بەهۆی پێشانگای هونەرمەندێکەوە شوێنەوارێکی کفریی نۆژەن دەکرێتەوە

گوڵاڵە شێوەکارێکی گەرمیانییە و دەربارەی هونەر دەڵێت: هونەر زۆر جار دەرهاوێشتەی دیاریدەکانی سەردەمە، بۆیە پێویستە هەمیشە پەیامی هەبێت.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- هەرکاتێک فڵچەکەی دەگرێت بەدەستەوە، سەرگوزەشتەی ژنان لەسەر کاغەز دەنەخشێنێت، ئەو پەیامانەی لە ناخیدا هەڵدەقوڵێن، دادەنیشێت و دەیانکات بە تابلۆ، چونکە پێی وایە هونەر پردێکی ڕێخۆشکەرە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامانەی کە پێویستن بۆ کۆمەڵگە.

 

گوڵاڵە حەمید، یەکێکە لە شێوەکارە دیارەکانی شاری کفریی، جگەلەوەی لەوەی تائێستا چەندین پێشانگای هونەریی کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا ڕێچکەشکێنیی کردووە و گروپێکی ژنانی شێوەکاریشی لە کفریی دامەزراندووە، کە ئێستا یەکێکە لە گروپە چالاکەکانی گەرمیان و لە زۆرینەی بۆنە و یادەکانی سنوورەکەدا بەرهەمی خۆیان نمایش دەکەن.

 

گوڵاڵە حەمید مامۆستایە لە بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری و خۆشی هەر دەرچووی ئەو پێشانگایە، ئەو لەسەر کارە هونەرییەکانی دەڵێت: هونەر زۆر جار دەرهاوێشتەی دیاریدەکانی سەردەمە، بۆیە پێویستە هەمیشە پەیامی هەبێت، توانیومە لەسەر بابەت و ڕووداوە کاریگەرەکانی ڕۆژ پەیامی هونەریی خۆم هەبێت، لە نمونەی یادی ئەنفال، ژینگە، تەندروستیی، دیاریدە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت شوێنەوارەکانی عێراق و کوردستان و شاری کفری، چونکە پەیامی هونەریی زووتر دەگاتە جێ.

 

باس لەوەش دەکات، کە توانیویەتیی بە پشتیوانیی خێزانەکەی بەسەر سەرجەم لەمپەرەکاندا سەربکەوێت، تا ئەو ئاستەی گروپی کیژانی شێوەکاری کفریی دابمەزرێنێت و پەرەی پێ بدات .

 

لەبارەی دامەزراندنی گروپەکەوە دەڵێت: دامەزراندنی گروپی کیژانی شێوەکاری کفری دەسپێکێکی گرنگ و کاریگەربوو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن تواناکانی خۆیان ڕێکبخەنەوە و پێشکەشی بکەن، هەستمان بەوە کرد بەشداریکردنی ژنان وەک پێویست نییە لە چالاکییە هونەرییەکاندا، پێداویستی وایکرد کە بیر لە دامەزراندنی گروپێکی ژنان بکەینەوە، لە ئێستادا ئەم گروپە ئەندامی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان و عێراق هەیە خاوەی فیستیڤاڵی ژنانە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، بۆیە بەبێ گوێدانە هیچ شتێک توانیمان کچانی بەهەرەمەند بهێنینە پێشەوە.

 

یەکەم پێشەنگای لە سەرای کفری کردەوە

گوڵاڵە یەکەم پێشانگای خۆی لە سەرای کفریی دەکاتەوە، کە یەکێکە لە ناوچە شوێنەوارییەکانی ئەو شارە و مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەر لەو پێشانگایەشەوە بەرپرسانی حکومەت بڕیار دەدەن شوێنەوارەکەی کفریی نۆژەن بکەنەوە، کە بووەتە بەشێک لە شوناسی ئەو شارۆچکەیە و مەترسیی لەناوچوونی لەسەربووە.

 

ئەو شانازیی بەو کارەی خۆیەوە دەکات و دەڵێت: ئەوە دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ بایەخدان بە شوێنەوارە کۆنەکانی کفری، شانازیی دەکەم کە بەهۆی کارەکەی منەوە بڕیاری نۆژەنکردنەوەی سەرا درا، کە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەک دەبێت.

 

ئازارەکانی ژنان بەگشتیی لە کارەکانی گوڵاڵەدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەنگ دەداتەوە، وەک خۆی دەڵێت: ئازارەکانی ژنان بەشێوەیەکی زۆر باش ڕەنگدانەوەی لەناو کارە هونەرییەکاندا هەیە، هەر لە فرۆشتنی کچانی شەنگالەوە بیگرە تاوەکو خەم و ئازارەکانی کچانی کۆمەڵگاکەمان، وە بەشێک لە تابلۆکانیش سەرکەوتنەکانی ژنان نیشان دەدات.

 

ئەو شێوەکارە هێشتا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیاتر پەرەدان بە هونەر لە سنوورەکەدا و بەرجەستەکردنی بەهرەکانی ژنانی ناوچەکە، لەو پێناوەشدا بەردەوام خولی شێوەکاریی دەکەنەوە، خۆی دەڵێت: بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان، ئێمە چەندان خولی شێوەکاریمان لە گەلەری شێوەکارانی کفری کردووەتەوە، بۆ پێشخستنی تواناکان، ئەم خولانە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لەسەر پێشخستنی توانا هونەرییەکانی ژنان و چەندین فێرخواز سوودمەند بوون لە خولەکانمان.

 

دوایین پرۆژەی ئەم ژنە هونەرمەندە پرۆژەیەکی نێودەوڵەتییە لەسەر تاقانەکانی ئەنفال لە ناوچەکەدا، بەمشێوەیە باس لە پرۆژەکەی دەکات: لە ئێستادا سەرقاڵی پرۆژەیەکی هونەری نێودەوڵەتیین لەسەر تاقانەکانی ئەنفال، کە ژمارەیان ١٣٨ کەس دەبێت لەسەرتاسەری کوردستان، داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بایەخی تایبەت بەم پرۆژەیە بدەن، چونکە پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە.