لە ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێشانگایەک کرایەوە

پێشانگایەک بە ناونیشانی "توانا و دەستڕەنگینی کەمئەندامان کۆمان دەکاتەوە" کرایەوە و خاوەن پیداویستیە تایبەتەکان بەرهەمەکانی خۆیان لە پیشانگاکەدا نمایش کرد.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی گەلەری مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێشانگایەک بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە و تیایدا کارە دەستییەکانی خۆیان نمایشکرد و خەڵکی لە شارەکانی تری کوردستانەوە سەردانی پێشانگاکەیان کرد، بە مەبەستی کڕینی بەرهەم و کارە دەستیەکانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان.

 

"حکومەت کەمتەرخەمە لە پێدانی هەلی کار بە خاوەن پێداویستی تایبەت"

شادان مەحمود، خاوەن پێداویستی تایبەت کە خۆی ڕاهێنەرە لە ئیشی درووماندا، لە پێشانگاکەدا بە ئیشی دروومان بەشداری کردبوو، گلەی لە حکەمەتی هەرێم کرد کە بە پێی پێویست هاوکاری خاوەن پێداویستی تایبەت ناکات و وتی: من خۆم فەرمانبەرم و ئیشی تر دەکەم، بەڵام ئەو موچەیەی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دانراوە بەشی پێداویستیەکانیان ناکات، لە دامودەزگاکاندا کێشەی هاتوچۆمان بۆ دروستدەبێت، چونکە شوێنی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت دروستنەکراوە، هیوادارم ئەوانەی خاوەن پیداویستی تایبەتن لە ماڵەوە دانەنیشن و ئیشی خۆیان بکەن، چونکە بەهرەی زۆر جوانیان هەیە.

 

"ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێشەنگن"

سۆزین فایەق، ئەندامی ڕیکخراوی ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەت، ئاماژەی بەوەدا کە وەکو ژنانی خاوەن پێداویستی ئەمڕۆ بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە، "ئەمڕۆ ژنان زیاتر بەشدارن، چونکە ژنان توانایان زیاترە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم هاوکاری زۆری خاوەن پێداویستی تایبەتی نەکردووە، بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانمان نەوەستاوین و بەردەوامین لەسەر برەودان بە تواناکانمان".

 

"خاوەن پێداویستی تایبەت توانایان زیاترە"

خەنسا مەجید، کە ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە لە شاری هەڵەبجەوە هاتبوو بۆ بەشداریکردن لە پێشانگاکەدا بە گوڵی سروشتی و وتی: من لە ڕۆژی خاوەن پێداویستی تایبەتدا پیرۆزبایی لە خاوەن پێداویستی تایبەت ناکەم، چونکە هیچ خزمەتێکیان نەکراوە لەلایەن حکومەتەوە، ئەم پێشانگایەش بە زۆری ڕێکخراوەکان کراوەتەوە، خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەر هاوکاریان بکرێت توانای زیاتریان هەیە بۆ ژیان، ژنان توانایان زیاترە و منیش وەک ژنێک هەوڵمداوە کە گوڵی سروشتی بهێنم و بە نرخێکی کەمتر لەوانەی کە لە دەرەوە دەهێنرێن بیفرۆشم.