د.ساماڵ مانی بەشی کوردی لە کتێبخانەی نێونەتەوەیی پایتەختی ئیرلەندا کردەوە

د.ساماڵ مانی بە پێشکەشکردنی کتێبەکانی بەشی کوردی لە کتێبخانەی نێونەتەوەیی لە شاری دەبلنی ئیرلەندا دروستدەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کتێبخانەی نێونەتەوەیی شاری دەبلنی پایتەختی ئیرلەندا، یەکێکە لەو کتێبخانانەی کە کتێبی نووسەرانی نەتەوە جیاوازەکانی بە زۆرترین زمانی جیاواز تێدا کۆبووەتەوە، لەو کتێبخانەیەدا تەنها زمانی کوردی تێدا نەبوو.

 

د. ساماڵ مانی، توێژەری بواری فەلسەفە، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمی خۆی ئاماژەی بەوەداوە، کە بە پێشکەشکردنی کتێبە فەلسەفییەکانی خۆی، توانیویەتی بەشی زمانی کوردی لە کتێبخانە نێونەتەوەییەکەی پایتەختی ئیرلەندا دروستبکات.

 

د. ساماڵ مانی دەنووسێت: "ئەو کتێبخانەیە زۆربەی زمانەکانی تیادایە، بەڵام زمانی کوردی تێدا نەبوو، لە ئێستا بە دواوە زمانی کوردی چووە سەر کاتیگۆریەکانی نووسین و کتێبی زمانەکان. دوو هەفتەیەکی تر کتێبەکانم دەکەوێتە بەردەستی ئەوانەی لە شاری دەبلن دەژین".

 

ئەو نووسەرە کوردە خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە توانیویەتی هەنگاوی دروستکردنی ئەو بەشە بنێت و دەڵێت: زیاتریش خۆشحاڵم کە بە کتێبی فەلسەفی کردنەوەی ئەو بەشە دەستیپێکرد، کردنەوەی بەشەکە ماوەیەکی دەوێت و دواتر کتێبخانەکە خۆیان کتێبی کوردی تری بۆ دەکڕن و نووسەری تریش دەتوانن کتێبەکانیان بنێرن.