بۆ یەکەمین جار پێشانگای شاماران لە شاری سلێمانی کرایەوە

پێشانگای شاماران لە لایەن هونەرمەند ناز عەلی عەوڵا لە سلێمانی کرایەوە، پێشانگاکە ٣٠ تابلۆ لەخۆ دەگرێت، تابلۆکانی پێشانگاکە باس لە سروشتی کوردستان و خوداوەندی مێینە دەکات کە لە کۆندا کورد باوەڕیی پێی هەبووە.

سلێمانی

 

 پێشانگای شاماران لە لایەن هونەرمەند ناز عەلی عەوڵا لە سلێمانی کرایەوە، پێشانگاکە بە ناوی "شاماران لە باخی سێوان"، سێهەمین پێشانگای تایبەتە بە هونەرمەند ناز عەلی و یەکەمین جارە لە سلێمانی دەکرێتەوە، پێشانگاکە ٣٠ تابلۆ لەخۆ دەگرێت و ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ بۆ ٤ ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.

 

سەبارەت بە ناوی پێشانگەکە ناز عەلی دەڵیت" شاماران خۆی ناوێکی کوردی ڕەسەنە، خوداوەندی مێینەیە و بە واتای خوداوەندی زانست و زانیارییەکە  نەتەوەی کورد لە کۆندا باوەڕییان پێی هەبووە و لەلایان پیرۆزبووە و لە ماڵەکاندا هەڵیان واسیووە، بەڵام من وەکو ڕەمز کارم لەسەر نەکردووە، بەڵکو دیوی شاراوەی پشت شامارانم نیشانداوە کە چی وای لە کورد کردووە باوەڕییان پێی هەبێت و بەستومەتەوە بە دارستانەکانی بەهەشتەوە کاتێک دایکە حەوا سێوێکی تاقی کردۆتەوە و دوای ئەوە پرسیار بە پرسیار ژیان بەرەوپێشەوە دەڕوات ".

 

کارکردن لەسەر تابلۆکان ماوەی ساڵ و نیوێکی خایاندووە و کارەکانی پێشانگاکە هەمووی باسی شاماران ناکات، هەر کۆمەڵە تابلۆیەک باسی شتێک دەکات بەشێکیتریان باس لە بڕینەوەی دارەکانی کوردستان دەکات، ناز عەلی باسی لەوەکرد کە نەتەوەی کورد هەمیشە دار، شاخ و دەشتی بە پاڵپشتی خۆی زانیووە و دەڵێت: " هەرچەندە ئێمە شانازی بە سروشتی جوانی کوردستانەوە دەکەین بە شاخ و دار بەڵام ڕۆژانە دەبینین چەندین دار دەبڕدرێتەوە دەیانسووتێنن، خەریکە دارستانەکانیشمان لێ دەستێننەوە، هەر وەک چۆن شامارانیان لێسەندینەوە و هەوڵدەدەن لە مۆرکی کوردی لایبەدەن."

 

ناز عەلی دەشڵێت کارەکانی خۆشدەوێت و لەگەڵ خۆیدا دەیژیەنێت، "من هیچ هیلاک نابم بە کارەکانمەوە و لەگەڵ خۆمدا دەیانژییەنم و بیر لەوە ناکەمەوە لە کاتێکی دیاریکراودا تەواوی بکەم، ئێمەی کورد ئاشق بوون بە ڕەنگ لە دەمارەکانماندایە ئەمەش هەر لە جلە کلتورییەکانمانەوە دیارە کە چەندێک ئاشقین بە ڕەنگ و ڕوناکی و ژیان."

 

هونەرمەند ناز باسی لەوەشکرد کە ئەرکی هونەرمەند و سیاسییەکانە مێژوو و ڕاستییەکان نیشانی نەوەکانی داهاتوو بدات کە خەریکە لەبیر دەکرێت بۆیە زۆر گرنگە لە هونەردا باسی شاماران و دارستانەکان بخرێتە بەرباس چونکە هونەر تەنها خۆنمایش کردنێکی بێ واتا نییە، هونەر گێڕانەوەی ئازارە، هەڵگەڕانەوەیە لە دابوونەریتی سیاسی و ئاینی".