مزگەوتی گەورەی خورماڵ لە لێواری لەناوچووندایە

مزگەوتی گەورەی خورماڵ سەرەتای تەمەنە زۆرەکەی و مێژووە دێرینەکەی کە نزیکەی لە ١٤٠٠ ساڵە، بەڵام بێ پاراستن ماوەتەوە و لە لێواری لەناوچووندایە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- مزگەوتی گەورەی خورماڵ، یه‌كێكه‌ له‌ مزگه‌وته‌ دێرینه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و ده‌كه‌وێته‌ شارەدێی خورماڵ بە دووری ١٨کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە پەراویزخراوە لە لێواری لەناوچووندایە، ئەگەرچی چەندین جار داوای نۆژەنکردنەوە و پاراستنیشی بەرز کراوەتەوە.

 

مزگەوتەکە تا ئێستا هه‌شت جار نوێكراوه‌تەوە و هه‌نووكه‌ش وه‌ك وێرانه‌یه‌كی لێهاتووه‌، لەجیاتی ئەوەی بکرێتە شوێنێکی گەشتیاریی مێژوویی.

 

له ‌ساڵی ١٩٣٣دا مەلیکی یەکەمی عێراق سەردانی مزگەوتەکەی کردووە، پیرەمێردی شاعیری کورد، لە ساڵی ١٩٤١دا چووەتە مزگەوتەکە و لە شیعرێکیدا دەربارەی کردنەوەی مزگەوتەکە وتوویەتی:

   ده‌وری ئه‌سحابان سێ مزگه‌وت كران

   یه‌كه‌م له‌ نگڵ دووه‌م له‌ كرمان

   سێیه‌م له‌ خورماڵ سه‌رچاوه‌ی كوردان

 

مێژووی دێرینی مزگەوتی گەورەی خورماڵ

مزگەوتەکە، ناوەندێکی گرنگی زانستی و ئاینی و ڕۆشنبیری بووە لە کوردستاندا، دەربارەی مێژووی دروستبوونی مزگه‌وت و مناره‌ دێرینەکەی خورماڵ چەند سەرنجێک هەیە، هەندێک بۆ سه‌رده‌می حه‌سنه‌و‌ییه‌كان (٩٥٩-١٠١٥)ی زاینیی دەگەڕێننەوە،

 

بە پێی زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییە کۆنەکان وەک مێژوونووسی ڕۆژهەڵاتناس مسیر ابن مهلهل و میژوونووسی عەرەب، یاقوتی حەمەوی و ئەمین نەقشبەندی و پیرەمێردی شاعیر و چەندانی دیکە، مێژووی دروستبوونی دەگەرێتەوە بۆ فتوحاتی ئیسلامی و سەرەتای هاتنی سوپای موسڵمانان بۆ ناوچەکە لە ١٨ی کۆچیدا نزیکەی ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا.

 

ڕۆڵ و گرنگی پێگەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ

لە سەردەمی میرنیشە کوردییەکاندا وەک حەسنەوی و عەیارییەکان گرنگی زۆری پێدراوە وەک خوێندنگەی زانستی ئاینی بووە، لە سەردەمی عوسمانیەکاندا وەک قەڵغانی بەرگری فکیری لە دژی هەیمەنی شیعەگەری صەفەویەکان دانراوە، هەروەها مزگەوتەکە زانکۆیەک بووە لەو سەردەمدا دەیان و سەدان فەقێ و زانا و شاعیر و ئەدیبی بەهەرەمەند پێگەیاندووە.

 

یەکەم خوێندنگەی حکومی لەم مزگەوتدا بووە لە ساڵی ١٩٤٠دا شاکر فەتاح، بەرێوەبەری ئەو کاتەی خورماڵ و یەکەم مامۆستای خوێندنگەکە بووە.

 

ڕووبەر و پێکهاتەی مزگەوت و منارەکە

ڕووبەری مزگەوتەکە ٤٠٠ مەتر بووە، هەیوانێکی ٣ مەتری هەبووە و لای سەرەوەی مزگەوتەکە ٣ ژوور هەبووە بۆ خوێندن و حوجرە، دیوارەکانی لە بەرد و قصڵ دروستکراوە، هیچ جۆرە کەرەستەیەکی تری تیادا بەکارنەهاتووە، سەربانەکەی لە ٩ گومەزی گەورە دروستکراوە، دەرگا و پەنچەرەکانی لە داری توو و گوێزی هەورامانە.

 

لە بەردەم مزگەوتەکەدا حەوز و ئاو و شوێنی دەستنوێژ گرتن و حەمام و مردوو شۆر هەیە.

 

منارەی مزگەوتەکە لەسەر دەروازەی مزگەوتەکە دروستکراوە، بەرزی منارەکە ١٢ مەتر و هەشت پاڵووە لە ٥٤ چین خشتی سوری کاڵ دروستکراوە، ناوەوەی منارەکە لە ٣٠ پێپلیکانەی بە بەرزی ٣٠ سم، بەشێوەی پێچاوپێچ تا کۆتای منارەکە دروستکراوە.

 

"پێویستە شوێنەوارەکان بپارێزرێن"

خەدیجە عەبدولرەحمان، ئەندازیار و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکان و پاراستنیان لە فەوتان، دەربارەی پاراستنی مزگەوتەکە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: چەندین جار نوسراومان کردووە، بەڵام بێ وەڵامە، گرنگیدان بەم شوێنەوارانە زۆر پێویستە و دەبێت لەسەر شێوازە مێژوویەکەی نۆژەن بکریتەوە.

 

خەدیجە ئاماژەی بەوەشدا داوای نۆژەنکردنەوەیان بۆ وەزارەتی ئەوقاف بەرز کردووەتەوە، بەڵام لە وەڵامدا وتوویانە خێرخوازێک ئەرکی نۆژەنکردنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت.

 

ئەوەی پێویستە بوترێت، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، نە هاوڵاتی ئیستا لە خەمی شوێنەواردا نین و وردە وردە سامانە نیشتمانیەکان و مێژووی ناوچەکە بەرەو لەناوچوون دەچن.