ئەکتەرێکی کورد لە کەنەدا هەڵبژێردراوە بۆ بردنەوەی خەڵات

ژیان ئیبراهیم خەیات، ئەکتەری بەناوبانگی کورد، دیاریکراوە بۆ بردنەوەی خەڵات لە فێستیڤالێکی فیلم لە وڵاتی کەنەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ژیان ئیبراهیم خەیات، ئەکتەری بەناوبانگی کورد لە خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی فیلمی "ئۆپن ۆڵد تۆرۆنتۆ" بۆ فیلمی ڕاڕەوێک لە کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتە بۆ باشترین ئەکتەری ژن لەگەڵ هەردوو ئەکتەری کەنەدی ئێمیلی مەسێ و سۆفی نەیشن، بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە تۆرنتۆ کەنەدا بەڕێوەبچێت.

 

ژیان ئیبراهیم خەیات، لە ساڵی ١٩٦٣ لە گەڕەكی قاوەخانەی سەرچیمەن لە بنەماڵەیەکی هونەردۆستی شاری سلێمانی چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، لە ساڵی ١٩٨٧ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی لە سلێمانی تەواو کردووە، دوای تەواوکردنی پەیمانگاش، دەستی بەکاری نواندن کردووە و یەکەم کاری هونەریشی بە ناوی شانۆگەری ڕەزامەندیی بووە.

 

لە ماوەی تەمەنی هونەریی تا ئێستا، ژیان بەشداریی لە چەندین شانۆ، دراما و کورتە فیلمدا کردووە، لەوانەش زیاتر لە ٣٠ شانۆ و زیاتر لە ٢٠ دراما، وەك خولە پیزە، ژانی گەل، دراماکانی ڕەشەی پۆلیس، گەردەلوول، خەمی چۆلەکەکان و زۆر درامای دیکە، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.