بڵاوکردنەوەی ئینسایکلۆپیدیای کوردی ڕەنگەکان لەلایەن سەحەر موعەزی

ئینسایکلۆپیدیای ڕەنگەکان بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە کە دەرئەنجامی زیاتر لە ١١ ساڵ هەوڵی سەحەر موعەزییە، بە سێ زمانی کوردی، فەرەنسی و ئینگلیزی کۆکراوەتەوە و سەرچاوەیەکی تەواو و نایابە لە بواری ناسینی فەرهەنگی نەتەوەی کورد لە بواری ڕەنگ و دابونەریتدا.

ناوەندی هەواڵ

 

کتێبی "پازار" لە نووسینی سەحەر موعەزی، شاعیر و زانا و فەرهەنگناسێکی کوردی دانیشتووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستاەن، لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر چاپ و بڵاوکرایەوە.

 

کتێبی "پازار" ئینسایکلۆپیدیای ڕەنگەکانە بە زمانی کوردی، کە سەحەر موعەزی لە ماوەی ١١ ساڵ هەوڵدانیدا کۆی کردووەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان.

 

 ئینسایکلۆپیدیای ڕەنگەکان ناو و تایبەتمەندی زیاتر لە ٣٧ هەزار ڕەنگ لەخۆدەگرێت و سەحەر موعەزیش لەگەڵ زانیاری و فۆلکلۆر و دیاردەناسیی چوار پارچەی کوردستان، زمان و کولتوور و دابونەریتی کوردەکانی دانیشتووی میسر، ئەرمینیا، قەفقاز، سودان و لیبیاشی شیکردووەتەوە و بەکاریهێناوە، ئینسایکلۆپیدیاکەش گشتگیرترین ئینسایکلۆپیدیای بواری زانستی ڕەنگە لە سەرانسەری کوردستان و ئێران.

 

ئینسایکلۆپیدیاکە سەرچاوەیەکی تەواو و نایابە لە بواری ناسینی فەرهەنگی نەتەوەی کورد لە بواری ڕەنگ و دابونەریت و فەرهەنگ و سروشت و کار و ژیانی کورد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو شوێنانەی تر کە کورد هەیانە یەکلایی بووەتەوە، ئەم ئینسایکلۆپیدیایە بە سێ زمانی کوردی، فەرەنسی و ئینگلیزی کۆکراوەتەوە.

 

سەحەر موعەزی بەهۆی هەوڵە بێ ماندووبوونەکانی لە کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمە بەنرخەدا، وەک ئەندامی ناوەندی کورد پێن هەڵبژێردرا، کە یەکێکە لە لقەکانی پێن ئینتەرناشناڵ، هەروەها سەحەر جگە لە ئینسایکلۆپیدیای پازار، دوو بەرهەمی دیکەی لە بواری ئەدەب و شیعری کوردیدا بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ١١ بەرهەمی لە بواری گەشەی هزری منداڵاندا بڵاوکردووەتەوە.

 

جگە لەوەش سەحەر موعەزی هەوڵیداوە بەرهەمێک ئامادە بکات کە هەر کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت بتوانێت لە ڕێگەیەوە فێری ڕێنووسی کوردی بێت.