دەرهێنەری فیلمی هێزا: ئامانجم بوو بەڵگە فیلمێک دروستبکەم تا شەنگال لەبیر نەکرێت

بەڵگەفیلمی "هێزا" چیرۆکی ژنێکی ئێزدی دەستی داعش دەگێڕیتەوە، کە دوای ڕفاندنی بۆ ڕەقە، خۆی ڕزگار دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ شەنگال و هەوڵی ڕزگارکردنی ژنانی دیکە دەدات، دەر‌هێنەری فیلمەکە دەڵێت: دوای ئازادکردنی ژنانی شەنگال دەبوو شتێک بکرێت کە شەنگال لەبیرنەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرنامەی ئەمڕۆی گزنگ لە پێشکەشکردنی ئەڤین نەسرین و لاڤین مەحمود، لە کەناڵی ئاسمانی ژن تیڤی، بە میوانداری دەرهێنەری فیلمی "هێزا"، دەریا دەنیز بەڕێوەچوو، ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەکرد کاتێک کە داعش لە ساڵی ٢٠١٣دا هێرشی کردە سەر شەنگال ئەو ڕۆژنامەنووس بووە، بەردەوام ئاگاداری دۆخی شەنگال بووە و کاریگەری کردووەتە سەری، باس لە دوای ئازادکردنی شەنگال دەکات و دەڵێت: دوای ئەوەی شەنگال ئازادکرا و ژنانی شەنگال دەگەڕانەوە و ئازاد دەکات، ویستم بچمە شەنگال و شتێک دروستبکەم کە دۆخی ژنانی شەنگال لەبیر نەکرێت، ساڵێک لە شەنگال مامەوە، ئەمەش بووە هۆکارێک کە بەڵگە فیلمی هێزا دروستببێت".

 

لە درێژەی بەرنامەکەدا دەریا دەنیز باس لە بەڵگە فیلمەکە دەکات و ئاماژەی بەوەدا هێزا لە گوندی دێگورا خانەسور، تل ڕەفعەت لە شەنگال و تەبقا و ڕەقا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وێنەگرتنی بۆ کراوە و ماوەی ساڵێکی پێچووە، لە ئێستاشدا لە فێستیڤاڵدایە و توانیویەتی ئاستی باش بەدەستبهێنێت، وتیشی: ئامانجمان ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵکوژی و قڕکردنەی لە شەنگالدا ڕوویدا بە جیهانی بناسێنین و تەنها لە ناوخۆدا نەمێنێتەوە.

 

 

ناوەڕۆکی بەڵگە فیلمی "هێزا"

بەڵگەفیلمی "هێزا"، لە دەرهێنانی دەریا دەنیز، چیرۆکی ژنێکی ئێزدی دەگێڕێتەوە بە ناوی هێزا، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال لەگەڵ ٢٤ ئەندامی خێزانەکەیدا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێنراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و توندوتیژی بووەتەوە، بەهۆیەوە چەندین جار هەوڵی خۆکوشتن دەدات، تا دواتر لە ڕێگەی خێزانێکی کوردەوە ڕزگاری دەبێت و ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە بۆ شەنگال.

هێزا دوای گەڕانەوەی بۆ شەنگال بەشداری یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە دەبێت و هەوڵی تەواو بۆ ڕزگارکردنی ژنانی دیکەی ئێزدی دەدات لە دەستی چەتەکانی داعشدا و بە لەشکرێکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەقە.

 

بەرنامەی گزنگ، بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی هەفتانەی کەناڵی ئاسمانی ژن تیڤییە، هەموو ڕۆژانێکی یەکشەممە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی بە کاتی هەولێر لەلایەن ئەڤین نەسرین و لاڤین مەحمودەوە پێشکەش دەکرێت.

 

لەم لینکەوە دەتوانن بینەری تەواوی چاوپێکەوتنەکە ببن لە بەرنامەی گزنگدا:

 

لینکی ڕیکلامی بەڵگەفیلمی هێزا: