گیتا بە هونەرەکەی دیواری باڵەخانەکانی ئەڵمانیا دەنەخشێنێت

گیتا، ژنێکی گەنجی کوردە لە ئەڵمانیا سەرقاڵی نەخشاندنی دیوارە بەرزەکانی سەرشەقامە بە تابلۆکانی و لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت هانی ژنانی کورد بدات شوێن حەز و خولیاکانیان بکەون.

ناوەندی هەواڵ

 

گیتا کوردپوور، ژنێکی گەنجی لە دایکبووی شاری بۆکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەیەک لە ڕووسیا ژیاوە و لە تەمەنی ٢ ساڵییەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، بڕوانامەی دیپلۆمی هەیە و لە سەرەتادا وەک ئارایشتگەر دەستی بەکار کردووە کە لە نمایش و فیلمەکاندا بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ کاری ماکیاژی ئەنجامداوە.

 

دواتر گیتا هەستیکردووە کە ئەو کارە بە تەواوی لەگەڵ حەز و خولیای ئەو ناگونجێت و دەستی بە کاری نیگارکێشی سەر دیوارکردووە و وەک خۆی ئاماژەی پێداوە کە هێندە لەگەڵ کارەکەی ئاسوودەیە هەست بە تێپەڕبوونی کاتژمێرەکان ناکات و جار هەبووە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٧ کاتژمێر لەسەر یەک تابلۆ کاری کردووە و ئەو پێی وایە لە کاری نیگارکێشیدا دەتوانێت زیاتر لەگەڵ خۆی قوڵ ببێتەوە و ئەمەش ئەو پشوو درێژیەی پێداوە.

 

گیتا یەکەم کاری هونەری لەسەر دیوار لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامداوە لە بەرلین کە ٢٥ مەتر بەرزبووە، لە ڕێگەی ئەو کارە هونەرییەوە ترسی لە بەرزی نەماوە، سەرەتا لەسەر کاغەزێکی بچوک نمونەیەک دروست دەکات و دواتر بە هەستی خۆی لەسەر دیوارەکان دەینەخشێنێت و بینەران بە تەواوی هەست بە وردەکاری و جوانی تابلۆکانی دەکەن.

 

لە تابلۆکانی گیتادا زۆر تر ڕەگ و ڕیشە و گوڵ لە خۆ دەگرێت، لە ڕوانگەی گیتاوە ئەو لە ئەڵمانیا ژیاوە بەڵام نایەوێت ڕیشەی خۆی لە بیر بکات کە شاری بۆکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

تا ئێستا لە بەرلین ٨ کاری هونەری نەخشاندووە لەسەر دیواری سەر شەقامەکان و وێنەیەکیشی لە فیستیڤاڵێکدا کێشاوە و پلانی هەیە کە لە داهاتوودا لە شارەکانی دیکەش کاری نیگارکێشی دیوارەکانی سەر شەقام ئەنجامبدات.

 

گیتا پێی خۆشە لە ڕێگەی نیشاندانی کارەکەیەوە بۆ کچانی کورد ببێتە نمونە تا ئەوانیش بتوانن گرنگی بە کاری هونەری بدەن و هەرخولیا و ئامانجێکیان هەیە نەترسانە هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن.

گیتا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کارە هونەرییەکانی نیشاندەدات و لە هەمانکاتدا داواکاری کار بۆ نیگارکێشان و تابلۆکانی وەردرگرێت.