تابلۆ دەروونی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە بەتایبەت ئەگەر بە ڕەنگە ساردەکان کێشرابێت

هاوڵاتیان لە ئێستادا زیاتر حەز بە هەڵواسینی تابلۆ دەکەن بە تایبەت ئەو تابلۆیانەی وێنەکێشانی کورد خۆیان دەیکێشن، وێنەکێشێکیش دەڵێت "دەبێت بە پێی گونجاندنی ژوور و ڕەنگەکان تابلۆ هەڵبواسرێت لە پێناو ڕێکخستنی دەروونی تاک".

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان لە باشووری کوردستان بەردەوامن لە پەرەدان بە تواناکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا، لە هەموو بوارێکیشدا جێ دەستیان دیارە، بوونەتە پێشەنگی کۆمەڵگە، کاتێک ژنانی باشووری کوردستان و ژنانی سەرکەوتوو دەبینرێت، بێ گوێدانە قسەی کۆمەڵگە و ئەو ڕێگریانەی دێتە بەردەمیان پەرە بە تواناکانیان دەدەن، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەبڕاوەکانیان.

یەکێک لەو بوارانەی ژنان تیایدا سەرکەوتوون بواری هونەرییە، هونەر لە هەموو ڕوویەکییەوە، هونەری وێنەکێشانیش بەدەر نییە لە تەواوی هونەرەکان، ژنان توانیویانە دەستێکی باڵایان تیایدا هەبێت و ببنە نمونەی وێنەکێشی سەرکەتوو.

 

خولیاو ئامانجەکانی ژیانی کردووەتە یەک

کاڵێ تەمەنی ٢٣ ساڵە، دانیشتووی شاری سلێمانیە، ماوەی سێ ساڵە کاری وێنەکێشان دەکات، وەک خولیایەک دەستی بە کاری وێنەکێشان کردووە، لە ئێستادا توانیویەتی تیایدا سەرکەتوو ببێت، کاڵێ لە هەمان کاتدا بەشی زمانی ئینگلیزی تەواوکردووە و ماوەی ساڵێکە بڕوانامەی بەدەستهێناوە.

 

کاڵێ وەک ژنێکی گەنج لە ئێستادا مامۆستای زمانی ئینگلیزییە و لە هەمان کاتدا کاری وێنەکێشان دەکات، دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی لە خولیاکەی خۆیدا وتی "لە منداڵییە خولیای وێنەکێشانم نەبووە، بەڵکو ئەو کات بەهرەکەمم دۆزییەوە کە دەمویست شتێک ئارامم بکاتەوە لە ژیاندا، بتوانم ناخی خۆمی پێوە دەرببڕم".

 

"دۆزینەوەی بەهرەی ناو ناخت زەحمەتە و پێویستی بە هەوڵدانە"

باسی لەوەکرد هەموو کەسێک لە ناخیدا بەهرەیەکی هەیە تەنها پێویستی بە دۆزینەوەیەتی، دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکانی ناو ناخی مرۆڤەکان قورسن و کاتیان پێوییستە، بەتایبەت ئەگەر بتەوێت لەو بەهرەیەتدا سەرکەتوو بیت، بۆیە لەگەڵ هەوڵدانی بۆ دۆزینەوە پێویستە خۆت بەرەوپێش ببەیت و بتوانیت تیایدا سەرکەتوو بیت.

 

باس لە سەرەتای وێنەکێشانی دەکات و دەڵێت "سەرەتای دەستپێکردنم لە یوتوبەوە بووە، سەرەتا هەنگاوەکان لەوێوە فێربووم و دووبارەم دەکردەوە تا توانیم بگەم بەو ئاستەی ئێستا کە دەتوانم لە هزری خۆمەوە تابلۆکان بکێشم".

 

سروشت ئارامی بە دەروونی کاڵێ دەبەخشێت

کاڵێ هەموو جۆرە تابلۆیەک دروست دەکات بەڵام زیاتر حەز بە کێشانی تابلۆی گوڵ و سروشت دەکات، پێی وایە سروشت یەکێکە لەو هۆکارانەی دەروونی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە، دەربارەی گونجاندنی تابلۆکان لە شوێنی گونجاو لە ماڵەکاندا کاڵێ وتی "بێگوومان تابلۆ لە جێگەیەک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت و پێویستە بگونجێنریت، ناکرێت لە هەموو جێگەیەک تابلۆ دابنرێت لە کاتێکدا بۆ شوێنەکە گونجاو نییە".

 

ڕوونیکردەوە، هاوڵاتیان زیاتر ئەو تابلۆیانە داوا دەکەن کە خۆیان بینیویانە لە جێگەیەک یاخود لە سۆشیاڵ میدیا دەری دەکەن، بەڵام بێگوومان دەیگونجێنن لەگەڵ کەلوپەلەکانی ماڵەکانیاندا، ئەوەی جیاوازی هەیە، تابلۆیی چێشتخانە لە تابلۆی یەکێکی دیکە لە ژوورەکان ناچێت و دەبێت جیاواز بێت.

