ژنێک بووە باشترین دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرشەلۆنە

لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرشەلۆنە کە ساڵی چوارهەمە ئەنجامدەدرێت ژنێک بووە باشترین دەرهێنەری فیلم بە ناوی دەریا دێنیز کە فیلمەکەی باسە لە ژنێکی ئێزیدی لە کاتی هێرشی داعش.

ناوەندی هەواڵ

 

فێستیڤاڵی فیلمی بەرشەلۆنە بۆنەیەکی نێودەوڵەتییە کە گەیشتووەتە چوارهەمین ساڵی خۆی و مەبەست لێی نمایشکردنی سینەمای سەربەخۆی داهێنەرانە لە سەرانسەری جیهان لەلایەن هونەرمەندە نوێکان، لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرشەلۆنە ژنێک بووە باشترین دەرهێنەری فیلم بە ناوی دەریا دێنیز کە فیلمەکە بە ناوی " هێزا" یە و باس لە ژنێکی ئێزیدی دەکات.

 

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە باس لە ژنێکی ئێزیدی دەکات کە لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال کە لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێکرد، ئەم ژنە لەلایەن داعشەوە دەڕفێندرێت و دەبێتە کۆیلە، باس لەوە دەکات کە لە دەستی داعشدا چی بەسەر بردووە، چۆن بەڕێوەی بردووە بۆ هەڵهاتن و چۆن بەردەوام بووە لە ژیانی دوای هەڵهاتنی.

 

هێزا، هەرگیز لە خەونی خۆیدا بیری لەوە نەکردەوە کە ڕۆژێک دێت فەرماندەیی سەدان شەڕەڤانی ژن و پیاو دەکات لە شەڕێکدا دژی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی وەک داعش و دەتوانێت شکستیان پێبهێنێت، ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە شاهیدی زیندووی ئازارەکانی هێزا و شەڕی دادپەروەرییە.

 

دێریا دەنیز لە ساڵی ١٩٨٥ لە پارێزگای مێرسین لە باشووری تورکیا لەدایکبووە، دوای دەرچوونی لە زانکۆی ئیڤانۆڤا لە ڕووسیا، کار لەسەر پڕۆژەی بەڵگەنامەیی و بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەکات، هەروەها وەک پرۆگرامەری تەلەفزیۆنی لە هەرێمی کوردستان کاری کردووە، فیلمی دیکۆمێنتاری لە شەنگال و ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرهەم هێناوە.