مەراسیمی ئاڵای قەڵەم لە هەورامان بەڕێوەچوو

مەراسیمی ئاڵای قەڵەم لە هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، بەشداربووانیش دەڵێن: ئەمڕۆ دەتوانین بە شانازییەوە بڵێین کە منداڵەکانمان بە زمانی دایکی و بە قەڵەم بۆ نەوەی خۆیان نووسیویانە.

سانیا مورادی

 

سنە- مەراسیمی ئاڵای قەڵەم، یەکەمین چالاکیی چیرۆکنووسینی منداڵان و گەنجانی هەورامانە، دوێنێ ٧ی تشرینی دووەم لە هۆڵی کۆمەڵگەی فەجر لە شاری سنە بەڕێوەچوو. ئەم بەرنامەیە بە سەرپەرشتی بیسارانی سنە و کۆمەڵەی ڕۆشنبیری هونەری باغچە گوڵاڵان و بە ئامادەبوونی ٤٤ بەشداربوو و دانیشتووانی قەڵەمی هەورامان ئەنجامدرا.

 

بەشداربووان منداڵ و گەنجانی ناوچەکانی ژاوەرود، لهۆن و هەورامانی تەخت بوون

 

بە گوتەی بەرپرسانی بەرنامەکە، مەراسیمی ئاڵای قەڵەم چەند ئامانجێکی هەیە، یەکێکیان پاراستنی زمانی دایک و هاندانی منداڵانە بۆ خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکی (هەورامی)، بۆ نزیککردنەوەی ئاماری کچان و کوڕان لە یەکتر و بۆ ئەوەی کچان ئارەزووی قەڵەم و نووسین بکەن، هەروەها دەرفەتی بەخشین بە دەڤەری ژاوەرود بۆ بەشداریکردن لەم بەرنامەیە، بەستنەوەی نەوەکانە بە یەکەوە، بەرپرسان و دادوەرانی بەرنامەکە پێیان وابوو لەگەڵ لەناوچوونی زمانی هەر نەتەوەیەک، ئەو نەتەوەیە لەناو دەچێت، پێویستە هەوڵی پاراستنی بدرێت و یەکێک لە هەوڵەکانیش دەبێت هاندانی منداڵان بێت بۆ خوێندنەوە و نووسین بە هەورامی، زمانی دایکی خۆیان، بۆ ئەوەی ڕێگری لە لەناوچوونی بکەن.

 

لەم بەرنامەیەدا باس لەوە کرا کە نووسین و خوێندنەوە بە زمانی دایک دەبێتە هۆی داهێنان و زیرەکی سۆزداری و متمانە بەخۆبوون لە منداڵدا، چونکە نووسین واتا خوڵقاندن، نووسین یادەوەری بەهێز دەکات و مەشقێکە لە ئازادیدا چونکە منداڵ هەرچی بیەوێت دەیخاتە سەر کاغەز . هەروەها بیرۆکە و بنیادنانی کارەکتەری داهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە منداڵاندا بەهێز دەکات. خۆدەربڕین تایبەتمەندییەکی تری نووسینە، زمانی دایکیش زمانی هەست و خەیاڵ و خەون و ئارامی و خۆشەویستی و چینەکانی منداڵ و زمانی ناسنامەی منداڵە. زمان چەند بەشێکی هەیە: گوێگرتن و قسەکردن، نووسین و خوێندنەوە، کە منداڵ تا تەمەنی شەش ساڵ دەتوانێت بیبیستێت و قسە بکات، بەڵام کاتێک دەچێتە قوتابخانە، ناچارە کولتوور و ناسنامە و زمانی خۆی بەجێبهێڵێت، قسەی لەگەڵ دەکرێت بە زمانێکی تر و گەورەترینیان ئازاری متمانە و کارەکتەری دەدات. بۆیە دەبێت ڕێگری لەم بابەتە بکەین و هانیان بدەین بە زمانی دایکی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە و ئەم بەرنامەیەش بۆ ئەم مەبەستە بوو.

 

لە مەراسیمەکەدا ڕێز لە دوو ژنی کاریگەری هەورامان بە ناوەکانی کەژاڵ بیگلەری و ڕەنگین گوڵشەنئارا، کە ماندوو بوون بۆ ڕێکخستنی ئەم بەرنامەیە، گیرا، ڕەنگین گوڵشەنئارا وتی: لەو ڕۆژەی لەگەڵ کەژاڵ پێکەوە ئەم بەرنامەیەمان پێشنیاز کرد، باوەڕمان نەدەکرد ڕووبەڕووی ئەم بەشدارییە زۆرە ببینەوە، ئەگەریش کەموکورتییەکیش هەبووایە، هیوادارم لێمان ببورن. سەرەتا سوپاسی کەژاڵ بیگلەری دەکەم کە بەرپرسی باخچەی گوڵاڵانە، کە وەک ماڵی باوانە بۆ ئەدەبی هەورامان و منداڵانی هەورامان و دەمەوێت دیارییەکی پێشکەش بکەم.

 

کەژاڵ بیگلەرییش وتی: ئەو ڕۆژەی باخچەی گوڵاڵان دەستی بە کار کرد، گوتمان منداڵەکانمان دەتوانن بە زمانی دایکی بخوێننەوە و بنووسن. ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەتوانین بڵێین منداڵەکانمان بە زمانی دایکی و بە قەڵەمی خۆیان بۆ نەوەی خۆیان نووسیویانە.

 

لە کۆتاییدا ڕێز لە کەسایەتیەکان و بەشداربووانی ئەم مەراسیمە گیرا و چیرۆکنووسان لەلایەن خەڵکی قەڵەمەوە ڕێزیان لێ گیرا.