 

ئاماژەی بەوەدا گرنگە ئەو تابلۆیانەی لە ماڵەکاندا هەڵدەواسرێت تابلۆی ئەرێنی بن و وزەی ئەرێنی ببەخشنەوە نەک ئاماژە بە کۆمەڵێک کێشە بکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەندامانی خێزانەکە دوست بکات، وتی "یەکێک لە ئارامترین تابلۆکان، تابلۆ سروشتییەکانە و ئەوانەیە کە ئاماژە بە سروشت دەکات"، کاڵێ پێیوایە دەبێت ڕەنگی تابلۆکانیش لەگەڵ ماڵەکاندا بگونجێنرێت چونکە بەو گونجاندنە زیاتر دەروونی مرۆڤ هەست بە ئارامی دەکات، بە تایبەت ئەو تابلۆیانەی ڕەنگی سپین دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ ئارامبوونی دەروونی مرۆڤەکان و گرنگە لە ماڵدا هەبن.

 

ڕوونیکردەوە، کارەکانی بەوە جیادەکرێتەوە کە کوالێتیان باشە، وەک باسی لێوەدەکات کاتێک ژنێک یاخود ئەو کەسانەی تابلۆیان لێداوا کردووە بەهۆی جوانی و بەرزی کوالێتییەکەیەوە دووبارە داوایان کردووەتەوە و بۆ دیاری و بۆنەکان پێشکەش بە کەسانی نزیکیان کردووە.

 

دەربارەی کێشانی تابلۆکان کاڵێ ڕوونیکردەوە کێشانی تابلۆ کاتی پێویستە و دەبێت بە تەواوەتی خۆتی بۆ ئامادە بکەیت، بەتایبەت ئەو تابلۆیانەی وردەکاری زۆریان هەیە، بەڵام هەندێک تابلۆ هەیە وردەکاری کەمترە و تەنها بە ٥ بۆ ٦ کاتژمێر تەواو دەبێت، تابلۆکانی کاڵێ هێندە تایبەتە لە هەموو تەمەن و ڕەگەزە جیاوازەکان کڕیاری هەیە، دەڵێت "بە گشتی هاوڵاتیان حەز بە تابلۆ دەکەن بە تایبەت ژنان".

 

"قسە ڕووخێنەرەکانی دەرووبەرم فەرامۆش کرد تا بتوانم بە ئامانجەکەم بگەم"

لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، هەر کات یەکێک بەتایبەت ئەگەر ژن بێت دەست بداتە کارێک یاخود خولیاکانی پەرە پێبدات بێگوومان ڕێگری یەتە بەردەم و دەیانەوێت لە هەوڵەکانی ساردی بکەنەوە، وتی "لە هەموو کەسێکەوە تەنانەت کەسە نزیکەکانیش دەبیستیت کە پێت دەڵێن تۆ ناتوانی بەردەوام ببیت و سەرکەتوو بیت بەڵام ئەوەی گرنگە گوێ نەدەی بە قسەی هیچ کەسێک تەنها سەرنجت لەسەر ئامانجەکانت بێت".

 

پاڵپشتی سەرەکی کاڵێ خێزانی و هاوڕێکانی بوون، بە جۆرێک کاتێک لە دەستپێکی کارەکەیدا بووە ئەگەر تابلۆکانی کەموکورتیشیان تێدا بوبێت پاڵپشتیان کردووە و پێیان وتووە تابلۆیەکی جوانە، هەروەها جگە لە تابلۆ کاڵێ لەسەر کەرەستەی جوانکاری ژنان تابلۆ دەکێشێت، کارێکی وردەکارییە بەڵام توانیویەتی تیایدا سەرکەتوو بێت.

 

"گەیشتن بە ئامنجەکانت هەوڵ و زەحمەتی دەوێت بەڵام نابێت ببێتە هۆکاری وەستاندنت"

تا ئێستا هیچ پێشانگایەکی تایبەت بە خۆی نەکردووەتەوە، بەڵام بەشداری لە چەندین پێشانگادا کردووە، بەڵام ئامانجیەتی لە پێشانگای تایبەت بە خۆی بکاتەوە، لە کۆتایدا دەربارەی ئامانجەکانی ڕوونیکردەوە کە دەیەوێت لە داهاتوودا زیاتر خولیای وێنەکێشانەکەی بەرەو پێش ببات، تابلۆکانی لە زۆر شوێن ببینێتەوە، دەڵێت "دەمەوێت ئەوە ببینم کە هاوڵاتیان چەند گرنگی بە کاری هونەری دەدەن چونکە بە داخەوە تا ئێستا مافی تەواوەتیان بە هونەر نەداوە و لێی تێناگەن".

 

بە گرنگی دەزانێت ژنان نەترسن لە شوێنکەتنی خولیاکانیان، هەروەها بتوانن تواناکانی خۆیان دەربخەن و گوێ بە قسەی خەڵکی نەدەن تەنها ئامانجەکانیان ببینن، چونکە گەیشتن بە ئامانج زەحمەتی و کەوتنی تێدایە و پێویستی بە هەوڵدانی زۆر هەیە.