەشیان هێنا کە سه‌رپه‌رشتی خێزانن و بژێوی ژیانی خێزانەکانیان لە ئەستۆیە.

 

ئەو کارە دەستییانەی لە شاری سنەوە بەشداربوون، بریتین لە چنراوی قاڵی و فەرش، کاری دەستی تەختە و پوش و خواردنی وشککراوی کوردەواری، گوڵچین محەمەدی، لە شاری سنەوە بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەدا پێشتر لە پێشەنگاکانی سلێمانی و هەولێر بەشداری کردووە، بەڵام یەکەمجارە سەردانی شاری هەڵەبجە لە باشوری کوردستان دەکات.

 

ژنان بە دەستی خۆیان کارە دەستییەکان دەنەخشێنن

گوڵچینی دەستڕەنگین بە کارە هونەرییەکانی دروستکردنی نانەشانەی کردووەتە پێداویستییەکی ڕۆژانە و لە میوانداریدا بەکاردەهێنرێت، وتیشی: "سەرەتا لە بازاڕدا کارە دەستییەکانم دەکڕی و هەڵمدەوەشاند دووبارە دروستم دەکردەوە تا خۆم فێری دروستکردنی بووم، لە ئێستادا لە شاری سنە و گوندی دیوەزناو لەگەڵ زیاتر لە ٧٠ ژن کاردەکەین"، گوڵچین جگە لە کارە دەستییەکانی خۆی، کاری دەستی ئەو ژنانەشی هێناوە کە سه‌رپه‌رشتی خێزانن و خۆیان دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەیان لە ئەستۆیە، تا ببێتە هاوکارییەک بۆیان و بژێوی ژیانیان بەدەستبخەن.

 

بەرهەمەکانی کارگەی چەرمی ئیلینا، لە پێشەنگاکەدا خواستێکی زۆری لەسەربوو، فەریبا محەمەدی، سەرپەرشتیاری کارگەکە، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: ئەو کاڵایانەی لە پێشەنگاکەدا بەشداریمان پێکردوون سەرجەمیان لە چەرمی بە کوالێتی بوون، بۆ تەمەنی منداڵ و گەورە جانتا و جزدان بەرهەم دەهێنین".

 

لە پێشەنگاکەدا ژنانی فارس بەشداربوون

مەریەم مستەفەوی، لە کارگەی پیشەسازی مسی مستەوفی لە زەنجانەوە بەشدارە، کارەکانی مەریەم هەموویان دەستین و لە مس و ستیل پێکهاتوون، نەخشەکانی بە قەڵەمکاری و دەست دەنەخشێنرێن، دەربارەی کارەکانیان دەڵێت: مسەکانی ئێمە کاری دەستن، زۆربەیان خۆمان لە کارگەدا دروستی دەکەین، ماوەی پێنج ساڵە ئەم کارە دەکەم، ماوەیەک لە ناوخۆی ئێران کارم دەکرد و لە سێ ساڵی ڕابردوەوە لە عێراق کارم دەستپێکردووە.

 

مەهوەش حاجی عولیانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی میراتی فەرهەنگی و پیشەسازی دەستی پارێزگای کرماشان بەشدارە، بەرهەمەکانیان کاری دەستین و لەلایەن هونەرمەدانی کرماشانەوە دروستکراون، مەهوەش دەڵێت: خۆم کارگە و نوسینگەی فێرکاریم هەیە، لە نوسینگەکەمدا فێرخوازان لە چەندین بەشی جیاواز پەروەردە دەبن،

ژنان بەشداری خۆلی ڕاهێنانەکانمان دەبن، خولی ڕاهینانی یەک مانگەمان هەیە و هەندێ لە خولەکانمان دوو مانگ و سێ مانگەن، دوای فێربوون دەتوانن بکەونە بازاڕی کار و بەرهەمهێنانەوە، نزیکەی ٣٠ ساڵ ئەزمونی کارکردنم هەیە، پیشەی کاری دەستیم خۆشدەوێت و لە ئێستادا سەردەمیانە تر پیشەکەمان بەڕێوەدەبەین.

 

مەهوەش حاجی عولیانی ئاماژەی بەوەشدا کە هەمیشە هەوڵ دەدەن کارەکانیان بە کوالێتی بەرز پێشکەش بکەن.