کچانی خۆر بوونەتە ڕووناککەرەوەی قوتابخانەیەک

لە ١٨ کچ پێکهاتوون، قوتابخانەیەکیان کردووەتە شوێنێکی ئارام و گونجاو بۆ خوێندن، بوونەتە خۆشەویستی قوتابییەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش ڕێزلێنانیان پێدەبەخشێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پێدەکەنن و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن، خەریکن بەرهەمی دوو مانگ کارکردن و ماندووبوونیان دەبینن، دڵخۆشن کە توانیویانە کارێک بۆ منداڵانی قوتابخانەکە بکەن، وێنەی سەرکەوتن و کۆتایی دەگرن.

 

پەیام ئەحمەد، دەرچوویەکی دانەمەزراوە، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گروپی "کچانی خۆر"، لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا برازاکەی دەباتە قوتابخانەیەک، بەڵام قوتابخانەیەکی کۆن و دوور لە هەر کەشێکی گونجاوی خوێندن، پەیام بڕیاردەدات قوتابخانەکە نوێبکاتەوە.

 

پەیام لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامەوە داوای هاوکاری ماددی و کەسانی خۆبەخش و بێکار دەکات تا بێن، هەوڵی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە بدەن.

 

کەسانێکی زۆر بە دەمیەوە دەچن، لەگەڵ ١٨ ژنی گەنج کۆدەبنەوە، لەگەڵ دوو کۆمپانیا، دایکوباوکی چەند خوێندکارێک و چەند وێنەکێشێک بەیەکەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە.

ئەوان لە سەرەتادا پلانیان تەنها نۆژەنکردنەوەی دوو پۆلی یەکی قوتابخانەکەیە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوە ژمارەیەکی زۆری هاوکارییەوە ١٢ پۆل نۆژەن دەکەنەوە و بۆرد بۆ چەند پۆلێک دابین دەکەن، دواتریش دایکوباوکەکان پارە کۆدەکەنەوە و مێزی دانیشتنی قوتابییەکان نوێدەکەنەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەیان ئەوەیە کە دایکو باوکەکان گرنگی بە شووێنی خوێندنی منداڵەکانیان بدەن.

 

پەیام نازانێت چۆن دڵخۆشی خۆی بۆ بەرهەمی ماندوو بوونەکانیان دەرببڕێت "گرنگترین ئامانجمان ئەوەیە، ئەم منداڵانە لەم پۆلەدا هەست بکەن لە پۆلێکدان کە شایستەی ئەوانە، لە پۆل و ژینگەیەک پاکوخاوێندا بخوێنن، زۆر دڵخۆش و بەختەوەرین، هیچ شتێک دڵخۆشی منداڵەکان ناهێنێت، تا ئێستاش ئەو منداڵانە کەلتورەیان تێدا بڵاو نەبووەتەوە کە کەسانێک شتێکیان بێ بەرامبەر بۆ دەکات".

گروپی "کچانی خۆر" بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە دروستبوون، ئەوان ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ بەیانی بۆ چواری پاشنیوەڕۆ بەردەوام کارییان کردووە، پۆلەکانیان بە وێنەی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگ نەخشاندووە، کاتێک چالاکیەکایان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە خەڵک سەرسامی خۆی بۆ دەربڕیون وتوویانە " ئێوە ئەم کچانە چۆن توانیوتانە ئەو هەموو کارە بکەن!!"،

 

ئایا گۆران، یەکێکە لە ئەندامانی کچانی خۆر، وێنە کێشە و خۆی بە منداڵی لەم قوتابخانەیەدا خوێندوویەتی، "کاتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆیان ناردم سەیرم کرد ئەو قوتابخانەیەیە کە خۆم پێشتر تێیدا خوێندوومە، زۆر دڵخۆشم ئێستا قوتابخانەیەک هەیە کە چەندین ساڵە هەیە کە زۆر شێواو و کۆنە، بگاتە ئەو ئاستەی کە هەیە".

ئایا کاری کێشانی کاراکتەر و وێنەکان بووە، هەر پۆلێکی بە مەبەست و بابەتێکی جیاواز وێنە کردووە، مۆرکێکی تایبەتی داوە بە پۆلەکان، وێنەکانی هەر پۆلێک باس لە بابەتێکی جیاواز دەکەن.

 

ئێستا پۆلەکان بوونەتە شوێنی خوێندن، نەخشێندراون بە وێنەی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگ، وەک ڕەیان حەکیم یەکێکی دیکە لە کچاکان باسی دەکات، هەوڵیانداوە وێنەکان لەگەڵ ئاستی قوتابییەکان و وانەکانیان گونجاو بێت، "هەر پۆلێک بەپێی تەمەن و ئاستی پۆلەکانیان وێنەکانمان بۆ دروست کردوون، بۆ ئەوەی کاتێک سەیری بکەن لە خۆیانەوە نزێک بن".

مەستان حەکیم، بە پێویستی دەزانێت کە کەشیکی گونجاو بۆ منداڵەکان بڕەخسێندرێت، تا جۆشوخرۆشییەکی وا بۆ منداڵەکان دروستببێت کە قوتابخانە و خوێندنیان لا خۆشەویست بکرێت، پاک هێشتنەوەی قوتابخانەکەش بە ئەرک دەزانێت "دڵمان خۆشە و بەرزی دەنرخێنین بە پاکی ڕایبگرن".

 

ئێستا دوای دوو مانگ کارکردن لە قوتابخانەکەدا، کچانی خۆر پلانیانە لە کەرتی پەروەردەدا کاری زیاتر بکەن و ساڵانە قوتابخانەیەک نۆژەن بکەنەوە، لە کۆتا ڕۆژیشدا لەلایەن بەڕێوەبەر و کارگێڕی "قوتابخانەی بەکرەجۆی بنەڕەتی" ڕێزلێنان و سوپاسنامەیان لەپای ماندووبوونیان لە حەوشەی قوتابخانەکیان لە پێش چاوی منداڵەکان پێبەخشرا.

ت.پ