"نیگای ژن بۆ ژیان "یەکەمین بەرهەمی ڕێزان حەسەن بڵاوکرایەوە

"نیگای ژن بۆ ژیان" یەکەمین بەرهەمی نووسەر ڕێزان حەسەنە، کتێبێکی پەروەردەییە، لە ناوەڕۆکەکەیدا نووسەر دەڵێت: سەرنجدانێکە بۆ ژیانی ناهەمواری ژن لە کۆمەڵگە و هەنگاوێکە بۆ دروست کردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەسەر بنەمای متمانە و دڵسۆزی لە نێوان ژناندا.

گەرمیان

 

نیگای ژن بۆ ژیان یەکەمین بەرهەمی نووسەر ڕێزان حەسەنە، کتێبەکە پەروەردەییە و لە ٢٣٠ لاپەڕە پێکهاتووە، نووسەر لە پێشەکییەکی کورتدا وەها ئاماژە بە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکات، "لە کات پێدانێک بە تۆ کە هاوڕەگەزی خۆم یان ڕەگەزی بەرامبەرمیت، بۆ ئەوەی جوانییەکانت ببینم و جیاوازیەکانت بزانم و قبوڵیان بکەم، لەپێناو دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی سۆزدارانە یان مرۆیانە، هەروەها سەرنجدانێکە بۆ ژیانی ناهەمواری ژن لە کۆمەڵگە و هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەسەر بنەمای متمانە و دڵسۆزی لە نێوان ژناندا".

 

ڕێزان حەسەن، نووسەری کتێبەکە دەربارەی یەکەمین بەرهەمی خۆی بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: وەک لە پێشەکی کتێبەکەشمدا ئاماژەم پێداوە، من وەکو ژنێک، باوەڕم وایە هەر ژنێک کە دەنووسێت، پێویستە بۆ جارێکیش بووبێت وەک ئەرکی ژن بوونی خۆی و لەپای پەراوێزخستنی لە مێژینەی ژنان، لەبارەی ژنەوە بنووسێت.

 

ئەو نووسەرە ماوەی چوار ساڵە بە کاری نووسینەوە سەرقاڵە، سەرەتا بە نووسینی وتار لە بواری ژناندا بۆ ڕۆژنامەی نەوژین و دواتر چەندین نووسینی ئەدەبی دەستیپێکردووە، لە بواری ژناندا بۆ سایت و گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەدا هەنگاویشم بۆ نووسینی ئەم پەرتووکە ناوە کە دەبێتە یەکەم بەرهەمی چاپکراوم.

 

 ژنان چۆن بتوانن ئەو کەلێن و بۆشاییانەی بواری نووسین پڕ بکەنەوە؟

ڕێزان دەربارەی پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نووسین لەلایەن ژنانەوە وتی: لە تەواوی ئەم کتێبە و لە هەموو ئەو وتار و بابەتانەشی کە نووسیومە، هەمیشە جەختم لەوە کردووەتەوە کە هۆشیاربوونی ژنان خاڵی وەرچەرخانی کۆمەڵگەیە و کارکردن بۆ خودپێگەیاندنی ژنان ئەرکێکی بنەڕەتی ژنانە، کە خوێندنەوە و نووسینیش شاڕێگەی ئەو هۆشیار بوونەوە و خۆپێگەیاندنەیە.

 

ئەو نووسەرە وتیشی: وەکو ژنێکی گەنج پەیامێکم هەیە بۆ ئەو ژنانەی دەستی نووسینیان هەیە بەڵام بوێری ئەوەیان نیە نووسینەکانیان نیشانی گۆمەڵگە بدەن، دەستپێبکەن و نووسینەکانتان بخەنەڕوو، چونکە بۆ ژنێک کە توانای نووسینی هەیە و نەینووسیوە، هێشتا ئەو هەستی بەرپرسیارێتییە لە ناخیدا ماوە، کە ڕۆژێک دەست بداتە نووسین و لە مەیدانی هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگەدا ئەسپی خۆی تاو بدات، کە جارێک و دووجار بابەتی نووسی و لای خۆی هێشتییەوە، وردە وردە ترسی بڵاوکردنەوە بەسەریدا زاڵ دەبێت و هەستی بەرپرسیارێتیشی کاڵ دەبێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە لەگەڵ نووسیندا باوەڕیشت بە خۆت هەبێت و بە ئیرادەوە ئەوەی دەینووسیت بڵاویشی بکەیتەوە.

 

نووسین بەرپرسیارێتی گەورەیە لەسەرشانی نووسەر

نووسەر ڕێزان حەسەن، ئاماژەی بەوەدا هەموو کارێک ماندووبوونی خۆی هەیە، جا نووسینیش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و پێویستە بە وردی و وریاییەوە بنووسیت و کاری لەسەر بکەیت، "پێویستە دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێم، کە خۆم لاپتۆپم نییە و دۆخی ئابووریشم هاوکارم نەبوو، ناچار بووم بە زەحمەتێکی زۆر و لە کاتێکدا تەندروستی چاویشم جێگیر نەبوو، بە مۆبایل کتێبەکەم تایپ بکەم، کە ئەمە لە کاتی هەڵەچن و دیزاینکردنی ناوەوەی کتێبەکەشدا ئەرک و قورسایی زۆری بۆ دروستکردین.

 

ڕێزان حەسەن لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستی بە نووسینی یەکەمین بەرهەمی خۆی کردووە بە ناوی "نیگای ژن بۆ ژیان" لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ کاری نووسینەوە و تایپکردن و پێداچوونەوەی تەواو بووە و لە ئێستادا بڵاوکراوەتەوە.